ئەو چل رۆژەی بناغەی حوکمڕانی بنەماڵەی بارزانی تێدا داڕێژرا

ئارام ره‌فعه‌ت
  2019-06-10     2064


 بەشی یەکەم: دەسپێک


رۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٩ نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم سوێندی یاسایی خوارد و لەماوەیەکی کورتیشدا چاوەڕوان دەکرێت مەسروری ئامۆزا و ژنبراشی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەسبەکار بێت. مەسعود بارزانی مام و خەزوریشی وەک ئەمری واقیع رۆڵی مەرجەعی هەرێمی کوردستان دەگێڕێت و کوڕو برازاکانی تری مەسعود بارزانیش چەندان جومگەی هەستیاری ئەمنی و سەربازیی هەرێمییان قۆرخ کردووە. جگە لەوە، زۆرینەی پۆست و پایە سەرەکی و گرنگەکانی کوردستان  لەدەستی پارتیدان و ئەو پۆستانەش کە دراونەتە (یان دەدرێنە) حیزبەکانی تر، بنەماڵەی بارزانی دوا قسەی لەسەر دەکەن و بێ ئۆکەی و رەزامەندی ئەوان، هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت هیچ پۆستێکی هەرێم بەدەست بێنێت و هەندێک جار ئەم باڵادەستییەی پارتی تا دەستنیشان کردنی سەرۆکی لیستی حیزبەکانی تر دەڕوات.
 بەمجۆرە، لە ئێستادا، بنەماڵەی بازرزانی بنەماڵەی حاکمی فەرمی و بێ رکابەری هەرێمی کوردستانن. لانی کەم لە دوای ئاشبەتاڵ (هەرەس)ی شۆڕشی ١٤ ساڵەی ئەیلول لەسەر دەستی مستەفا بارزانی باپیرەیان، هیچ کاتێک پێگەی ئەو بنەماڵە و حیزبەکەیان (پارتی) هێندەی ئێستا بەهێز و بێڕکابەر نەبووە. 
پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە، چۆن بنەماڵەی بارزانی کە بەرپرسی سەرەکی ئاشبەتاڵەکەی شۆڕشی ئەیلول، خاوەنی ٣١ی ئاب و (دوای داعش) ئەو بنەماڵە و حیزبە بەرپرسی سەرەکی جینۆسایدی شەنگالن، توانییان حوکمڕانی میرایەتییەکەیان(هەندێک بەهەڵە بە سوڵتانیزمی ناوزەدە دەکەن) بەسەر کوردستاندا بسەپێنن؟
وەڵامی ئەم پرسیارە ئاڵۆزتر دەبێت ئەگەر ئەوە بخەینە پێشچاو کە لە دوای ئاشبەتاڵ تا راپەڕینی ١٩٩١ ئەو بنەماڵە و حیزبەکەیان (بەهۆی ململانێ و کێشەکانییان لەگەڵ یەکێتیدا) بەشێوەیەکی گشتی لە کۆمەڵگای باشور دابڕابوون و هیچ کاریگەرییەکی کردەیی بەرچاوی وایان بەسەر زۆربەی هەرە زۆری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و کەرکوکدا نەبوو. 
جگە لەم هەقیقەتانەی سەرەوە، رۆڵی پارتی لە راپەڕینی ١٩٩١دا رۆڵێکی لاوەکی و پەراوێز بوو، ئەوانەی شاهیدی راپەڕین و پرۆسەی راماڵینی هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەری عێڕاق بوون، ئاگاداری ئەوەن کە پارتی هەم لەئاستی بەشداری و ئامادەیی مەیدانی و هەم لە ئاستی میدیاییدا  بەگشتی غائیب و بێ کاریگەر بوو. بێجگە لەوە، پارتی و هەر یەک لە مەسعود بارزانی و نێچرڤان بارزانی، لە ٢٨ ساڵەی بەشدارییان لە ئەزموونی حوکمڕانی هەرێمدا، بەتایبەتی لە پۆستەکانییاندا وەک سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران، دوو کارەکتەری فاشیل و بێ دەسکەوت بوون و جگە لەوەی بەرپرسی سەرەکی لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستانن، لەهەمانکاتیشدا بەرپرسیارێتی هەرەسهێنانی ئابووری کوردستان و پەرتەوازەیی ناو ماڵی کوردی و سیستەمی پاشەکەوتی موچە (کە لەراستیدا سیستەمی برسی کردنی نەتەوەیەکە). 
زۆرینەی چاودێرانی سیاسی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوەدا ئاماژە بە فاکتەرگەلی جۆراوجۆر دەکەن، لەوانەش: لاوازی و پەرتەوازەیی رکابەرەکانی؛ سەنترالیەت (ناوەندێتی) دەسەڵاتی بڕیاردان لەناو پارتیدا و نەبوونی کێشەی سەرکردایەتی و باڵباڵین وەک حیزبەکانی تر؛ وە ناوشیاری کۆمەڵگای کوردی.
ئەم فاکتەرانەی سەرەوە رەنگە هۆکارگەلێک بن کە هاوکاربووبن بۆ هەڵکشان و بەهێزبوونی پێگە و دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و چەسپاندنی پایەکانی ئەو سیستەمە میرایەتییەی کە خەریکە بەتەواوی شکڵ دەگرێت. بەڵام هیچ کام لەم فاکتەرانە ناتوانن وەڵامی تەواوی پرسیاری هەڵکشان و بەهێزبوونی ناسروشتی جێگە وپێگەی بنەماڵەی بارزانی و حیزبەکەیان بدەنەوە.
ئەم بابەتە لەچەند بەشێکدا تیشک دەخاتە سەر روداوێکی مێژوویی کەمتر باس لێکراو. روداوێک کە هۆکارێکی ئەساسی ئەم هەڵکشان و بەهێزبوونە ناسروشتییەی بنەماڵەی بارزانییە بێ ئەو ڕوداوە مێژووییە مەحاڵ بوو ئێستا نێچرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسروری ئامۆزای سەرۆکی حکومەت و مەسعود بارزانی مامی سەرۆکی هەرێم بن.
ئەو روداوە مێژووییەش، سەردانە چل (٤٠) رۆژییەکەی ساڵی ١٩٩١ی مەسعود بارزانییە بۆ بەغدا.
 لە ٧ی ئایاری ١٩٩١، مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی وەفدی دانوسانکاری بەرەی کوردستانی دەچێتە بەغدا و تا ١٧ی حوزەیرانی هەمان ساڵ لە بەغدا مایەوە. واتە، دوور لە هەموو عورف و یاسا و رێسایەکی دانوسان و گفتوگۆ، مەسعود بارزانی بۆ ماوەی چل رۆژ و بێ ئەوەی بۆ جارێکیش بگەڕێتەوە بۆ کوردستان لەبەغدا دەمێنێتەوە. 
ئەم خولەی کە مەسعود بارزانی سەرکردایەتی دەکات ودووەم خولی دانوسانی نێوان بەرە و بەعس بوو وە بەئەندامێتی نەوشیروان مستەفا لە یەکێتی و رەسول مامەند لە حسک و سامی عەبدولرەحمان لە پارتی گەل بوو. خولی یەکەم بەسەرکردایەتی جەلال تاڵەبانی و بە ئەندامێتی نێچیرڤان بارزانی و نوێنەری حیزبەکانی تر دەبێت. خولی یەکەم تەنها دوو سێ رۆژ دەخایەنێت و وەفدەکە بۆ مشوەرەت و گفتوگۆکردن دەگەڕێنەوە کوردستان. 
لەم دانوسانە چل رۆژییەدا، وەفدە هاوکارەکەی مەسعود بارزانی، لەوانەش نەوشیروان مستەفا، دوای چەند رۆژ بەغدا بەجێ دەهێڵن. زۆرینەی سەرکردایەتی بەرەی کوردستانی لەو کاتەدا داوایان لەمەسعود بارزانی کرد کە ئەویش بەغدا بەجێ بهێڵێت. بەڵام ئەو سوور بوو لەسەر ئەوەی تا رێککەوتن (ئیتفاقییە)ی نێوان بەرەی کوردستانی و بەعس واژۆ نەکرێت ناگەڕێتەوە بۆ کوردستان و زۆربەی ئەو چل رۆژە مەسعود بارزانی بەتەنیا لەبەغدا مایەوە و لەگەڵ سەرانی بەعس و بنەماڵەی سەدام لەگفتوگۆ دابوو. 
بە کنەکردن، شیکاریکردن و تیشکخستنە روداوەکانی ئەو سەردەم، ئەم بابەتە لە چەند بەشێکدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوەی لە ماوەی ئەم چل رۆژە لە بەغدا رووی دا لەروکەشدا بۆ رێکەوتنی نێوان بەرەی کوردستانی و رژێمی بەعس بوو بەڵام ئەوەی مەسعود بارزانی لە بەغدای بەدەسهێنا جگە لە رێکەوتن (ئیتیفاقییە)لەگەڵ بەعس و دامەزراندنی بناغەی هاوپەیمانییەتیەکی درێژخایەن و هەمەلایەنەی نێوان بارزانی-سەدام (پارتی-بەعس) هیچی تر نەبوو. هاوپەیمانەتییەک کە لەسەرێکەوە تەمەنی رژێمەکەی سەدامی درێژکردەوە و لەسەرێکی تریشەوە، هێندە پشتیوانی سیاسی، سەربازی، دارایی، لۆجیستی و هەرێمی بۆ مەسعود بارزانی و حیزبەکەی فەراهەم کرد کە لەسایەیدا و سەرەنجام ئەو بنەماڵە و حیزبەکەیان هێندە بەهێز ببن کە بناغەی حوکمڕانی میرایەتی دابڕێژن و ئەمڕۆ ببنە حاکمی بێ رکابەری هەرێمی کوردستان.
چاوەروانی بەشەکانی تری ئەم بابەتە بن. 
  


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×