خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی بەرەو کوێ مل ئەنێ؟

ئەحمەد هەورامی
  2024-02-01     134

ئەمڕۆ گەلی کورد لە ھەرێمی کوردستاندا بە قۆناغێکی ئاڵۆز و ھەستیاردا تێدەپەڕێت لە ئەنجامی نەبوونی نەخشە ڕێگایەکی ستراتیژی ڕوون بۆ دواڕۆژی ئەم ھەرێمە.
کە دووچاری کێشەی زۆر بووەتەوە بەھۆی بەردەوامی قەیرانی سیاسی و ئابووری و دارایی و گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری و بێکاری و مووچە و دەرمان و بە ھەدەردانی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە بە ڕادەیەک پرسیاری خستووەتە سەر سێکتەرەکانی ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەگشتی.
سەرەڕای ئەم بارودۆخە تاڵە مرۆڤی کورد لە سێبەری حوکمڕانیەکەیدا تووشی ھاتووە، لە توانایدا نەماوە بەرگەی ئەو بێبایەخکردنە بگرێت ، کە دەستەبژێری بنەماڵە، دەسەڵاتدارەکان بەسەریەوە پیادەی دەکەن، دەسەڵاتی کوردی بە ھەڵبژاردنی وەک چاوبەسکێک بۆ مانەوەی لە دەسەڵات و درێژەدان بە پاوانکردنی پشتی پێ دەبەستێ و توانیویەتی لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا ببنە ملیاردێر و خاوەن کۆشک و تەلار و فێلای وڵاتان و گوزارانێکی شاھانا، لە بەرامبەریشدا خەڵکی کوردستان لە خراپترین دۆخدا ژیان دەگوزرێنێ . ئەم دۆخە لە و جیاوازییەی گوزاراندا ، پشت بەستن بەو ئیحتکارکردنەی دەسەڵات لە ستمێکی سیاسی سەرنەکەوتوودا قەوارەی ھەرێمی کوردستانی خستووەتە دۆخێکی مەترسیدارەوە.بەھۆی ئەو کێشانەی تووشی حوکمڕانی ھەرێمی کوردستان ھاتووە ، ھاوڵاتی کوردی و ستراتیژی نەتەوەیی بەشێوەیەک بێ بەھا کردووە کە دەرفەتی پاراستنی دەستکەوتە دەستوریەکانی گەلەمان بەرەو نەمان بردووە.
زۆرجار لە کۆمەڵگا سیاسیەشکستخواردوەکاندا، بازرگانە سیاسیەکان بەھەرنرخێک بێت مۆنۆپۆلی دەسەڵاتیان کردووە و خەریکی چنینەوەی دەستکەوتەکانن ، ئەو جۆرە سیاسیانە ھەمیشە لە بۆ سەدان بۆ سوود وەرگرتن لەھەرئاڵوگۆرێکی سیاسی یان تەنگەژەی ئابووری پشت لە داخوازیەکانی کۆمەڵانی خەڵکی دەکەنەوە، بەھۆی قەیرانەکانەوەتوانای ڕووبەروبونەوەی ئەم دۆخەیان نیە وەک ئێستا لەکوردستاندا دەبینین دەسەڵات ھەر لەسەرەتاوە بۆ مانەوەی خۆیان پێویستیان بە کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو بێ زانست و زانیارییە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی کۆیلە و دواکەوتوو و نەفام بەرھەم بێنێ.
ئەو بێ باکیەی حکومەت بۆ چارەسەرنەکردنی کێشەی مامۆستایان و بەدەنگ نەھاتنیان بەشێکە لە بەرنامەی ئیفلیج کردنی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و بەدیھێنانی کۆمەڵگایەکی بێ توانا و بێ بەرپرسیار و بێ ئاگا لە ماف و ئەرکەکانی.
لەم بارودۆخە نەخوازراوەی کە بەسەر پەروەردە و فێرکردندا ھاتووە لە ھەرێمی کوردستاندا بە ڕادەیەک ھێندەی کاریگەری نێگەتیڤی بەسەر تواناو بیرکردنەوەی مامۆستا دروست کردوە نەک دۆخی پەروەردەی خستووەتە دۆخی چەق بەستووەو بەڵکو لە ھەندێ حاڵەتدا پاشەکشەو گەڕانەوەی بەخۆوە بینیوە.
لە کاتێکدا دەبینین کە فەرمانبەران و مامۆستایان و خانەنشینان مووچەیان لەکاتی خۆیدا وەرناگرن و حکومەت چەندەھا مووچەیان پاشەکەوت کردووە ، دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و بەرزنەکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و جێبەجێ نەکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە (٩ی ساڵی ٢٠١٤) لەھەرێم کە بەپێی یاسا جێبەجێ کردنیان لە ئەستۆی حکومەتی ھەرێمە، ئەمەش نیشانەی شکستی حکومەتە و بێ توانای ئیرارەدانی دەوڵەتە.
نارەوایە کە ڕووی بەرپرسیارێتی ئاڕاستەی مامۆستا بکرێت کە تەنھا مامۆستایان ئاستەنگ و لەمپەرن لە بەردەم کردنەوەی قوتابخانە و خوێندنگاکان: ستەمێکی گەورەیە وا ببینرێت کە داخوازی مامۆ.ستا تەنھا مووچەیە ! بەڵێ مووچە بژێوی ژیانە ، بەڵام ئاسودەیی دەروونی مامۆستایان بەشێکی گرنگی دروستبوونی کەسیەتی و توانا و کارامەیی مامۆستا بە دەستەبەرکردنی مووچە ناێتەدی ، بەبێ دڵنیابوون لە تەواوی مافەکانیان و دەستەبەرکردنی ھەمووپێداویستەکانی ژیانیان کە ئەرکی سەرشانی حکومەتە.
ئێستا دەبینین خەباتی مامۆستایان بۆ داوای مافە ڕەواکانیان لە دامەزراندن بەرزکردنەوەی مووچە و پێدانی مووچەلەکاتی خۆیدا بەردەوامە.
خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی ئامانجی داڕمانی پەروەردە نیە. ئەرکی گرنگی ئەوان دوای نسکۆ دێتە مەیدان و سەرەتای ھەستانی پرۆژەی سیاسی مامۆستایان دەست پێدەکات. لە داواکردنی دامەزراندن و بەرزکردنەوەی مووچە و پێدانی مووچە ،بە ئاڕاستەیەکی تردا ئەڕوات ، ئەوکاتە دەسەڵاتی حوکمڕانی دەباتە قۆناغێکی نوێ ، قۆناغی ڕزگاری لە ناعەدالەتی و ستەم و بێ مافی کە دەیان ساڵە پەنگی خواردوەتەوە لە دەروونی خەڵکی کوردستاندا دەست پێدەکات. ئیتر شۆڕشی سپی  مامۆستا بەردەوام دەبێت و پێویستی بە پشتیوانی ھێز و چین و توێژەکانی گەل ھەیە . کە ئەمرۆ دەبێن کۆمەڵێکی بەرچاو لە فەرمانبەران و کاسبکاران و رۆشنبیران و پارێزەران و ئەندام پەرلەمان و مامۆستای ئاینی و توێژی تر ھاتوونەتە مەیدان، داواکاری مامۆستایان بووەتە داوای ھەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان . لەپێناو ھێنانەدی مافە کانیان.
لەم قۆناغەدا ئەرکی مامۆستایانە بە پڕۆژەیەکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی پێشڕەوی خۆپیشاندانەکان بن ، داوا و دروشمەکانیان لە مافە پیشیەکانیانەوە بگۆرن بۆ (( دەسەڵاتێکی عەدالەت خوازو ھێنانەدی مافەکان گەل و دادپەروەری کۆمەڵایەتی)).
ئەم خەباتە پێویستی بە ھاوبەش ھەمووتێکۆشەرانە، بۆ تێپەراندنی ئەم قۆناغە سەختە و ئاڵۆزە، پێویستی بە ئامادەکردنی زەمینەیەکی لەبارە بۆ چارەسەری کێشەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەرکی ڕاستەقینەی گشت ھێز و لایەنە نیشتمانپەروەرو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و کەسانی دڵسۆز و نوخبەی سیاسی ئۆپۆزۆسیۆنەکانە، بەشێوازێکی دروست خاڵە ھاوبەشەکان بکەن بە بنەما بۆ ڕێکەوتنێکی ھەمولایەنە لە ھاوپەیمانیەکی فراوان، بەتایبەتی بۆ دروست کردنی (لیستێکی یەکگرتوو بۆ کاندیدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان) بۆ ڕزگارکردنی گەلی کوردستان لەم بارودۆخە ئاڵۆزو دژوارەی کەئێستا بە رۆکی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی گرتووەتەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×