ئیدارەی راپەڕین بۆ هاوڵاتیان: نزیكی پڕۆژەی ئاوی خاس مەكەونەوە
  2024-05-01       218       

ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند، لێچون لە یەكێك لە بتڵەكانی كلۆری ئاو لە پڕۆژەی ئاوی خاس هەیەو داوا لە هاوڵاتیانی قەڵادزێ دەكات لە شوێنەكە نزیك نەكەونەوە. بەرگریی شارستانیی دەڤەرەكەش دەڵێت، گازی کلۆر یەکێکە لەگازە ژەهراوییەکان کە زۆر خێرا بڵاودەبێتەوەو کاری خراپ لەسەر ژینگەو دەوروبەر دروست دەکات. 

ئاوێنە: ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، ئەمشەو چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاگادااری هاوڵاتیانی قەڵادزێ دەكاتەوە كە لێچون لە یەکێک لە بتڵەکانی کلۆری ئاو لە پڕۆژەی ئاوی خاس، بۆتە هۆی دروستبونی مەترسی لەو شوێنە.

ئاماژە بەوەشدەدات كە تیمەکانی پڕۆژەی ئاوی خاس کاری خۆیان ئەنجامداوە ئەوەندەی لە توانایاندا هەبوە، ئێمەش تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی ڕاپەڕینمان ڕاسپاردون تا کاری پێویست ئەنجام بدەن و چارەسەری کێشەکە بکەن.

دەشڵێت، بۆیە ئاگاداری هاوڵاتیانی قەڵادزێ دەکەین بەهیچ شێوەیەک لە پڕۆژەی ئاوی خاس نزیک نەبنەوە تا تیمەکان کاری تەکنیکی و چارەسەری کێشەکە دەکەن. 

هەر ئەمشەو بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی راپەڕین لە راگەیەندراوێكدا هەمان هۆشداری بە هاوڵاتیانی قەڵادزێ داوەو رایگەیاندوە، تیمەكانیان سەرقاڵی چارەسەرن لەو شوێنەو داوا لەهاوڵاتیانی سنوری قەزای پشدەر دەکەین کە نزیکی ئەو شوێنە نەکەونەوە تا کێشەکە چارەسەر دەکرێ و دڵنیادەبینەوە لە سەلامەتی ئەو شوێنە، چونکە گازی کلۆر یەکێکە لەگازە ژەهراوییەکان کە زۆر خێرا بڵاو دەبێتەوەو کاری خراپ لەسەر ژینگەو دەوروبەر دروست دەکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×