تارمایی عه‌شره‌ت‌و خێڵ!

میران عوسمان
  2019-04-27     427
هیگڵ له‌ژیان مرۆڤدا سێ چركه‌ سات، به‌چركه‌ ساتی‌ گرنگ وه‌سف ده‌كات، ئه‌وانیش (خێزان، كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌‌و ده‌وڵه‌ت)ه‌، به‌و مانایه‌ی‌ ئه‌و دیسپلینانه‌ی‌ كه‌ له‌كات‌و شوێنی‌ خۆیدا له‌و چركه‌ ساتانه‌وه‌ داده‌به‌زن‌و به‌رامبه‌ر ئازادی‌ مرۆڤ راده‌وه‌ستن، ده‌بێت به‌جۆرێك بێت كه‌ ئازادی‌ مرۆڤ له‌له‌باشترین ره‌وشی‌ خۆیدا جێگیر بێت. 

ئه‌گه‌ر ئه‌و سێ پره‌نسیپه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ -خێزان، كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌‌و ده‌وڵه‌ت- وه‌ك سێ بازنه‌ی‌ په‌یوه‌ست به‌یه‌ك‌و كاریگه‌ر له‌سه‌ر یه‌ك وێنا بكه‌ین، هه‌ر بازنه‌یه‌كی‌ دیكه‌ تێهه‌ڵكێشیان بێت، دۆخه‌كه‌ به‌ئاراسته‌و دۆخێكی‌ دیكه‌دا ده‌بات.

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و سێ چركه‌ساته‌دا هیگڵ ده‌سته‌واژه‌ی‌ "به‌ها به‌رزه‌كانی‌" ته‌نها له‌ئاست (ده‌وڵه‌ت)دا فۆرمه‌له‌ كردووه‌، به‌ڵام له‌م هه‌رێمه‌ی‌ ئێمه‌دا جگه‌ له‌وه‌ی‌ هیچ به‌هایه‌ك بۆ ده‌وڵه‌ت‌و به‌ده‌وڵه‌تبون دانه‌نراوه‌، بازنه‌یه‌كی‌ ناجۆری‌ زیاده‌ له‌بره‌ودایه‌، كه‌ ئه‌ویش بازنه‌ی‌ عه‌شیره‌ت‌و خێڵه‌. 

تارمایی عه‌شره‌ت‌و خێڵ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردیی، جگه‌ له‌وه‌ی‌ هاوسه‌نگی‌ سێ پره‌نسیپه‌كه‌ی‌ تری‌ خستۆته‌ ژێر پرسیارو رامانێكی‌ گه‌وره‌وه‌، هه‌مانكات كار ده‌كات بۆ زیندو كردنه‌وه‌ی‌ به‌هاو نه‌ریته‌ كۆنه‌كانی‌ عه‌قڵی‌ خێڵ.

ئه‌گه‌ر له‌روی‌ چه‌مكی‌ "بەرژەوەندی گشتی"یه‌وه‌ ته‌ماشای‌ ئه‌م شانۆ ناخۆش‌و ناشرینه‌ی‌ كوردستان بكه‌ین -به‌سه‌نته‌ركردنی‌ عه‌شره‌ت‌و خێڵ- به‌رونی‌ ده‌بینرێت، زیادبونی دەسەڵاتی هێزە کۆمەڵایەتیەکان لەناو سیستەمدا، به‌تایبه‌تی‌ هه‌ژمونی‌ عه‌شره‌ت‌و خێڵ‌و بنه‌ماڵه‌كان، چەمکی بەرژەوەندی گشتی دەبێتە ویستێکی بەرتەسک لەکاتێکدا بەرژەوەندی گشتی له‌جێگه‌كانی تری ئه‌م دونیایه‌دا کاریگەریی دەخاتە سەر كۆی پرۆسەی سیاسی‌و بەرژەوەندی دەزگا گشتییەکان. به‌رژه‌وه‌ندی‌‌و ئامانجه‌كان له‌مرۆدا  هێز دەبەخشنە دەزگایەکی تایبەت تا بەویستی بەرژەوەندی گشتی هەڵسوکەوت بکات‌و ئەرکەکانی راپەڕێنێت.

ئه‌وه‌ی‌ رونه‌ ئه‌مه‌یه‌، پارتی‌ سیاسی‌ كه‌ پێگه‌یه‌كی‌ به‌رچاوی‌ هه‌یه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نیدا، په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ خێڵ‌و عه‌شره‌تدا په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ته‌واو مادییه‌، له‌سه‌ر بناغه‌ی‌ ئیمتیازو به‌رژه‌وه‌ندی‌‌و ده‌سه‌ڵاته‌. به‌و به‌ڵگه‌یه‌ی‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‌ زۆربه‌ی‌ -گه‌ر نه‌ڵێین هه‌مویان- سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا بووه‌، له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌عسه‌وه‌ تا ده‌سه‌ڵاتی‌ ئێستا. 

ئه‌وه‌ی‌ له‌ئێستای‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردیدا ده‌گوزه‌رێت‌و ناونراوه‌ "فێستیڤاڵی‌ هۆزو خێڵ‌و بنه‌ماڵه‌" هه‌نگاوه‌كانی‌ به‌دامه‌زراوه‌یی‌و به‌مه‌ده‌نی‌ بون تۆختر ده‌كاته‌وه‌و هه‌نگاوگه‌لێك له‌پره‌نسیپه‌ مۆدێرنه‌كان دورمان ده‌خاته‌وه، چونكه‌ به‌ها به‌رزه‌كان كه‌ له‌چه‌مكی‌ ده‌وڵه‌ت‌و ده‌وڵه‌تسازیدا چڕ ده‌بنه‌وه‌ له‌لای‌ خێڵ هێنده‌ بچوك بونه‌ته‌وه‌ "رۆژی‌ خێڵ"  بووه‌ به‌سه‌نته‌ر!

به‌رپرسیارێتی‌ ره‌وشێكی‌ له‌م جۆره‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كاته‌ تاریكستانێكی‌ گه‌وره‌ی‌ سه‌ده‌كانی‌ ناوه‌راست له‌ئه‌ستۆی‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دایه‌ كه‌ حزبه‌كان حوكمرانی‌ ده‌كه‌ن، حزب له‌كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ئێمه‌دا هه‌موشتێك ده‌كات بۆ درێژدان به‌مانه‌وه‌ی‌ خۆی‌، بۆیه‌ حزب هه‌رگیز كارناكات بۆ دورخستنه‌وه‌و كاڵكردنه‌وه‌ی‌ تارمایی عه‌شره‌ت‌و خێڵ له‌كۆمه‌ڵگه‌داو هه‌نگاو نان بۆ بره‌ودان به‌به‌ها به‌رزه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌و سه‌رپێخستنی‌ سیستمێكی‌ مه‌ده‌نیی‌و پره‌نسیپه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تسازیی.

ئه‌وه‌ی‌ دیمه‌نه‌كه‌ كاره‌سانبارتر ده‌كات، به‌شدارییكردنی‌ سه‌ره‌ گه‌وره‌كانی‌ ئیداره‌دانی‌ ده‌وڵه‌ته‌ له‌م جۆره‌ ئاهه‌نگانه‌دا، وه‌ك بینیمان ئه‌و به‌رپرسانه‌ به‌شداریی ده‌كه‌ن‌و موباره‌كه‌ی‌ ده‌كه‌ن كه‌ ساڵانێك له‌وڵاته‌ دیموكراته‌كانی‌ دنیا ژیاون‌و مافی‌ به‌مه‌ده‌نیبون لێده‌ده‌ن!

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×