روخسارو پێگەی حیزبی دێموکڕات ٤٠ ساڵ پاش دەستپێکردنەوەی خەباتی ئاشکرا

عەزیز شێخانی
  2019-03-10     149

د. قاسملوو سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان چل ساڵ پێش (٢ی ماڕسی ١٩٧٩) لە شاری مەهاباد لە  کۆبوونەوەیەکی بەریندا خەباتی ئاشکرا و نەخشەرێگای حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی راگەیاند. ئەو رۆژە بە یەکێک لە رۆژە گرینگەکانی حیزبی دێموکڕات پێناسە دەکرێ.   دەستپێکردنەوەی خەباتی ئاشکرا بۆ حیزبی دێموکڕات، کە دامەزرێنەری کۆماری کوردستان و هەروەها  بە حیزبی بەهێزی سەر گۆڕەپانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەژمێردرا، هەڵگری مانا و توخمی جیاواز بوو. لێرەدا باس لە کڕۆکی پەیام، نەخش و رۆڵی  قاسملوو و هەروەها ئەو  ژینگە و سەردەمە ناکەم، کە گەلێک لێکدانەوە و خوێندنەوەی جیاواز هەڵدەگرن. لە چلەمین ساڵرۆژی ئەو مێتینگ و کۆبوونەوەدا  گونجاوە، پرسیار لە پێگە و جێگەی ئەمڕۆی ئەم حیزبە بکرێ. بە ئاشکرا دەبینین، کە لە کۆبوونەوەی مەهاباد هەتا کۆبوونەوەکانی دەشتی کۆیە وەزنە و پێگەی حیزب چەندە گۆڕاوە. روونە، کە حیزب و رێکخراوی سیاسی لە سەر خاکی خۆیان جێگەی دیارە و کورد گوتەنی، بەرد لە جێگەی خۆی سەنگینە.


 حیزبی دێموکڕات لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوود،ا لە سەردەمی یەکبوون و دابڕانەکاندا لە  مەیداندا ماوەتەوە، بەڵام هێز و گۆڕی ئەمڕۆ و جاران زۆر لە یەکتر دوورن. ئەم حیزبە سەردەمانێک لە گۆڕەپانەکەدا قسەی یەکەمی دەکرد و خاوەنی سیاسەتی ئاشکرا، پشتیوانی خەڵک،  هێز، نەخشە و توانای مانۆڕدان لە نێوخۆ و ناوچەدا بوو. حیزبی دێموکڕات، لە رۆژئاوا و  دەرەوەی وڵات بە کارلێهاتوو و خاوەن وەزنەی دیپلۆماسی دەژمێردرا، بەڵام ئەمڕۆ لە پێدەشتەکانی سیاسەت و دیپلۆماسی لاواز و شەکەتە. ئەم حیزبە و کۆی هێزە سیاییەکانی رۆژهەڵات  کەوتوونە ژێر پاڵەپەستۆی رایەڵکەی ئالەنگارییەکان و لە جوڵە خراون.   شایانی باسە، کە فاکتەرە ناوچەیی و ئاڵوگۆڕە گەورە و ناوچەییەکانی سێ دەیەی رابردوو بە رێژەی جیاواز لە سەر پرسی کورد لە رۆژهەڵات و دۆخی ناوچە ئاڵوگۆڕی قوڵ و بەرینیان پێکهێناوە. شەڕی نابەرابەر لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، ناساخڵەمی پێوەندی نێوان حیزب و رێکخراوە رۆژهەڵاتییەکان، سرووشتی پێوەندییە نێوخۆییەکانی ئەم حیزبە و چۆنیەتی ئیدارەکرانی، بەشێکی سەرەکی لەو ئالەنگاریانەن. 


ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی ئێران لە ژێر گوشار و قەیرانە کورتماوە و درێژماوەکاندا دەناڵێنێ. ئیدارەکردنی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران دژوارە و رۆژانی زێڕینی دەسەڵات و مەشرووعییەتی نەماوە. خەڵکی ئێران و کوردستان نیزامی سیاسیی تاران و سرووشتی دەسەڵاتدارانیان ناسیوە و باشتر لە رابردوو توانا و ئەگەری رێکخراوبوونیان هەیە. بە واتایەکی دیکە، یەکێک لە فاکتەرە نەرێنییەکانی کاریگەر لە سەر خەباتی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە نێوخۆدا داتەپیوە و روخساری جارانی نەماوە. ئاماژەکان دەیسەلمێنن، کە رێژیم لە چارەسەرکردنی پرس و کێشەکان داماوە و سەرئەنجام بەدەردی نیزامی پاشایەتی دەچێ. ئاشکرایە، کە ئەمڕۆ لە نێوخۆدا ئاڵترناتیڤ و جێگرەوەیەک نییە و زلهێزە رۆژئاوایی و دەرەکییەکان لە سەر گۆڕینی نیزام ساغ نەبوونەوە. خەڵکی نێوخۆ دەستەوەستان و ناڕوونن و هێزە دەرەکییەکانیش بە دوای بەرژەوەندییەکانیاندا وێڵ و ئۆپۆزیسیۆنی سەرتاسەریش ژەنگاوی و لە ئەزموون دەرنەچوون. 


حیزبی دێموکڕات و هێزە سیاسییەکانی دیکەی رۆژهەڵات ئەمڕۆ دۆخێکی دژوار و پڕ لە قەیرانیان هەیە. ئەوان لە نێوخۆ و دەرەوە پەرتەوازەن و بە کردەوە لە سەر هیچ بابەتێک رێکنەکەوتوون. بەرامبەر بە رێژیم و لە پێوەندی لە گەڵ جیهانی دەرەوەدا خاوەنی سیاسەتێکی ئاشکرا و کارا نین. حیزب و رێکخراوەکان هەر کامەیان چەند جارێک دابڕان و جیابوونەوەیان تاقیکردۆتەوە، بەڵام هیچ لایەنێک پاش دابڕان براوەی یەکەمی مەیدان نەبووە. حیزبێ دێموکڕات لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا لە سێ کۆنگرەی جیاوازدا لە گەڵ پرسی جیابوونەوە و دابڕان رووبەڕوو بۆتەوە، کە یەکەم و دووهەمیان بە کلیلی زەمان یان بە کرچ و کاڵی چارەسەر کراون. دوادابڕان و جیابوونەوە کە ئێستاش درێژەی هەیە، زیاتر لە دابڕانەکانی دیکە زەبری لە پرستیژ و توانای حیزبی دێموکڕات داوە. پاش تێپەڕینی ١٣ ساڵ لە دابڕانی دوای کۆنگرەی١٣، ئەمڕۆ حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە ئازارەکانی لەتبوون و جیابوونەوە تێدەگەن. 


١٣ ساڵی رابردوو سەلماندی، کە هیچ کام لە دێموکڕاتەکان و پاڵەوانەکانی رەوتی جیابوونەوە و لێدان لە یەکتر ، براوە نین. جیابوونەو و ماڵ لە یەکتر جیاکردنەوە بە زەرەری بزوتنەوەی کورد لە رۆژهەڵات و بە قازانجی رێژەیەک لە پلە و پایەخوازەکان شکاوەتەوە. لە چل ساڵەی یادی ئاشکراکردنی خەباتی حیزبی دێموکڕاتدا پێداچوونەوە بە لایەنە لاواز و هۆکارەکانی دابڕان و هەروەها درێژەکێشانی ئەو جیابوونەوانە جێگای بایەخە. لەم رۆژەدا چاوەڕوان دەکرا، کە دوو حیزبی دێموکڕات و بە تایبەت رێبەرایەتییەکەیان تەتەڵەی لەتبوون و خاڵە باش و لاوازەکانی ئەو بابەتەیان کردبا! ئەوان لە دەللاقەی حیزبی دێموکڕاتی پاش سەرکەوتنی شۆڕش و ئەمڕۆ باشتر دەتوانن کۆی وێنەکە ببینن و خەسارناسییەکی رابردوویەک بکەن، کە حیزبی دێموکڕاتی لاواز کردوە. لەو رۆژەدا دەکرا بۆ رێزگرتن لە قوربانییەکانی ئەم خەباتە و رەخنەگرتن لە لایەنە لاوازەکان دابڕانی دوای کۆنگرەی ١٣، هۆکار و رێگاچارەکان هەڵسەنگێندرابان.  


ئەمڕۆ کە دۆخی ئێران ناڕوونە و  دواڕۆژی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەردەم هەڕەشەی جۆراوجۆر و ریسکی گەورەدایە، بیرکردنەوە لە چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان کەمترین کارە کە بەڕێوەربەرانی حیزبی دێموکڕات و پارت و رێکخراوە کوردییەکانی رۆژهەڵات دەتوانن رایپەڕێنن. ئەوان دەتوانن بە ئاشکرا باس لە دوێنێ، ئەمڕۆ و سبەینێ بکەن و تەکانێکی بەتەوژم بدەن. جێگای خۆیەتی، کە ببینین و بیستین، کە بە تێڕوانین و تێگیشتنی ئەوان چەندە و چۆن دەتوانین لە گەڵ قەیران و ئالەنگارییەکانی پێوەندیدار بە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان راهێنان بکەین؟ ئەوان بە چ شێوازێک ئامادەن هەڵەکانی خۆیان تەتەڵە بکەن و چەندە ئامادەن پشکی خۆیان لەو هەڵە و رووداوانە بەئەستۆ بگرن؟ دوارۆژی کورد لە رۆژهەڵات و دەستەبەرکرانی مافەکان دەبێ بەردی بناخەی کار و تێکۆشان بن. گەڕانەوە بۆ بناخە و وانەوەرگرتن لە هەڵە و کەوتنەکان چارەسەری دۆخی ئەمڕۆمان دەکەن. گەڕانەوە بۆ بناخە بە مانای کۆبوونەوە لە دەوری ئامانجە رەواکان و دوورکەتنەوە لە ناوچەگەرایی و  ململانێی ناڕەوای نێوخۆییە. وانەوەرگرتن لە هەڵەکان بە مانای دووپاتنەکردنەوەی سیاسەتی خوار و لادان لە رێچکەی قبوڵکراوی کاری هاوبەشە، کە زەبر لە پەیکەری متمانەی خەڵک بە دواڕۆژ و هەروەها کایەی سیاسەت و حیزبایەتی دەدا. دەبێ لە جەرگەی دابڕان و لەتبوونەکاندا ئەو وانەیە بە خەتی زێڕین بنووسرێتەوە، کە سەرکەوتنی کورد بەندە بە یەکگرتوویی نەک پڕش و بڵاوی هەموو لایەک. 


ئەندام، کادر و لایەنگرانی حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات و بە تایبەت رێبەرایەتییەکانیان لە بەردەم تاقیکردنەوەیکی گەوەرەدان. ئەوان لە رۆژگاری ئەمڕۆدا ناتوانن بە هێزی کفوکوڵ لە گەڵ دیاردە و رووداوەکان رووبەڕووببنەوە. ناکرێ لەوە زیاتر دۆخی رۆژهەڵات و پڕش و بڵاوی حیزب، رێکخراو و بژاردەی کۆمەڵگەی کورد لەم پارچەیەی کوردستاندا فیدای شەڕی تاک و تاقمەکان بکرێ. ئەگەر کار و کردەوەکان، سیاسەت و جۆری حیزبایەتی لە قەپان بدرێن، پەریزەکان  باشتر دەردەکەون. حیزبی دێموکڕات بەم دابڕاوەیی و پەرتەوازەییە چۆن دەتوانێ پارێزەری میراتی کۆمار، بزوتنەوەی چەکداری ٤٦ و ٤٧ و خەباتی بەرینیی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران بێ؟ ئەوان چۆن دەتوانن بزوتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان رێبەرایەتی بکەن و لە ئیدارەکردنی کۆمەڵگە و سازان لە گەڵ یەکتردا رچەشکێن بن؟ 


رزگارکردنی گەل و نەتەوەیەک ئەرکێکی یەکجار قورسە و بەو دابڕان و پەرتەوازەییە رەنگە دۆخەکە لە جاران خەراپتر بێت. ئامانج و ئەرکی گەورە ئیرادە، بەرنامە و هێزی دەوێ، کە ئەم کەرەسانە لە دابڕان و پەراوێزخراندا نین و نەبوون.  کوردی رۆژهەڵات و دواڕۆژیان بەم جۆرە لە سیاسەتکردنە پڕە لە ریسکی گەورە و قەیرانی درێژخایەن. دابڕانەکان، شەڕی نێوخۆیی، خەباتی ناساخڵەمی نێوخۆیی،سیاسەتی یەکترشکاندن، سازبوونی پێشڕەوانی پاشڕەو و پاڵەوانە بەتاڵەکانی ئاژاوە و لە یەکتردان پڕن لە وانەی گەورە و هەڵسەنگێندراو. کولتووری حیزبایەتی، سیاسەتی هاوکاری، ستایلی کار و بەرنامە و چۆنیەتی دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسایەتییەکان پێویستیان بە ئاڵوگۆڕە. ئاڵووگۆڕە ئەرێنییەکان لە حیزبی دێموکڕاتی دوو کەرتدا دەستەبەر نەبوون و هیچ لایەک پەڕجووی نەنواند. لشکر و هێزی زۆر و بۆری رۆژانی لەتبوون و تێکدان، پاش ماوەیەک ساردبوونەوە و حیزبی دێموکڕات لە دەرەوە و نێوخۆ پێگە و پرستیژی جارانی نەما. ئەندام و کادرەکانی دوو لایەن لە زۆر بۆنەدا سیاسەتی سەربەخۆیان لەبیرکرد و هەر کەسە رووی لە هەوارێک کرد. 


لە ئاکامی ململانەی ناڕەوا و دێواندنی یەکتر روخساری حیزبی دێموکڕات خەوشدار کرا. دابڕانی هێزە سیاسییەکان لە یەکتر کە بناخەیەکی پتەوی فکریی و ئیدۆلۆژی نەبوو، بە رێژەیەکی زۆر ل سەر کایەی سیاسەت و تێڕوانینی خەڵک لە پرسەکان شوێندار بووە. کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە هەمووان لەو بارودۆخە کەڵکی وەرگرت و لە رێگای جۆراوجۆر ئاوری شەڕ و کێشەکانی زیاتر تاو دەدا. وزەیەکی یەکجار زۆر لە شەڕی یەکتر شکاندن و رەوتی دێواندنی یەکتر خەسار کرا و زەبر لە ئیرادەی گشتیی و تاکی کوردی رۆژهەڵات درا. ١٣ ساڵ دابڕان و یەکتر پەراوێزخستن بەشی ئەوندەی تێدایە، کە دوو لایەن بە تێڕوانینێکی بنیاتنەر رابردوویان بدەنە بەر
تیغی رەخنە و لاپەڕەیەکی تازە و ئەرێنی هەڵدەنەوە. خۆشاردنەوە لە هەڵە مێژووییەکان کارساز نییە و خۆبواردن لە راستییەکان و  دێواندنی ئەم و ئەو دەرمانی دەردەکان نییە. 

 

 داهاتوویەکی گەش و رابردوویەکی پڕشەنگدار دووانەیەکن، کە بەهێزی یەکگرتنەوە،  تێپەڕاندنی قەیران و شکاندنی شوشەی رەشی دەللاقەی خۆبینینمان دەستەبەر دەبێ. بێدنگی لە بەرامبەر چارەنووسی کورد لە رۆژهەڵات و دواڕۆژی خاک و خەڵک  سووچێکی گەورەیە. بژاردەی کۆمەڵگە لەو پرسانەدا ناکرێ نادیار و بێدەنگ بن و بە پاساوی جیاواز خۆیان لە هەموو ئەرک و کارێک بدزنەوە. 


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×