یاداشتی سەدو دە لێخۆری هەرێم بۆ بەغدادی بێ چارە

ناسر حەفید
  2024-01-28     736

روناکبیران دەیانەوێت عێراق دایبییەکەی هەرێمیان بۆ بگۆڕێت

ئێران موشەکی نە ناوە بە سمکۆی شوکاکەوە

دوای بۆردومانەکەی هەولێر لە لایەن ئێرانەوە ١٦/٠١/٢٠٢٤ شەوەکەی، ژمارەی ١١٠ نوسەرو روناکبیر (بە قسەی خۆیان) لە سلێمانی لە بەردەمی بارەگای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کۆ بونەوەو یاداشتێکیان ئاراستەی بەغداد بۆ خۆیان خوێندەوە. بۆردومانەکە بە موشەک لە لایەن ئێرانەوە بە تایبەت رووی کرابووە کۆشکوسەرای یەکێک لەو پارەدارانەی کە ئێران بە کەسێکی دەست تێکەڵاوی دەزانێت لە ناردنی نەوتی هەرێمدا بۆ ئیسرایل. ئەمە بیانووە یان راستیی ئەوە بە جێگەی خۆی.

ژمارەیەک لەو ئەندام و سودمەندانە لە پیسخۆریی هەرێم گیڤ بونەوەو وایان هزراند کە ئەمە هێرشە بۆ سەر خاکی کوردستان و گەلەکەی. بەڵام راستییەکەی ئەمە ئاکامی چالاکیی تاڵانکردن و بە مەڕمیللەتکردنی گەلی باشورە لە لایەن تاقمێکەوە بە ئاشکرا. نامۆ نیە رو بدات لایەنەکانی چالاکیی مافیایی لە ناو خۆیاندا تێک بەر ببن. ئەم روداوەی هەولێریش کە موشەکی ئێران روی کردۆتە هەولێر، نە نراوە بە سمکۆی شوکاکەوە. هیچ پەیوەندییەکی بە خاک و خەڵکەوە نیە. دەستەڵاتدارانی هەرێمیش دەبێت بە ئامۆژگاریی و گوێڕاکێشان وەری بگرن. کاتێک کە دەستەڵاتدارانی هەرێمیش بێ دەست و دەم بن، دیارە دەبێت کلکەکانیان بکەوونە جوڵە.

لە بنەڕەتدا حکومەتی هەرێم قەوارەیەکی سیاسیی نیە. وەکو پێشتر رونم کردۆتەوە، بابەتی ماددەی ١٤٠ و ناوچەی جێناکۆک، لە راستییدا ماددەی چەواشەکاریی و ناوچەی وازلێهێنراون. حکومەتی هەرێم وەکو حیزبەکان خۆیان دەڵێن: "دەستکەوت"ە. ئەم دەستکەوتەش بریتیە لەوەی کە دوای روخانی رژێمی سەددام حوسەین ئەو ناوچانەی ژێر دەستەڵاتی هەردوو پارتەکە یەکێتی و پارتی درایە دەستیان بۆ کۆنترۆڵکردنیان. ئەوانیش هەر لە تاڵانیی سەدی بەخمەوە هەتا سەیارەدزین، ئامێرکردن بە ئێراندا، موڵک داگیرکردن و هەتا تاڵانیی نەوت و بازرگانیی لەگەڵ داعشدا کەمیان نە کردووە. زو زوش بە دەمی خۆیان هاوار دەکەن کە ئەمە ئەزمۆنە، دەستکەوتەکەیان لە دەست نەچێت!

بێگومان ژمارەیەکی باش لە رێگای بوون بە ئەندامی پەڕلەمانی کارتۆنیی، وەرگرتنی پۆست، پشکی بازرگانیی، ئەفسەری فەل و بندیوارییەوە لەم دەستکەوتەدا بەشدارن. بۆیە ئەو یاداشتەی کە ١١٠ کەس لە سلێمانی رۆژی ٢٢/٠١/٢٠٢٤ بەم بۆنەیەوە ئاراستەی کاربەدەستانی بەغدادیان کرد، هیچ هەڵوێستێکی سیاسیی و وڵاتپارێزیی ناگەیەنێت. بە پێچەوانەوە، ئەم کەسانە بەم هەڵوێستەیان تەنها ئەوە دەر دەخەن کە پارێزگارو راگری پیسخۆریین لە هەرێمدا، ئەمە بە هەموو ئەو رەخنەو دژایەتییە ناڕاستەیانەوە بەرانبەر بە دەستەڵاتی هەرێم کە پیشانی جەماوەری دەدەن و خۆیانی پێ خەڵکاویی دەکەن. ئەگینا ئەگەر راستیان دەکرد لەم کاتەدا کە شکۆی مامۆستایان و موچەدارانی تیادا دەشکێت و خوێندنیش لە کار کەوتووە، رەوایی دەستەڵاتی هەرێمیان دەخستە ژێر پرسیارەوە. بەڵام ئەوان هەرگیز دەستەڵاتی لێخۆری خۆیان نەخستۆتە ژێر پرسیارەوە، هیچ مەرجێکیان بۆ دا نە ناوە و هەتا دێت رەهای دەکەن. بە پێچەوانەوە، کاتی هەڵبژاردنەکان هانی جەماوەر دەدەن بۆ دەنگدان و رەواییدانەوە بە دەستەڵاتە لێخۆرەکەیان. مرۆڤ وای دێتە بەر چاو کە سودمەندان هوشیارییان نیە دەربارەی رێگای چوونە سەر چارەسەر. بەڵام لە راستییدا سودمەندان سەریان لە تورەکەی لێخۆرییدایە نە خاک دەبینن نە خەڵک. ئەوان ئیشیان بەوە نیە دو کەڕەت دو بکاتە چوار. بەڵکو بکاتە ئەوەندەی کە بەرژەوەندییەکی تیادا بێت بۆ ئەوان. بۆیە هەمیشە وەکو بەلەمی کاغەز دەبینرێن رووەو دەستەڵاتی براوە مۆڵ بخۆن.

سەدو دە روناکبیرو نوسەر لە جیاتی ئەوەی دەستەڵاتی خۆماڵیی بخەنە ژێر پرسیارەوە، دەچن یاداشتێک و داواکاریی ئاراستەی "سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقی فیدراڵ" و لایەنەکانی دی عێراق دەکەن کە بێن دایبییەکەی حکومەتی هەرێمیان بۆ بگۆڕن. ئاخر خۆ ئەمە یەکەم قەباعەتیان نیە. یاداشت و داواکارییەک کە لە بەغداد ناچێتە ناو تەنەکەی خۆڵیشەوە. مەگەر رەنگی سوری بکەن بۆ سەرۆک کۆمار لە ماڵەوە تەمرینی بەسەردارۆشتنی لەسەر بکات.

ئەگەر لە لیستەکە ورد ببیتەوە، دەبینیت بە زۆرینەیەکی بەرز لیستێکی لێخۆرانی دەستەڵاتی پارتەکان پێک دێنن. هەموویان موگناتیزێک رای کێشاون. لە یاداشتەکەیاندا ژمارەکانی هێرش و پێشلکارییەکانی هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیایان خستوونەتە بەر چاو کە خۆیانی پێ دەخەنە ژێر پرسیارەوە. ئەی ئێوە بە درێژایی ئەو هەموو تاوانانە لە کوێ بوون؟ دو وڵات کە پارتەکان وەکو فڵچەی سەیارە ئەم لاو ئەو لای تیادا دەکەن.

ئەم سەدودەیەش وەکو ئەو مامۆستایانەی کە سەر دەکەن بە کۆشی بەغدادا، بە روکردنە عێراقیان پەردە دەدەن بە سەر هۆکاری ناهەموارییەکاندا کە دەستەڵاتدارانی هەرێم و خۆیانن. ئەگینا ئەگەر هەتا بینەقاقایان لە قوڕ دایە، دڵنیا بن بە بڕگەهێنانەوەی یاسایی بۆ عێراق دەر نایەنەوە. خەڵکێک خاکەکەی فرۆشتبێت بۆ کۆشک و ئاڵتون، هیچی نابێت لەسەری را بووەستێت، بای دەیبات.

 

لینکی یاداشتەکە:

https://www.awene.com/detail?article=101414

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×