ئایا ئەمە قورسە بۆ تێگەشتن؟

سامانـی وەستا بەکر
  2019-11-18     1146
ئایا ئەمە قورسە بۆ تێگەشتن؟
دوژمنی دوژمنەکەم دوژمنمە
ئەو سیاسەتەی تا ئێستا لەهەرێمی کوردستان‌و بەتایبەتی‌و سێ بەشەکەی تری کوردستنایشا بەشێوە گشتیەکەی بەڕێوە ئەبرێ پشت بەستووە بەو پەندە کۆنەی کە ئەڵێ (دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە) کە ئەمە ئەگەر بۆ سەردەمانێک کاری پێکرابێ بەهۆی سانای ژیان و دووری ناوچەکان لەیەک، بەهۆی نەبوونی ئامێری گواستنەوەی خێرا و نەگەشتن هەم بە دۆست و هەم بە دوژمن، چونکوم بۆ هەر پەیوەندی بەستنێک کاتێکی زۆریان پێویست بووە بۆیە زۆرترین کات پێوەی پابەندبوون و هەرکاتێک دوو لایەن لەسەر دوژمنە هاوبەشەکەیان هاوڕابووبن ئەوا خۆیان بوون بە دۆست بۆ دوژمنایەتی لایەنی سێیەم، بەڵام چیتر ئەو تیۆریە کاری پێناکرێ  بۆ ئێستا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا و خێرای ئامێرەکانی گوستنەوە  کە بەشێوەی جیاواز و ئاسان و تێچووی کەمەوە لەبەردەستان.

ئەگەر دوێنێ دوژمنی دوژمن دۆست بووبێ ئەوا ئەکرێ ئەمڕۆ دوژمنی دوژمنەکەم دوژمنی منیش بێت یان دوژمنێکی هاوبەش بێت لەسەر ئەو بنەمایە پەیوەندی دۆستانە یان پێچەوانەکەی ڕێکنەخرێت.

نەک کایەی ڕامیاری بەڵکو ئەوەی باوە لەناو کۆمەڵگەو خێڵ و تاکەکانیشا هەر پشت بەستن بەو دەستەواژەیە دۆستایەتی و یار و نەیار مامەڵە ئەکرێن و پەیوەندیەکان دائەڕێژرێن کە ئەکرێ هۆکارێک بووبێ و تا ئێستاش هۆکارێک بێ بۆ بەهەڵەداچوون.

ئەوەی مێژوو بۆمان ئەگێڕێتەوانێ کورد جا چ خێڵ یان مێرنشێن یان خێزانێکی باڵادەست یان حیزبێکی سیاسی بووبێ هەمیشە لەکاتی ناکۆکیاک پەنای بۆ ئەو دەوڵەت و هێزە ناوچەییانە بردووە کە دوژمنی برای نەژادەکەی بووە تا لە پەنایا  سەرکەوتنێکی کاتی بۆ خودی خۆی یان خێڵ و خێزان و حیزب بەدەست بهێنێ لەبەرامبەر دۆڕان و ماڵوێرانی بۆ کورد و خاک و ناشرێن کردنی مێژووەکەی، بەجۆرێک مێژووی کورد پڕە لەو پەنا بردنە بۆ دوژمن ڕاودوونان و بێ هێزکردنی کورد بە دەستی کورد کە ئەکرێ ٣١ی ئاب ڕوونترین مێژووی نوێ بێ کە کۆی ئەو نەوانەی گەواهی دەری ئەوەن ئێستا لە ژیانا ماون.

لەدواین پەیامی ئاڕاستەکراوی سەرۆکی هەرێم نێچیروان بارزانی بە ئاسانی هەست بە پەیڕەوکردن و پابەندبوونی ئەو دەستەواژەیەوە ئەکرا (دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە) کە ووتی (تورکیا  کێشەی لەگەڵ کوردا نیە بەڵکو کێشەی بوونی پ.ک.ک هەیە) لێرەشا مەبەستی ئەوەبوو  یان ڕاستر لەلایەن خەڵکانی غەیرە کوردەوە وا لێک ئەیرێتەوانێ کە ئەو کۆمەڵ کوژی و داگیرکاریەی تورکیا لە ڕۆژئاوا ئەیکا کارێکی ئاساییە چونکە ئەوان دوژمنی پ.ک.ک و  هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ نەتەوەی کورد نیە، واتە داپۆشینی داگیرکاری "تورکیای دۆستی پ.د.ک" بەرامبەر تاوانبار کردنی "پ.ک.ک دوژمنی هاوبەشی تورکیاو بەداخیشەوە پارتی".

سەرۆکی هەرێم کە پێێ ئەچێ پەیامەکەی پێگەشتبێ لە تورکیاوە نەیتوانی ئەو ناکۆکیە سیاسیەی نێوان پ.د.ک و پ.ک.ک تێپەڕێنێ و کاری بە دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە کردو پەیامێکی بە جیهاندا، کە میلەتی کورد یان لایەنی کەم حکومەتی هەرێم تێگەشتنی بۆ ئەو داگیرکاری و خوێنڕێژیەی تورکیا هەیە چونکە ئەوان کار بۆ پاراستن و توندوتٶڵ کردنی سنوری خۆیان ئەکەن لەبەر ئەو هۆکارە ڕەوای بەهێرشەکانیان ئەدرێ ئەگەرنا تورکیا کێشەی لەگەڵ میلەتی کوردا نیە و بگرە دۆستیشمانە  ئەمە لەکاتێکا زۆرینەی هەرە زۆری وڵاتانی ناوچەکە و هەرێمایەتی و جیهانیش ئەو هێرشە بە داگیرکاری و پاکتاوی سیاسی بێ بنەما و مەبەستی شاراوەش لێێ پاکتاوی نەژادی ئەناسێنن.

ئەوەی سەیرە ئەوەیە کە کەسێک یان لایەنێک یان حیزبێکی سیاسی هەبێ لە سەدەی بیست و یەکا تا ئێستاش بۆ دژایەتی لایەنێکیتری هاونەژاد پەنا بۆ نەتەوەیەک و وڵاتێکیتر بەرێ و مێژوو دەستی نەسوتانبێ!

پەیوەندیەکانی نێوان پەکەکە و پارتی ئەگەرچی ساردیشبێ یان پێشتر هەرچۆنێک بووبێ بەڵام هەرگیز ئەمانە نابێ ئێسکی یەکتر بشکێنن، بەڵام مەخابن ئەوەی پارتی و یەکێتی و حکومەتی هەرێم ئەیکەن لە هاوکاری کردنی تورکە مەگۆلیەکان هەر دووبارە کردنەوەی "دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە"یە کە ئەمە هەڵەیەکی مێژووی ناشرین ن وقێزەون و ئابڕو تکێنە و ئەبێ نەفرەتی لێبکرێ چونکوم ڕاستیەکەی ئەوەیە (دوژمنی دوژمنەکەم دوژمنی منیشە)، ئەوەتا تورکە مەغۆلیەکان نایشارنەوە و پڕ بەدەم هاوارەکەن و ئەڵێن هیچ کیانێکی کوردیان گیرانیە ئەگەرچی لە هەسارەیەکی تریشبێ و ئەوەی ئێستاش لە باکوری عێراق هەیە بەزمانی ئەوان کە مەبەستیان هەرێمی کوردستانە پێشتر بەهۆی ڕەوشی ناوچەکەوە سەپێنراوە بەسەریانا ئەگەرنا ئەوەشیان پێ زۆرو ناپەسەنە بەڵام ڕاستیە مێژووەکەی ئەوەیە کە لەو سەردەمەی حکومەتی هەرێم دروست بوو تورکیا وەک وڵات بێ هێز بوو ئەگەرنا هەر ئەو کات ڕێیان نەئەیا حکومەتی هەرێم ڕووناکی ببینێ.

کوردستان لە مێژووی دوور و درێژیا زۆرجاو کەوتۆتە نێوان دوو زلهێزەوە یان زیاتر، ڕێڕەو بووە بۆ لەشکرکێشی ئیمپراتۆرەکان بۆ سەر وڵاتێکی تر، یان شەڕگای شەڕکەران بووە و هەر‌ هێزێک شکستی خورادبێ لە چیاکانی کوردستان خۆی شاردۆتەوانێ.
ئەم جەنگانە کاریگەری جیاواز و ناجۆری لەسەر ئابوری و ڕامیاری و کۆمەڵایەتی و بگرە دەروونی کورد بەجێهێشتووە و خراپ بەسەریا شکاوەتەوە.

ئەگەر بە خێرای تەماشای مێژوو بکەیەن هەر لە هەزارەکانی پێش زایینەوە هەتا ئەمڕۆ، شاڵاوی هێرش و لەشکرکێشی و پاشەکشێی هێزەکان بەناو کوردستانا ئەبینرێت. هەر لە سۆمەرو ئەکەد و بابلیەکان و فیرعەونی و ئاسوری و ئورارتۆو سەکسی و حسی و ولیدیەکانەوە هەتا ئەگاتە یۆنان و مەکدۆنی و ڕۆمەکان و پاشتریش بۆ سەردەمەکانی هەخامەنشی و ئەشکانی و سلوقی و ساسانیەکانەوە تا ئەگاتە فتوحات"داگیکاری" ئیسلام و سەردەمەکانی ئەمەوی و عەباسیەکان، بە هێرشی تەتەر و مەغۆل جەنگیزخان و هۆلاکۆ و تەیموری لەنگ و ئیلخانی و جەلائری و ئۆزبەگی و ئەفشاری و تەیموری و سەفەوی و قاجاریەکانەوە، سەدەی نوێ و ئیمپریالیستە ڕوسی و هەڵگیرسێنەرانی جەنگە جیهانیەکانی یەکەم و دووەم و هەتا جەنگی عێراق ئێران و هەتا ئێستاش بەردەوامی هەیە.

هەموو ئەمانە یان شەڕەکانیان هێناوەتە  خاکی کوردستان یان کوردیان کردووە بە گژی لایەنێکیتری دژی خۆیان یان کورد کراوەتە سوپەری هێزێکیتریان وەک وەرەقەیەک بۆ پاڵەپەستۆ لەسەر لایەنێکیتر یان کوردی ناوچەیەک کراوە بەگژی ناوچەیەکیترا، بۆ هەموو ئەمانەش هەمیشە کورد بەوە لەخشتە براوە کە دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە و هەمیشەش ڕاستیەکەی ئەوە بووە کە کورد وەرەقەیەک بووە لە یاریەکانا و هەمیشە هەردوولایەنی شەڕکەر دوژمنی کوردن.

یەکێک لەو نەگبەتیانەی لە مێژووە کوردی تێوەگلاوە و تا ئێستاش شوێنەواری وەک سێبەر بە دوای کوردەوەیە شەڕی چاڵدێرانی ساڵی ١٥١٤ی زاینی بوو، ئەم شەڕە بەجۆرێک کوردی زەرەرمەند بووە لێی بە هیچ جۆرێک دەەلایەنی شەڕ عوسمانی و سەفەوی زەرەرمەند نەبوون و کارێکی کردووە کە تا ئێستاش ماڵی کورد کۆنابێتەوە و هەمیشە لایەنە بیرە ئایدیا جوداکانی کورد لەژێر سێبەری یەکێک لەم دوو بەرەی شەڕەی چاڵدێرانان کە لە ئێستایا لە تورکیای مەنگۆلی و ئێرانا خۆیان نمایش ئەکەن.

کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان بەهۆی خەمساردی و بەرژەوەندی کەس و خێڵ و حیزبە سیاسیەکانەوە هەمیشە  لەژێر باڵی ئەم دوو وڵاتەیان و دژایەتی یەکتر ئەکەن و بۆ پشت شکان و دۆڕانی یەکتر یەکێکیان ئەبێتە جاشی تورکیا و ئەوی تریشیان ئێران هەر فێر نەبوون کە دوژمنی لایەنێک یان بەرەیەک یان حیزبێک یان کانتۆن و هەرێمێک دوژمنی هەموو کوردە بێ جیاوازی!

پرسیار:
ئــــــایــــــا ئەمە قورسە بۆ تێگەشتن؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×