پلانی ستراتیجی زانکۆی گەرمیان

د. شێرکۆ نه‌ریمان سوبحان
  2024-02-02     187

ڕاگری کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان

 

بە بێ شیکاریکردن و تاوتوێکردنی پێشوەختەی هۆکارەکانی ناوەوە و دەرەوەی زانکۆ، و ئینجا دەست نیشانکردنی چارەسەری گونجاو بۆ ئاڵنگارییەکان، ئاستەمە بتوانرێت پلانی ستراتیجی بۆ سێ ساڵی داهاتوو دابنرێت. یەکێک لە گرنگترین شیکارییەکان کە لە جیهاندا کاری پێ دەکرێت، بریتییە لە شیکاری سوات (SWOT analysis) (بە-لا-هە-ئا)، واتا (بەهێزی- لاوازی- هەلەکان- ئاڵنگارییەکان). لە شیکاری سواتدا، بەزۆری خاڵە لاواز و بەهێزەکانی هۆکاری ناوەوەن، وە (هەل)ەکان و ئاڵنگارییەکان دەرەکین، بەڵام سەرسوڕمانانە، هەل و ئاڵنگاری لە ناوەوەی زانکۆ هەیە. 

وا لە خوارەوە شیکارییەکی کورتی سوات دەکەین بۆ زانکۆی گەرمیان، بەمەبەستی دانانی پلانی ستراتیجی سێ ساڵی داهاتوو بۆ زانکۆی گەرمیان. 

 

خاڵی بەهێز (Strength):

زانکۆی گەرمیان خاوەنی سەرچاوەی مرۆیی و داهاتی تا ڕادەیەک باشە.

١- لە زۆربەی بەشەکانی زانکۆی گەرمیان (جگە لە کۆلێجی پزیشکی) خاوەنی ژمارەیەکی زۆری مامۆستا و فەرمانبەرە.

٢- خاوەنی کەمپی خۆیەتی کە هەر بەشێک بینای خۆی هەیە. جگە لە کۆلێجی پزیشکی کە بینایەکەی لەبنەڕەتدا بۆ تاقیگە دروستکراوە نەک بۆ هۆڵی خوێندن، کەچی تاقیگەشی نیە، هەروەها نەخۆشخانەی فێرکاریشی نیە. 

٣- داهاتی زانکۆی گەرمیان بە گوێرەی خۆی لە ئاستێکی باشدایە، کە ساڵانە ڕەنگە بگاتە نزیکەی دوو ملیار دینار. 

 

خاڵی لاواز (Weakness): 

لاوازی بەڕێوەبردنی زانکۆ و کۆلێج و بەشەکان، ئەمەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ: 

١- لاوازی سیڤی تاڕادەیەک خاڵی لاوازییە پەیوندی بە ناوەوەی دامەزراوەیی زانکۆ هەیە، کە زۆرینەی بەرپرسانی ناو زانکۆ دوور لە هەڵسانگاندنی سی ڤی کەسی لە پۆست دادەنرێن. ئەمە لە لوتکەی هەرەمی پەیکەری زانکۆوە بۆ خوارەوەی پەیکەری زانکۆ بەزۆری وایە. بۆ نموونە، لە ناو زانکۆدا، مامۆستا هەیە، لە ڕووی زانستی و خزمەت و زمانی ئینگلیزی و کۆمپیوتەرەوە، سی ڤی لە هەموو زانکۆ باشترە، کەچی هیچ پۆستێکی کارگێڕی نیە، بە پێچەوانەشەوە هەر ڕاستە.

٢- نەبوونی پلان لە دابەشکردنی داهاتی زانکۆ، کە دەبێت بە دادپەروەری لە کۆلێجەکان خەرج بکرێت، خاڵێکی تری لاوازی زانکۆیە. بەشە زانستییەکان و کۆلێجی پزیشکی پێوستی زیاتر بە خەرج کردن هەیە.

٣- نەبوونی پلان بۆ دابەشکردنی فەرمانبەران بە دادپەروەری لە نێو کۆلێجەکان. ئەم خاڵە لاوازە پەیوەندی بە دەسەڵاتی کارگێڕیی و یاسایی سەرۆکایەتی زانکۆوە هەیە. 

٤- نەبوونی پلان بۆ بەهێزکردنی لایەنی زانستی و ڕۆشنبیریی و فێرکردنی زمانە جیهانییەکان بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران. 

٥- نەبوونی پلانی دادپەروەرانە بۆ دابەشکردنی بینا و هۆڵەکانی خوێندن و کارگێڕیی و ژووری مامۆستایان بۆ کۆلێجەکان، بە جۆرێک کۆلێجی وا هەیە زۆرترین هۆڵی خوێندن و کارگێڕیی هەیە. کەچی لە کۆلێجی وا هەیە مامۆستاکانی ژووریان نیە بۆ دانیشتن. کافتریا نیە بۆ پشوودان. 

٦- نەبوونی پلان بۆ بنیاتنانی نەخۆشخانەی فێرکاری بۆ کۆلێجی پزیشکی، کە ئەمە گرنگترین پرۆژەیە بۆ دروست کردنی کاریگەریی زانکۆ لەسەر کۆمەڵگە. گەورەترین خاڵی لاوازی زانکۆیە کە تا ئێستا نەیتوانیوە بەرەو پێشی ببات. 

٧- یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی زانکۆ، نەزانینی زمانێکی تری وەک ئینگلیزی یان عەرەبی، بەو پێیەی زۆرترین سەرچاوە بەو دوو زمانەیە. بە تایبەتی زمانی ئینگلیزی ئێستا بووە بە زمانێکی یونیڤێرساڵ. 

٨- نەبونی ئاگایی لە کلتورو ڕۆشنبیریی زانکۆ لە شارەکانی ترو دەرەوەی ووڵات، خاڵێکی تری لاوازی زانکۆیە، کە ئەمە بە ئیفاد و گەشت و گەڕان ناگاتە ئەنجام، بەڵکو بە گۆڕینەوەی ستاف و خوێندکار و فێربوونی زمان و تێکەڵاوبوونی شار و وڵاتانی ترەوە دەبێت. 

 

هەلەکان (Opportunities):

زانکۆی گەرمیان دەتوانێت ئەم هەلانە لە دەست خۆی نەدات:

١- دانانی سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەر و ڕاگر و سەرۆک بەش و بڕیاردەر و بەڕێوەبەرەکان، بە جۆرێک بێت کە سی ڤیان لە هەموو کەسێک لە ناو زانکۆ بەهێز تر بێت. 

٢- هەوڵدان بۆ زیادکردنی داهاتی زانکۆ و خەرجکردنی بە شێوەی دادپەروەرانە. دەکرێت زانکۆ پرۆژەی کشتوکاڵی و ئەندازیاری و ڕۆشنبیری و ئاژەڵداری و وەرگێڕان و پزیشکی و تاقیگەیی هەبێت، بۆ بەدەستهێنانی داهات و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی، لە ڕێگەی توێژینەوە و کردنەوەی خول و دیداری زانستی بۆ ئەو پرۆژانە، هەروەها لەڕێگەی کردنەوەی هۆبەی تایبەت بۆیان کە سەر بە سەنتەری توێژینەوە بن. دواتر بە دادپەروەری داهاتەکەی خەرج بکرێت. ئیفادەکان بۆ بەشداربوانی حەقیقی ناو پرۆژەکە بن.

٣- گرانتی توێژینەوە: تەرخانکردنی بڕێک لە داهاتی ساڵانە وەک گرانتی توێژینەوە بۆ ئەو توێژەرانەی کە توێژینەوەکانیان کێشەی خەڵکی لە بواری کشتوکاڵی و ئەندازیاری و ڕۆشنبیری و ئاژەڵداری و وەرگێڕان و پزیشکی و تاقیگەیی چارەسەر دەکەن. واتا گرانت و هاندانی توێژینەوە بۆ توێژەری هەڕەمەکی نەبێت، بەڵکو بۆ توێژەری حەقیقی بێت. چونکە توێژەری هەڕەمەکی هەم ووزەی خۆی بە فیڕۆ دەدات، هەمیش توێژینەوەکانی سودی نە بۆ مرۆڤایەتی دەبێت، نە بۆ بەدەست هێنانی داهات بۆ زانکۆ. 

٤- بنیاتنانی نەخۆشخانەی فێرکاریی و تاقیگەی پزیشکی. 

 

ئاڵنگارییەکان (Threats):

١- لاوازی سی ڤی زۆرینەی بەرپرسانی ناو زانکۆ و کەم کارکردنیان بۆ بنیاتنانی پرۆژەی زانستی و ڕۆشنبیری، ئاڵنگارییەکی ئێجگار مەترسیدارە دژی دانانی پلانی ستراتیجی سێ ساڵ بۆ زانکۆ. چونکە بەرپرسانی ناو زانکۆ لەسەرووی هەرەمی زانکۆ تا خوارەوەی پێک دێنن. بۆیە ئەگەر بەرپرسانی ناو زانکۆ سی ڤی و توانا و لیاقەی کارکردنیان لە هەمووان بەهێز تر و بەتواناتر نەبێت، ئەوا ڕێگرییەکی بەرچاو دێتە کایەوە لە دەست پێکرنی دانانی هەر پلان و پرۆژەیەک. دواجار پلان و پرۆژەکان لەبار دەچن.

٢- قەیرانی دارایی، کێشەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران، کە دەبئت بە ڕێگریی لە بەڕێوەبردن و جێ بەجێکردنی پرۆژەی ستراتیجی ناو زانکۆ. 

٣- بە ئایدۆلۆجیاکردن و بە کەسێتیکردنی کۆی کایەکانی کۆمەڵگە بە گشتی و زانکۆ بە تایبەتی، دەبن بە ڕێگر لە دانانی کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو، هەروەها لە پێشنیار کردنی پڕۆژە زانستی و ڕۆشنبیرییەکان لە ناو زانکۆدا. 

٤- نەبوونی ئاگاییی یاسایی بە جۆرێکە کە بەرپرسانی ناو زانکۆ یاسا و ڕێنماییەکان وەک تێکستێکی ووشک و ڕووت دەبینین، بە شێوەیەک دەتوانن بۆشایی تێدا بدۆزنەوە بۆ بەرژەوەندی کەسێتی بەکاری بهێنن. بەواتایەکی تر یاسا و ڕێنماییەکان بۆ هەموو کەسێک پیادەی ناکەن. لەو شوێنەی خۆیان بیانەوێت ڕێنمایی بە حەرفی (Literaly) جێ بەجێ دەکەن، کەچی هەمان ڕێنمایی لە بەشەکانی تر بە شێوەیەکی لاستیکی (Flexibly) بەکار دێنن. 

٥- هەبوونی کلتوری هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی ئاڵەنگارییە، کە هۆکارێکە کە پەیوەندی هەیە بە دەرەوەی زانکۆ. واتا کاتێک نوسراوێک دەخرێتە بەردەم بەرپرسێکی زانکۆ، بەرپرسیارێتی کارەکە یەکسەر لە خۆی دوور دەخاتەوە و ئاڕاستەی شوێنێکی دەکات کە بە دڵنیاییەوە دەزانێت ڕەت دەکرێتەوە. یان نوسراوەکە لای خۆی هەڵدەگرێت، وەڵامی ناداتەوە. 

 

پێشنیار:

یەکەم: پەرەپێدانی سەنتەری توێژینەوەی زانستی زانکۆ:

١- گۆڕینی لە بەڕێوەبەرایەتی بۆ ڕاگرایەتی سەنتەری توێژینەوە.

٢- زیادکردنی هۆبەکانی پرۆژەی ڕۆشنبیریی، ئەندازیاریی، تاقیگەیی، پزیشکی، وەرگێڕان، کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بۆ پەیکەری کارگێڕیی سەنتەری توێژینەوە. 

دووەم: دانانی بەرپرسانی زانکۆ کە لە دەسەڵاتی زانکۆدایە بەشێوەی سی ڤی:

١- دانانی سەرۆک بەش و بەڕێوەبەرەکان بە شێوەی سی ڤی و بڕیاردان لەسەری لە ئەنجومەنی زانکۆ.

٢- دانانی بەرپرسی هۆبەکان لە ڕێگەی سی ڤی و بڕیاردان لەسەری لە ئەنجومەنی کۆلێج. 

سێیەم: پێشنیارکردنی پرۆژەی گرانتی توێژینەوە لە لایەن ئەنجومەنی زانکۆوە بە مەبەستی پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزارەتەوە. 

چوارەم: دووبارە دابەشکردنەوەی فەرمانبەران بە دادپەروەری، نەک یەکسانی، بەسەر کۆلێجەکاندا.

پێنجەم: پێکهێنانی لیژنەی بەدواداچوون بۆ دیاریکردنی ژمارەی هۆڵەکانی خوێندن و ژوورەکانی مامۆستا و کارگێڕی کۆلێجەکان.

شەشەم: زانکۆ لە ئێستادا تەنانەت ناتوانێت کارگوزارێکی پاککەرەوە هەمیشەیی بۆ کۆلێجی پزیشکی دابین بکات، بەڵکو لەڕێگەی کۆمپانیای پاککەرەوە، هەر جارێک کاروزارێک دابین دەکات.

بەکورتی بۆمان دەردەکەوێت کە زانکۆکانی کوردستان، بەتایبەت زانکۆی گەرمیان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵینگاریی و کۆسپ بۆتەوە کە بەشێکی پەیوەندی بە خودی زانکۆ و دانانی بەرپرسانی ناو زانکۆوە هەیە. واتا هۆکارەکانی ناوەوە ئەوەندە زۆرە، تەنانەت ئەگەر هۆکارە دەرەکییەکانی وەک قەیرانی داراییش چارەسەر بکرێت، هێشتا زانکۆ هەر ناتوانێت پلانی ستراتیجی هەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×