موچەخۆران سودمەندانن نەک مامۆستایان و فەرمانبەران: موچەخۆر یان موچەدار؟

ناسر حەفید
  2024-02-02     371

گرنگە کە برەو بە زمان بدرێت، وشە مانای خۆی هەبێت و راست بە کار بێت. لەم سۆنگەیەوە پێم وایە وشەی "موچەخۆر" شیاو نیە بۆ ئەو کەسانەی کە ئیش دەکەن و موچە وەر دەگرن. بۆ؟

لە پێشدا دەگەڕێمەوە بۆ واتاکردنی موچە. وەکو لە وتارێکی پێشووتردا نوسیوومە:

"موچە هەقی ئیشێکی پێویستە لە بازنەیەکی کۆمەڵایەتییدا."

ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو کەسەی موچە وەر دەگرێت کەسێکی توانادارو وزەدارە کە تواناو وزەکەی دەخاتە ئیشەکەیەوە. کەواتە، موچە فۆرمێک یان شێوەیەکی وزەو توانای کەسەکەیە کە دەچێتە قاڵبی سیمبۆلێکی وەکو پارەوە. بۆیە موچە کە فۆرمێکی تواناو وزەی کەسەکەیە ئەمیش وەکو توانادارو وزەدار خەسڵەتی "دار" نەک "خۆر" وەر دەگرێت. لێرەدا دەبینین کە موچە دارە نەک خۆر.

بەڵام موچە و "خۆر" هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆ و نەپساویان نیە بە یەکەوە. زاراوەکە ئەوە پیشان دەدات کە کەسێک سەربەست هەیە و پارەیەکیش هەیە کە کەسەکە دەیخوات. واتە، کەسەکە "دار" نیە بەڵکو "خۆر"ە. ئەگەر ورد ببینەوە لە زاراوەکە دەبینن کە لە ریزی ئەم زاراوانەیە:

مشەخۆر، پیاوخۆر، زۆرخۆر، سوێندخۆر، شڕەخۆر، پیسخۆر..هتد ئەمانەش بە گشتیی دو خەسڵەتیان تیادا دەبینرێن:

١. شتێک هەیە دابڕاو لە کەسەکە کە کەسەکە دەیبات بۆ خۆی. بۆ نمونە تەماشای ئەم دو رستەیە بکە:

ئاراس باڵخۆرە، تەنها باڵی باڵدار دەخوات.

موچەخۆران هەقی موچەداران دەخۆن.

٢. بە گشتیی ئەم زاراوانە گوزارشت لە دیاردەی نەرێنیی دەکەن.

بەڵام بە پێچەوانەوە، پاشگری "دار" دەچێتە سەر ئەو وشانەی کە:

١. شتێک پیشان دەدەن کە هەبوونن و دابڕاو نین لە کەسەکە. وەکو ساماندار، باڵدار، شاخدار، سەردار، مەڕدار، مایەدار، توانادار، وزەدار، پرشنگدار...هتد.

٢. بە گشتیی پاشگری "دار" ئەو زاراوانە پێک دەهێنێت کە گوزارشت لە دیاردەی ئەرێنیی دەکەن.

زاراوەی "موچەخۆر" کەی و چۆن دروست بووە، مرۆڤ نازانێت. بەڵام بە پێکهاتەکەیدا دەر دەکەوێت کە کۆمەڵگا چاوێکی نەرێنیان هەبووە لەسەر ئەو کەسانەی موچەیان پێ دراوە. ئیتر نازانرێت لە کاتی خۆیدا کە ئەم زاراوەیە هاتۆتە کایەوە، رەوشی موچە چۆن بووە؟ بەڵام بە گشتیی ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە موچە هەموو جارێک ئەو واتاکردنەی سەرەوەی نەگرتۆتەوە کە هەقی ئیشێکی پێویستی کۆمەڵایەتیی بێت، بەڵکو دەستەڵاتدارەکان هەر لە زەمانی ئینگلیزەکانەوە هەتا ئێستا موچەیان بە گشتیی بۆ کۆیلەکردن یان سودمەندیکردنی کەسەکە بە کار هێناوە. دیارە ئەمە لە سەردەمێکدا بووە کە ئابوریی وڵات لە نەهاتدا بووەو ژیان کوێرەوەریی بووە. لە ژێر سایەی دەستەڵاتی هەرێمیشدا کە کۆمەڵگا لە ناهەموارییدایە موچە بۆتەوە بە ئامرازی کۆیلەکردن و سودمەندیکردن. ناوەڕۆکی ئابوریی و کۆمەڵایەتی خۆی لە دەست داوە کە بەرانبەر بە ئیشی پێویست بێت و لە بازنەیەکی کۆمەڵایەتییدا جوڵەی ئابوریی و کۆمەڵایەتیی بخاتە ناو کۆمەڵگاوە. ئەمەش بە مەبەستی خۆی گەشتووە کە گەندەڵکردنی کۆمەڵگایە وەکو دەستەڵات خۆی مەبەستی بووەو ناوی بۆ دا ناوە.

لەگەڵ ئەوەدا کە کۆمەڵگا هەڵ وەشاوە، ئیشی مامۆستایان و فەرمانبەران گەندەڵییان تێ کەوتووەو دەوری تەواوی خۆیان نابینن، بەڵام فەرمانبەران و مامۆستایانی ئاسایی موچەخۆر نین، بەڵکو موچەدارن. موچە هەقێکی نەپساوی بە خۆیانەوە هەیە.

موچەخۆر بندیوارانن کە هەقی موچەداران دەخۆن. موچەخۆر ئەو کەسانەن کە بە ناوی ئەفسەری فەلەوە، پۆستی بێ بەرهەمەوە، پەڕلەمانی کورسی پڕکەرەوەوەو وەزیری شەترنجەوە موچە دەخۆن. ئاخر خۆ موچە گەزۆ نیە لە ئاسمانەوە ببارێت. پارە فۆرمێکی تواناو وزەی کەسانی ترە کە موچەخوران بە هەوانتە دەیخۆن.

ئیتر ئەمە لەسەر مامۆستایان و فەرمانبەران خۆیان دەوەستێت کە زاراوەی "موچەخۆر" یان "موچەدار" بە خۆیان دەبڕن. چونکە زۆر جار کە دیاردەیەکی لەم جۆرەم خستۆتە رو، وەکو ئەوە وا بووە کە قسە بۆ دیوار بکەم. بەڵام گومانم لەوە نیە کە جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوانی ئەوەدا کە کەسێک موچەخۆر بێت یان موچەدار.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×