قەیرانی توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان

د. شێرکۆ نه‌ریمان سوبحان
  2023-12-21     378

توێژەر و پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بواری بەرگری لەشی دژی میکرۆبەکان 

ڕاگری کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان 

 

قەیرانی توێژینەوەی زانستی قەیرانێکی جیهانییە، بەشێوەیەک کە تەنها ئەمساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ١٠٫٠٠٠ توێژینەوەی زانستی تەنها لە گۆڤارەکانی بڵاوکراوەی هینداوی (Hindawi) ڕاکێشراونەتەوە، واتا حیسابی توێژینەوەی زانستیان بۆ ناکرێت. ئەمە هۆکارەکەی لادانە لە ستانداردی جیهانی لەڕووی میکانیزمەکانی هەڵسەنگاندنی توێژینەوەکانەوە. سەرەڕای ئەمەش بەشێکی زۆری توێژەران خاسیەتەکانی توێژەری ڕاستەقینە نین. لۆجیکی تێدا نیە توێژەر لە ساڵێکدا ٢٠ توێژینەوە ئەنجام بدات. ڕاستیەکەی قەیرانەکە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لەوپەڕی ئاستی نزمی توێژینەوەدان. هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بە دەستهێنانی پارە لە ڕێگەی توێژینەوەوە. بە واتایەکی دیکە توێژەر لەڕێگەی ژمارەی توێژینەوەکانی پارەیەکی زۆری بۆ خەرج دەکرێت، بە تایبەت لە وڵاتانی وەک تایلاند و سعودیە. ئەمەش بۆ ئەوەی لەڕێگەی زۆری توێژینەوەکانەوە، زانکۆکان دەیانەوێت ڕانکیان بەرز بکەنەوە. ئەم پەتایە هێشتا بەرەتاکەی لە هەرێمی کوردستانە، ئەگەر ڕێگەی لێ نەگیردرێت، لێشاوێک لە توێژەری ساختە و گۆڤاری ناوخۆیی ساختەی لێ دەردەچێت، کە لە ڕووکەش و فۆرمدا توێژینەوەی گۆڤاری نێودەوڵەتی خاوەن ئیمپاکت فاکترن، بەڵام لە ناوەڕۆکدا لە ئاستی مەترسیدار ترین ساختەچێتی دان، بە وێنەی گورگ لە پێستی مەڕدا.

ئەگەر چاوێک بخشێنرێت بە نێو توێژینەوەی توێژەرانی زانکۆکانی کوردستاندا کە لە گۆڤارە ئاست بەرزەکانی جیھاندا توێژینەوە بڵاودەکەنەوە، دەبینێت ئەم توێژینەوانە نەک هەر وەک جلوبەرگ دوراون، بەڵکو هیچ ئامانجێک ناپێکن. هەر چەپێک لە دۆڵێکن. ئێمە کەسی بەتوانامان هەیە لە زانکۆکانی کوردستاندا، بەڵام چونکە کەوتونەتە ناو هەڵپەی سەرمایەداری، بۆیە لەسەر ڕێچکەیەکی هەڵەدا توێژینەوە دەکەن. ئەوان کۆپانی گوێدرێژ دەدورن لە بری فەرەنجی، کەچی وەک فەرەنجی دەیفرۆشنەوە بە گۆڤارەکانی جیهان. ئەوان زۆر لێزانانە ڕێنوێنیەکانی گۆڤارەکانی جیهان تێ دەپەڕێنن، بە جۆرێک بەڕێوەبەری گۆڤار بە خەیاڵیدا نایەت کە توێژەری لەو شێوە ساختە هەبن. ئەم توێژەرانەی کوردستان ناتوانن یەک ڕستە ئینگلیزی بنوسن، کەچی توێژینەوەکانیان لە ئاستێکی زمانەوانی جوان و ڕازەوەدا نوسراون. ئەوان لێزانن لە بەفەرەنجیکردنی کورتاندا، بێ ئەوەی جۆڵای شارەزا هەستی پێ بکات! ئەوان لە پێناوی پەیداکردنی ٢ ملیۆن دینار، ئامادەن بە ئەندازەی جینات پێستی گورگ بگۆڕن بۆ پێستی مەڕ! ئەوان موو دەگۆڕن بۆ خوری! 

توێژینەوە دەبێت بە پلان بێت ئەگینا تورێکی قوڕاوی ناهێنێت، با خاوەنی سایتەیشن و فاکتەری کاریگەری بەرزیش بێت. ئەگەر توێژینەوە ئامانجی پلانێکی زانستی نەپێکێت، چارەنوسی وەک بڵقی سەر ئاو دەبێت. وەک ئەوە وایە بینا لەسەر هەور دروست بکەیت. ڕۆژێک دێت زانکۆکان دەبێت ڕووی خۆیان ڕەش ببۆشن و شەرمەزاریی دایان بگرێت بۆ ئەو توێژینەوانەی کە ئێستا کاسپی پێوە دەکرێت. هەروەک چۆن ئێستا تایلاند و سعودییە عارەقی شەرمەزاری دەسڕن بۆ ئەو توێژینەوانەی کە لە هینداوی و ئای تریپڵ ئی (IEEE) بڵاوکراونەتەوە. 

پێویستە سەرۆکی زانکۆکان تەنها ڕێگا بەو توێژینەوانە بدەن کە لە ڕووی ئیتیکیەوە ڕێگا پێدراون و لە سەر پلانی زانکۆ و ناوچەکە خزمەت دەکەن. پێویستە لێپێچینەوە لەو توێژەرانە بکرێت کە ساڵانە توێژینەوەی زۆر و بۆر و بێ پلان بڵاو دەکەنەوە. ئەم توێژەرانە بە بیانوی هەمائاهەنگی لەگەڵ توێژەرانی تر، خەریکن لە ئەنیشتاین زیاتر توێژینەوە بڵاو بکەنەوە. ئەم توێژەرانە کە لە سیمینارێک پرسیارێکیان لێ دەکەیت، تەنگە هەناسە دەبن و پەستانی خوێنیان بەرز دەبێتەوە. 

پێویستە سەرۆکی زانکۆکان هەوڵ بدەن تاقیگەکانیان بەسەر بکەنەوە کە فریزەرەکانی کۆلێجەکانیان لە پلاکەوە کوژاونەتەوە، نەک خەڵات دابەش بکەن بەسەر توێژەرە ساختەچییەکاندا کە گوایە ئاستی زانکۆیان بەرزکردۆتەوە! ڕانکی زانکۆکان جگە لە ژمارە، چەپکێک کەرەوزی گردەگۆزینە ناهێنێت. پێویستە سەرۆکی زانکۆکان داهاتیان لە بوژاندنەوەی تاقیگەکان خەرج بکەن، بۆ ئەوەی توێژەری ڕاستەقینە دروست ببێت. زانکۆی گەرمیان باشترین ئامێری تاقیگەیی هەیە کە لە پارەی پیترۆدۆلار کراون لە ساڵانی رابردوودا، کە دەکرێت ببێتە ناوەندی توێژینەوە لە عێراقدا.

سەرچاوە:

گۆڤاری نەیچەر

https://www.nature.com/articles/d41586-023-03865-y

https://www.nature.com/articles/d41586-023-03974-8

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×