با رۆژئاوا یەکمان بخات نەک پەرتمان بکات

شۆڕش حاجی
  2019-10-11     983
یەکێک لە خەسڵەتەکانی نەتەوە ئەوەیە کە کارەسات‌و روداوی مێژویی نەتەوە یەک دەخات. بە واتایەکی تر هەستی ئینتیما بۆ نەتەوەو هاوسۆزی‌و یەک هەڵوێستیی نەتەوەیی لای هەر تاکێکی نەتەوە لەو کاتەی کارەساتێک بەسەر کۆمەڵێکی ناو نەتەوەکە دێ، بەهێزترو کاریگەرتر دەبێ. ئەم حاڵەتەش بە فاکتەرو پێناسەی زیندویی ئەو نەتەوە هەژمار دەکرێ. کوردیش وەک هەر نەتەوەیەکی تر ئەم راستییە زانستییەی بەسەردا جێبەجێ دەبێ.

لە ئێستادا بیرو هۆشی هەمو کوردێک لای رۆژئاوای کوردستانە، بەهۆی پەلاماری سوپای تورکیاوە. کەسێک نیە کە تۆسقاڵیك هەستی کوردایەتی‌و کەرامەتی نەتەوەیی تێدابێ بیری لای ئەو هێرشە نەبێ‌و لەگەڵ خوشک‌و برا کوردەکانی رۆژئاوای کوردستان هاوسۆز نەبێ. بۆیە دەکرێ ئەم روداوە ببێتە مایەی یەکخستنی کوردو ئاراستەکردنی هەمو تواناو هەوڵەکانمان لەپێناوی بەرگریکردن لە کوردو بەدەسهێنانی دەسکەوتی نەتەوەیی. چونکە زۆر جار کارەساتی نەتەوەیی لە مێژودا بۆتە مایەی ئازادی‌و رزگاربون‌ لە چەوسانەوەو ژێردەستی.

ئاشکرایە کە ئامانجی ئەو پەلامارە دڕندانەی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن سوپای تورکیاوە کوشتن‌و بریندارکردنی زۆرترین ژمارەی کوردو ئاوارەکردنی ژمارەیەکی زۆرترو لەناوبردنی ئەزمونی ئیدارەی خۆجێیی کوردەکانی رۆژئاواو تەتریک‌و تەعریبکردنی ئەو بەشەی کوردستانە. لەبەرامبەردا کوردەکانی رۆژئاوا تا ئێستا بەرگری لە خۆیان دەکەن‌و بڕیاریان داوە بەردەوام بن. لە بەشەکانی تری کوردستانیش تا ئێستا، جگە لە قسەکردن، هیچ بڕیارو هەنگاوێکی عەمەلی بۆ پشتگیریکردنی کوردەکانی رۆژئاوا نەنراوە.

زۆربەی هەرە زۆری حیزب‌و سەرکردە سیاسییەکانی کوردستان نیگەرانی خۆیان سەبارەت بەم پەلامارە دەربڕیوەو بەشێکیشیان ئیدانەیان کردوە. بەڵام ئەوەی پێویستە بکرێ کۆمەکی لۆجیستی‌و هاوکاری دارایی‌و چونی هێزی پشتیوان‌و ناردنی تەقەمەنی‌و کەرەستەی شەڕو داوودەرمانە، کە تا ئێستا هیچی نەکراوە. بەڵام دور نیە لە ئەگەری درێژەدانی ئەم بارودۆخەو دەرهاویشتەو روداوی نوێدا ئەوانە بکرێن. بەمەش خەڵکی کوردستان دەیسەلمێنن کە مەسەلەی کورد لە هەمو کوردستان یەک مەسەلەیە.

کوردەکانی رۆژئاوا لەئێستادا تەنیا نین، چونکە لەم هەلومەرجەدا زۆربەی خەڵکی کوردستان‌و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی‌ هاوسۆزی ئەوانن‌و دەنگیان لە دژی ئەو پەلامارەی تورکیا بەرز کردۆتەوە. هەروەها چاوەڕیی ئەوە دەکرێ لە داهاتودا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتیوانی زیاتری کورد بکەن. بۆیە ئەرکی نیشتیمانی‌و نەتەوەیی هەر کوردێکە کار بکات بۆ ئەوەی ئەم هەلە بۆ قازانجی نەتەوەیی‌و پاراستنی خاک‌و خەڵکی کوردستان بشکێتەوەو هاوکارو پشتیوانی خوشک‌و براکانمان بن لە رۆژئاوای کوردستان. یەک جاری تر لە مێژوی نوێی گەلەکەمان‌و لە هەلومەرجێکی تردا هەلێکی لەم بابەتە بۆ کورد هاتە پێشەوە، ئەویش دوای کارەساتی ئەنفال‌و کیمیابارانی هەڵەبجە بو. یەکدەنگی‌و یەکهەڵوێستی کورد لەو سەردەمە، بوە مایەی بەدەسهێنانی سۆزو پشتیوانی زیاتری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی‌و کرانەوەی دەرگای دیپلۆماسی دنیا بەڕوی گەلی کوردا.

ئەگەر کەسێک هەڵوێستی نیشتیمان پەروەرانەو نەتەوەییانەی کەسایەتی‌و هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی لەلا زۆر گرنگ بێت، ئەوا خۆ بەدورگرتن لە قۆستنەوەی ئەم روداوە کارەساتبارە بۆ دەسکەوتی حیزبی‌و شەخسی‌ زۆر لەوە گرنگترە. ئێستا کاتی ئەوەیە هەمو کوردێک لە دنیا بەشێوازی مەدەنیانەو لەڕێی خۆپیشاندان‌و پەیوەندیکردنەوە بە میدیا جیهانییەکان‌و پەرلەمانتارو کۆنگرێسمان‌و بەرپرسە حکومییەکان‌و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنییەوە هەست‌و سۆزی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زیاتر بەلای دۆزی کوردا رابکێشێ. بەڵام ناکرێ‌و نابێ ئەم دەرفەتە لەژێر ناوو ئاڵای هیچ حیزبێک‌و وێنەی هیچ کەسێکدا ‌لەبار ببرێ. ئەگەر وا بکرێ بە دڵنیاییەوە مەسەلەکەمان بچوک دەبێتەوە، چونکە هەمو کەسێک ئامادە نیە لە ژێر ئاڵاو وێنەی هیچ حیزب‌و کەسێکدا بەشداری لەو چالاکیانە بکات. هەروەها ئەگەر وابکرێ ئەوا خۆمان بیانو دەدەینە دەست دەسەڵاتدارانی تورکیا کە راستییەکان بشێوێنن‌و ئاراستەی تاوانەکەیان بەلایەکی تردا بەرن. بۆیە ئەگەر هەر کەس‌و لایەنێک وا بکات، ئەوا بیانەوێ یان نا، بەم کارەیان خزمەتی ئەجێندای داگیرکەرانی کوردستان دەکەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×