بەڵگەنامەیەکی مێژوویی گرنگ

سامان عەلی حامید
  2023-09-01     434

لە ژمارەی (٤٥٢)ی ساڵی سێیەمی ڕۆژنامەی (الوقائع العراقیە)دا، کە لە ڕێکەوتی ڕۆژی ١٠ی کانوونی یەکەمی ساڵی١٩٦٠دا بڵاو کراوەتەوە، " لیژنەی یەکی دەست بەسەرداگرتنی سلێمانی" بڕیاری دەرکردووە دەست بەسەر ئەو زەوی و زارانەی میراتگرانی شێخ مەحموودی حەفیددا بگرێت، کە ئەوپەڕی ڕادەی ڕێپێدراوی یاسایی خۆیان تێپەڕاندووە.
لە بڕیارەکەدا بە هەزاران دۆنم لە زەویی دێم و بەراو گەڕێنراونەتەوە بۆ حکومەت، جێی باسە بەشی شێری ئەو زەوی و زارانە بە میرات بۆ شێخ لەتیفی کوڕی شێخ مەحموود ماونەتەوە، بە جۆرێک بۆ نموونە لە پارچە زەویی ١ لەسەر ٣٧ کە ڕووبەرەکەی ١١٧٩ دۆنم و ٤ ئۆلک و ٥٤ مەترە و لەلایەن ئەو لیژنەیەوە لە پارچە زەویی ژمارە ٣٧ی کەرتی ٥٤ی گردەبۆر/سەرچنار لە ناوەندی شاری سلێمانی جیاکراوەتەوە و کۆی ڕووبەرەکەی ٢٠٣٣ دۆنم و ٧ ئۆلکە، بەشی شێخ لەتیف ٦٩٨٤ بەشە لە کۆی ١١٨٥٦ بەش.
لە شوێنێکی تردا باسی کەرتی ٤١ی بیبیجەک وەیسی لە بازیان لە ناوەندی شاری سلێمانیدا هاتووە، کە کۆی ڕووبەرەکەی ٣٦ دۆنمە و جۆری موڵکەکە میریی و بەراوە. لەناو  ئەو کەرتەدا پارچە زەوییەک هەیە بە ڕووبەری ٤١ مەتر و نیو لە جۆری موڵکی تایبەت و کارێزێکی تێدایە.
بەداخەوە لە کاتێکدا کە کوردانی هەشبەسەری باشووری کوردستان لە بنەماڵەی شێخ مەحموود چاوەڕوانیی ئەوەیان هەبوو دەوڵەتیان بۆ چێ بکات، ئەڵێی هیچ خەم و سەرقاڵییەکیان نەبووە خاوەندارێتی زەوی و زار نەبێت.
بە بڕوای من، نموونەی ئەم ڕێ و شوێنە یاساییە زێڕین و نیشتمانییانە کە حکومەتی عەبدولکەریم قاسم (وێرای هەموو کەموکووڕییەکانی) لە تەواوی ناوچە جیاجیاکانی عێراقدا بەبێ جیاوازی بۆ بەرژەوەندیی گشتی و گەڕاندنەوەی مافی گشتی گرتنییە بەر، هەم جارێکی تر دووبارە نابنەوە و هەمیش پاڵنەری ئەو دژایەتی کردنە بوو کە لەدواییدا ناوەندە خێڵەکییەکان دژایەتیی حکومەتەکەیان کرد و هەنگاوەکانی ڕووخاندنیان خێراتر کرد.
با لەبیرمان نەچێت، لەدوای شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ساڵی١٩٥٨، سەروەختێک عەبدولکەریم قاسم ڕێگای دا بە گەڕانەوەی مستەفا بارزانی لە ڕووسیاوە بۆ عێراق، لەپاش ئاوارەییەک کە دوانزە ساڵێکی خایاند، بارزانی چووە ماڵی شێخ لەتیفی شێخ مەحموود لە سلێمانی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×