وەزیری پەروەردەی هەرێم: لیستی وانەبێژانم گەیاندە سودانی و چاوەڕێی وەڵامین
  2024-04-30       122       

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە لە بەغدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبۆتەوەو لیستی مامۆستایانی وانەبێژیی هەرێمی كوردستانی رادەستكردوەو دەشڵێت، چاوەڕێی وەڵامی رەسمی حكومەتی عێراقین.

ئاوێنە: ئالان حەمەسەعید، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ سێشەممە لە بەغدا سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵم کردو بە ئامادەبونی د. ئیبراهیم جبوری، وەزیری پەروەردەی عێراق و  فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەسەر چەند پرسێکی گرنگی پەروەردەیی گفتوگۆمان کرد .

ئاماژەی بەوەشداوە، لە کۆبونەوەکەدا نوسراوی فەرمی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و لیستی هاوپێچکراوی مامۆستایانی وانەبێژم  پێگەیاند سەبارەت بەتەرخانی دارایی بۆ مامۆستایانی وانەبێژیی کوردستان و وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمو هەنگاوە پێویستەکانمان ئەنجامداوە و چاوەڕوانی دەرئەنجام و وەڵامی فەرمی حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەین.

وەزیری پەروەردەی هەرێم وتوشیەتی، لە کۆبونەوەکەدا جەختمان کردەوە لەپشکی هەرێمی کوردستان لە دروستکردنی باڵەخانەی قوتابخانەکان لە رێککەوتنی عێراق-چین کە هەرێمی کوردستان تا ئێستا پشکی خۆی لە دروستکردنی ئەو قوتابخانانە نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوەو سەرلەنوێ نوسراوێکی دیکەمان پێشکەشکردن بەمەبەستی دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە دروستکردنی باڵەخانەی پەروەردەیی نوێ .

بەپێی راگەیەندراوەكە، تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە تایبەت بو بە پرسی خوێندنی قوتابخانەکانی  فیدراڵی  لە هەرێمی کوردستان و بەردەوامبونی پرۆسەی خوێندن تیایاندا، لەوبارەیەوە هاریکاری و هەماهەنگی هەرێمی کوردستانمان نیشاندا بۆ بەردەوامبونی پرۆسەی خوێندنی قوتابیانی ئەو قوتابخانانە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×