تەنگەژەی کوردبوون لە"مەم‌و زینی خانیی"ەوە تا "داگیرکردنی تاریکی" بەختیار عەلی

نەوزاد جەمال
  2023-06-26     400

لەنێوان ئێستا و سەردەمی 'خانی'دا، پتر لە سێ سەدە جیامان ئەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا کە 'مەموزین'، بەتایبەت دێباجەکەی ئەخوێنیتەوە، وەک ئەوەی لەم سەردەمەدا نووسرابێ و نووسەرەکەشی لە روانگەی مێژووی سێ سەدەی رابووردووەوە کێشەوگرفتە بوونەکیەکانی ئێستەمان تاوتوێبەکات.

راستیەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، جگەلەوەی 'کوردبوون' وەک خۆئاگایی و کوردینووسین و خوێندنەوەی ئەویترەکانی کورد لە دەقەکەی خانیدا لە دایکئەبێت، رابوونێکی رۆشنگەرییانەی روناکبیرێکە دەبێتە مانڤێستێک. خانی چیرۆکی خۆشەویستیەکەی دانەهێناوە، بەڵکو کردوویەتی بە کرۆکی مانڤێستێکی بێداربوونەوەی خۆی و گەلەکەی.

لەبەرئەوە، بەخوێندنەوەی هەمیشە دەکەوینە بەردەم پرسیارێک: بۆچی پاش ئەوەندە سەدە، دەقەکە تازەباوە؟ لەگەڵ ئەوەی رچەشکێنە و پڕە لەچالێنج-تەحەدا-ی نووسین و کولتور و هزر، نۆبەرەی رۆشنگەری مرۆڤی کوردە. دەقێکە لە ئەدەبی کلاسیک و نوێدا تێنەپەڕێنراوە و ئەو پێگەیەی داگیرکردووە، بەزیندوویەتی هێشتوویەتیەوە.

رەهەندی بوونەکی دەقەکە کوردبوونە، تەوەری سەرەکی پرسی چارەنووسی مرۆڤێکی کوردە کە یاخیبوون لە واقیعی داسەپاو، دەیجوڵێنێت. راستە  پێش 'خانی' شاعیری رچەشکێن مەلای جزیری (١٥٧٠ –١٦٤٠) بە کوردی دیوانی نووسیووە، فەقێ تەیران ( ١٥٦٣ – ١٦٤١) ئەفسانەی کوردی زارەکی و دەقەکانی 'قەڵای دمدم'، زەنبیل فرۆش و شێخی 'سەنعان'ی هەیە . بەڵام، خانی بە'مەموزین' کە چیرۆکێکی زارەکییە نەک هەر بپاریزێت و لە دەماودەمەوە بیخاتە سەر کاخەز، بەڵکو ئەفسانەیەکی کوردییانەی خستە نێو وێنەیەکی گشتیی و تراجیدیای بوونەوە. رەوشی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و روناکبیری تێدا بەرجەستەکرد.

  هەر خۆشی دەقەکەی بە 'بیدعە' ناودەبات. چونکە، خۆشەویستی و پرسی 'بوون' سەردەمەکەی وێنائەکات. بەوەش، شان لەشانی کولتوری باڵای دەسەڵاتی رۆم و عەجەم ئەدات. تا نەڵێن کورد خۆشەویستی تێدانییە و نایزانێت یان خوێندەوار و نووسەر، هونەر و هەستیان نییە. ئیتر بە مەموزین، رکابەری جامی و نیزامی و هاوکات نەخشاندنی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد و پرسە هزریی و فەلسەفیی و عیرفانییەکانیی کردووە.

ماوەیەکە سەرقاڵی سەرلەنوێ خوێندنەوە ئەو شاکارەم. هەڵبەت، مەبەستم نییە لێوەی وەڵامی ئەوەم دەستکەوێ کە بۆچی بەمڕۆژە گەیشتین؟ بەڵام، بەدڵنیاییەوە وەڵامی ئەوەی بۆ ئەوێستا دۆخی کورد وابووەی تێدایە. تێکەڵکردنی خوێندنەوەی ئێستا بۆ رابوورد و رابوردوو بۆ ئەمڕۆکە، بارکردنی دەقە لەواتا و رەهەندی جیاواز کە خاوەن دەق نایڵێت.

راستە دەق پڕە لەنەووتراو و کاری توێژەر دەرخستنیانە. بەڵام، ناکرێ خانی جارێ مارکسی و رۆژێ نەتەوەیی یان سۆفی و مەلا و جارێکیس شاعیر بێت. راستە، ئەو توخمانە هەموویان خانییەکی دانسقەیان دروستکردووە. بەڵام، کورتکردنەوەی لە یەکێکیاندا، هەڵەیەکی میتۆدییە.

ئەوەندەی خوێندەواران لە حوجرەکاندا دەقەکانی سەعدی و حافز و هتدیان خوێندووە، چیئەبوو مەموزینیش لەگەڵیاندا بخوێنرایە؟ زمانی دایک نەدەچووە ئاستێکیترەوە؟ خانی بەزمانی دەقەکەی تەحەدای فارسی و عەرەبی وەک تاکە زمانی فەرمی ئەدەب/ دیوەخان-سیاسەت و شەرع و ئایین. بەدیوانەکە دەبێتە هاوشانییان.

دەقەکەشی زۆر راڤە هەڵدەگرێ، هەر بۆیە، 'د. عیزەدین مستەفا رەسول' پاش وەرگرتنی دکتۆرایەک لەسەر خانی وەک شاعیر و فەیلەسوف، نزیکە هەڤدەساڵ بەردەوامی بەنووسین و وانەتنەوە سەرۆکاری بووە. 'جان دۆست' نووسەری رۆمانی "میرنامە" لەسەر خانی، بیست ساڵی رەبەق کاری لەسەر میراتی هزری خانی کردووە. لای کەمال میراودەلی' خۆئاگایی نووسەر لە بارەی پرۆژەکەی کە دەبێ چی بکات، کێ و بۆچی و لەچ سەردەمێکیشدا لە دەقەکەدا رەنگیداوەتەوە. خانی وەک نووسەر، وەک کوردێک و بیرکەرەوە و گێڕەوەیە لە تاونوپۆی دەقەکەدا ئامادەیی هەیە.

شاکارەکە وەک شانۆنامەیەکە کە چەندان دیمەنی سەربەخۆ لە خۆدەگرێت. بەهۆی ئەو فرەڕەهەندییەشەوە،  خویندنەوە و راڤەی جیاوازی کراوە: وەک تۆفیق وەهبی، سەجادی و د.عیزەدین، جەمال نەبەز و حەمەی مەلاکەریم، فەرهاد شاکەلی و ئەمیری حەسەن پوور ومامۆستا جەعفەر و هەژار و هێمن و قزڵجی و هتد... جگەلەوەی نووسەرانی بیانیش وەک 'مارتین فان برونەسەن' و 'میخیل لەیزنبێرخ' و مایکڵ چایت دکتۆرایەک و هتد... کاریان لەسەر کردووە.

لەسەرەتادا خانی داوا لەمیگێڕ ئەکات و لەپەستی حاڵ و بارودۆخی کورد بەنۆشینی قومێ مەی(مەجازی) سەرگەرمبێ و نالەباری گەلەکەی بدرکێنێت. مەی وەک هیزی پارسەنگی تاڵی و سەختی ژیان، وادەکات مرۆڤ بێسانسۆر و سڵکردنەوە ناخی خۆی هەڵبڕێژێ و نەووتراوەکان بخاتەڕوو. دەشێت ئەو واقیعە دژوارەی سەردەمی خانی وەک دۆخێکی "نائاگایی بێهۆشیی" بێت کە هێشتا کورد وەک پێویست بەئاگا نەهاتۆتەوە. بۆیە، لە حیکمەتی خوا سەرسامە  چما کرمانج «کورد» لە دەوڵەتی دونیادا، لە سەربەخۆیی بێبەش بووە و بوونەتە ژێر دەستەی ئەوانیتر؟

لەبەرئەوە، ووتەکەی 'دەیڤید ماکدۆاڵ' زێدەڕەوی تێدانییە کە خانی وەک ریزپەڕێک لە مێژووی کوردا ئەبینێت. چونکە، کورد وەک "نەتەوە" جگەلە چەرخی هەڤدەدا کە خانی ئاماژەی پێکردووە، شوناسی باسنەکراوە. خانی کوردی وەک نەتەوە و جڤاکێکی هاویەک نەک خەڵکانیکی پەرتەوازە و بیهەبوونی بیروخەونی هاوبەش، وێناکردووە. راستە، کورد وەک گروپ و خەلکانێک کە میژووییەکی دێرینیان هەیە، بەڵام پێشتر لە خانی وەک کۆمەڵگایەکی-سیاسی- هاودید و هاوبەش و یەکجەستە باسنەکراوە. لەبەرئەوە، مەموزین(1692)  بە بناغەیەکی کانونی فەرهەنگی کوردیی دادەنرێت.

لە رۆمانەکەی بەختیاردا 'کوردبوون' تاریکایی پەتایەکی هزری و ئایدۆلۆجیای سیستمی دەوڵەتی تورک کە سیاسەتی 'نکولیکردن لە بوونی کورد' دەردەخات. ئەو سیستمەش نەک تەنها سیاسەتێکی دەوڵەتی مۆدێرنی تورک دەردەخات، بەڵکو ئەو بنەما و کۆڵەکەیە کە دەوڵەتەکە لەسەریبەندە. سڕینەوە و نکولیکردن لە کورد وەک ئەویتری تورک دروستبووە. کوردبوون رێگربووە لە بەرامبەر پرۆسەی تواندنەوە-ئەسیمیلاسیۆن- و دروستکردنی کۆمەڵگایەکی تاکنەژاد و تاکنەتەوە. "تورکبوون"، دەوڵەتی تورک داڕێژراوێکی هزری مۆدیرنە کە لەسەربەنامی ئیتنێک/نەژادێکی باڵا سازکراوە. نەک هەرنکوڵیکردن لە ئەویترێک- کورد- پێشمەرجیەتی، بەڵکو مانی خۆی لەنەمانی ئەویتردا دەبینێتەوە. کورد لەمپەرێکە، دیوارێکی پۆڵاینە لەبەردەم پرۆسیە بەتورککردندا. تەنانەت دواتر، کوردبوون شۆکێکی کولتوریی تورکبوونە بەڕادەیەک کە تورک ناتوانی لە بوونی کورد تێبگات چجای پەسەندیکات. لەبەرئەوە، ویستیویەتی ئەوتیری خۆی بکات بە تورک وەک رێگەچارەی ژینکردن.

بۆیە، بەختیار ناچاربووە جێگۆڕکیکە بە تورک بکات. مادام ناتونێ خۆبخاتەجێی کوردێکەوە، دەبێ رۆژێ لەخۆوە تورکبوونی لەبیرچێتەوە بە کوردی بدوێت. بێئەمەش ئەستەمە بۆی لە ئەویتری خۆی تێبگات و بزانێ جینۆسادیکردنی چەندە کارەساتبارە. تا تورک خۆی نەبێت بەکورد، جیاوازیی قبوڵکات.

رەنگە، پاش خانی رۆمانەکەی بەختیار توانبێتی لە فۆرمێکی ئەدەبیدا هەوێنە نەژادپەرستییەکە وێنابکات. بۆیە، کارەکەی ئەو دیوە هەڵگێڕاوەکەی خانیە لە مەموزین دا. خانی دادوبێدادێتی لەوەی کورد کوردبوونی خۆی لەبیرکردووە و لە خواستی ئەویترەکانیدا(رۆم، عەجەم، عەرەب) پێکارێکە. لای بەختیاریش، تورکبوون ناگاتە مرۆڤبوون، ئەگەر کوردبوون قبوڵنەکات وەک بنەمایەکی پێکەوەژیان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×