ئاسووده‌یی نه‌وه‌کانی خۆتان و قه‌رزیش له‌سه‌ر نه‌وه‌کانی ئێمه‌

نەوزاد جەمال
  2019-05-28     490
دیمه‌نی‌ روونکردنه‌وه‌ ته‌ته‌ڵه‌ییه‌کانی وه‌زیری دارایی، پڕن له‌ئاماژه‌ی ده‌روونیی. وه‌لێ ده‌روونناس نیم، تاله‌وێوه‌ شه‌نوکه‌وی پرسی موچه‌و داهات بکه‌م. به‌ڵام، ئه‌وه‌ ئاشکرایه‌ که‌ هه‌رێمی کوردستان و نه‌وه‌کانی داهاتوو کراون به‌ژێر قه‌رزی مه‌زنه‌وه‌، بێئه‌وه‌ی خۆیان قومه‌ئاوێکیان له‌م خاکه‌دا‌ خواردبێته‌وه‌!
ئه‌و پینه‌وپه‌ڕۆیه‌ی له‌دانانی پاشه‌که‌وتی موچه‌و لابردنیدا‌، ته‌نها گۆرانکاری شکڵیبوون. ده‌نا، تا کۆتایی ساڵ هه‌ر چاره‌که‌ مووچه‌که‌‌ ده‌درێ! له‌ساڵنامه‌ی مووچه‌ی هه‌رێمدا، ساڵ بۆته‌ 9 مانگ! له‌به‌رئه‌وه‌ی‌، داهاتی مووچه‌ بۆ جێگه‌یه‌کیتر ده‌ڕوات. ئه‌وه‌ش، باشتر ده‌رکه‌وت، چونکه‌ وه‌زیری دارایی به‌غدا، هه‌ر کورده‌. چیتر بیانووی زۆری ژماره‌ی موچه‌خۆران‌، جێگه‌ی باوه‌ڕنییه‌. ئاخر،‌ پاش ئه‌و هه‌موو بایۆمه‌تری و به‌زمه‌، نه‌تان توانی بندیوارو مووچه‌ی پله‌باڵاکان سنوردارکه‌ن!
لێره‌وه‌، کارته‌کانی ده‌ستی حکومه‌ت: شه‌ڕی داعش، ئاواره‌، زۆری ژماره‌ی موچه‌خۆر، مالیکی/عه‌بادی و لابردنی پاشه‌که‌وت و جارێکیر دابه‌شکردنی له‌کاتی خۆیدا یه‌ک‌ به‌دوای یه‌ک سوتان! کاتێک ئێوه‌ چه‌مکی کاتتان بۆ واتایه‌کی لاستیکی که‌ هه‌ر بێواده‌ درێژده‌بێته‌وه گۆڕیی‌.
راستییه‌که‌ی، ئه‌وه‌یه‌‌ له‌ژێره‌وه‌را کاره‌ساتێکی مه‌زن هه‌یه‌‌ که ‌لێمانده‌شارنه‌وه‌. جگه‌له‌وه‌ی، که‌سانێ سوودمه‌ندی‌ بیانوی قه‌رزه‌کانن. جگه‌له خۆدزینه‌وه‌‌ له‌به‌رپرسیارێتی، قازانج و بزنسی خۆیان باشتر ده‌گه‌ڕێت. ئه‌و هه‌موو گرێبه‌سته‌چه‌ورانه‌ی به‌ناوی سێکته‌ری جیاوه‌کراون، ژێرخانی ئابوری بنکۆڵکردووه.‌ ئیدی، جگه‌له‌ ئه‌ڵقه‌یه‌کیتری دادۆشینی ئابوری سه‌رده‌می کۆلۆنیالی، هیچیترنییه‌‌.‌ که‌سانێکیش گیرفانیان به‌شیرینی "بزنس دیڵ" ئاوساوه‌، هه‌رێمی کوردستانیان نه‌ک هه‌ر هه‌رزانفرۆشکراوه، به‌ڵکو له‌سه‌رئه‌وه‌شه‌وه‌ قه‌رزارباریانکردووه‌.
 ئیتر، وورده‌‌وورده‌ روونده‌بێته‌وه‌ که‌ گه‌مه‌ی به‌شداری له‌حکومه‌تدا، تێوه‌گلاندنی به‌رپرسیارێتی ئه‌و قه‌رزانه‌و ونکردنی فایله‌کان و فریودانی ئه‌وه‌ی ناوی ئۆپزسیۆنه‌. لابردنی پاشه‌که‌وت گه‌مه‌یه‌کی تری مسۆگه‌رکردنی ده‌نگه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و شتیتره‌.
به‌دبه‌ختیه‌که‌ له‌وه‌دایه،‌ به‌م ره‌فتارانه‌‌ داهاتوویه‌کی ته‌ماویی و خه‌ماوییتان لای دایکوباوکان دروستکردووه‌. خۆتان هۆکاری شێوانی ئاسایشی دانیشتوانن له‌دیمۆگرافیای ئێراقدا که‌ رێژه‌ی کورد کزده‌بێت‌.‌ مرۆڤ که‌ متمانه‌ی به‌ئێسته ‌نه‌ماو ‌داهاتووی منداڵه‌کانی به‌قه‌رزاری بزانێت، ئیتر منداڵخستنه‌وه تاوانه‌‌‌.
له‌کاتێکدا‌، پێگه‌ی باشتان بۆ نه‌وه‌کانی خۆتان مسۆگه‌رکردووه‌. هه‌ر له‌خوێندن، ته‌ندروستی به‌کواڵیتی، داهات‌و جێوڕێی خۆشبژێویی‌ تا پله‌ی به‌رزی ده‌سه‌ڵا‌ت‌. به‌ڵام، بۆ نه‌وه‌کانی من و هاوڵاتیان، قه‌رزی پروکێنه‌رتان به‌جێهێشتووه‌. گوناهبارم که‌ بوومه‌ته‌ هۆی خستنه‌وه‌ی نه‌وه‌یه‌ک که ‌خۆی له‌و قه‌رزاربارییه‌دا‌ هچ بڕیارده‌رنه‌بووه‌. بۆیه‌، نابێت وشه‌ی به‌رپرس بۆ خاوه‌نشکۆکان به‌کاربێت. چونکه‌، له‌م هه‌رێمه‌دا‌، به‌رپرسیارێکی تێدانییه‌ که‌ نه‌هامه‌تیه‌کان بخاته‌‌ ئه‌ستۆی خۆی!
وه‌کچۆن هاتنه‌بوون،‌ هه‌ڵبژاردنی زمان، نه‌ته‌وه‌، خاک، کولتور به‌ویستی خۆت نییه‌، ئاوه‌هاش له‌گه‌ڵ سه‌پاندنی باوه‌ڕی ئایینی و نه‌ریتی پێشتردا، قه‌رزیش خراوه‌ته‌وه‌ قوتوی شیره‌وه‌‌. له‌ئایینی کریتسیانیه‌تدا گوناهی بۆماوه‌یی، ئاکامی ئه‌و گوناهه‌ ئه‌به‌ده‌ییه‌ که‌ ئاده‌می باوک وه‌ک نه‌فره‌تێک ‌بۆ نه‌وه‌کانی گوزاراوه‌ته‌وه. ئێوه‌ش‌ نه‌فره‌تی قه‌رزی بۆماوه‌یتیان خسته‌وه‌.
ئاخر، چۆن وه‌ڵامی نه‌وه‌کانمان بده‌ینه‌وه‌ له‌پای چی ئه‌م وڵاته‌ ده‌و‌ڵه‌مه‌نده‌ که‌ خاوه‌نی سامانی ژێروسه‌رزه‌ییه،‌ رۆڵه‌کانی قه‌رزدارن‌؟ چۆن رێیتێده‌چێ خاک و ئاوی ده‌وه‌ڵه‌مه‌ندمان هه‌بێت، که‌چی لایه‌نێکی ده‌ره‌کی ‌وه‌به‌رهێنانی‌ تێدا ده‌کات، من قه‌رزار‌باری بم؟ یان‌، هه‌مان میکانیزمی ئاغاو ده‌ره‌به‌گه‌کانی سه‌ده‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ره‌ که‌ له‌سه‌ر ‌زه‌وی ئاوی خۆت، تۆ قه‌رزداریان بوویت، چونکه‌ خاک و ئاوو زێدی خۆته‌! 
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×