نادیموکراسی دیموکراسی

سامانـی وەستا بەکر
  2024-02-21     199

دیموکراتی واتا دەسەڵاتی گەڵ بەڵام کاتێ گەل ناهۆشیار بوو چی؟

ئەی ئەگەر دیموکراسی چارەسەری کێشەکان نەکا جێگرەوەی چێیە؟

دیموکراسی: بە یۆنانی بە واتایی: "فەرمانڕەوایی گەل" شێوازێکی فەرمانڕەواییە کە ھەموو ھاوڵاتییەکی "شیاو" بە یەکسانی تیایا بەشدار ئەبن، کە بڕیارەکان بەپێی ڕێنمایییەکانی زۆرینەی ھاوڵاتیان بەھۆی پرۆسەیەکی ھەڵبژاردنی بێگەرد وەرئەگیرێن. کە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرھەنگی لەخۆئەگرێت، کە رێگە بە ھاوڵاتیان ئەیات چارەنووسی ڕامیاری بە ئازادی و یەکسانی دیاری بکەن، ھەروەھا یەکێک لە گرنگترین بنامەکانی دیموکراسی بریتیە لە "بەرپرسیارت"، کە ڕێز لە سیستم بگیرێت و وشیاریت زالبێت بەسەر زەبر و توندوتیژیا.

دەستەواژەی دیموکراسی لە وشەی یۆنانی "دیموکراتیا" وەرگیراوە، کە وشەی یۆنانییەکە لە دوو بەش پێکھاتووە "دێمۆس" واتە گەل و "کراتین" واتە فەرمانڕەوایی. بەمانای "فەرمانڕەوایی گەل". چەندین شێواز لە دیموکراسی ھەیە، بەڵام دوو شێوازی بنەڕەتی ھەیە، کە ھەردووکیان ھەوڵ ئەیەن بۆ چۆنیەتی بەدیھێنانی داواکاری ھاووڵاتییان، یەکیک لە شێوازەکانی دیموکراسی، بریتییە لە دیموکراسی ڕاستەوخۆ کە رێگە بە ھەموو ھاوڵاتییەکی شیاو ئەیات بەشداری ڕاستەوخۆ و کاریگەر ھەبێت لە بڕیاران لە پێکھێنانی حکومەت، وە یەکیکی تر لە شێوازەکانی دیموکراسی، بریتیە لە دیموکراسی نوێنەرایەتی کە لە زۆربەی دیموکراسییە مۆدێرنەکان بەدی ئەکرێت کە ھەموو ھاوڵاتییەکی شیاو لە بڕیارانا دەسەڵاتی باڵادەست ئەمێننەوە بەڵام دەسەڵاتی ڕامیاری بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگای نوێنەرە ھەڵبژێردراوەکان بە نوێنەرایەتی جێبەجێ ئەکرێت.

 

هاوڵاتی شیاو:

هاوڵاتی شیاو بەکەسێک ئەوترێ کە لەڕووی تەمەنەوە و توانای بڕیاردانی هەبێ بۆ هەڵبژاردن و دیارکردنی نوێەرایەتی حیزب، ڕێکخراو یان کەسێک تا دەسەڵاتی خۆی پێببەخشێ و بەنوێنەرایەتی بەشداری لە دەرکردنی یاسا و بەڕێوەبردنا بکات.

 

دەنگدەری شیاو:

بەکەسێک ئەوترێ کە ئاستێكی بەرزی هۆشیاری و تێگەشتنی بۆ لێکدانەوەی بابەتەکان هەبێ و بتوانێ شرۆڤەیەکی ژیرانە بۆ گفت و گوتاری حیزب، ڕێکخراو، کەسایەتیی کاندیدەکان بکات و نەکەوێتە ژێر هەژموونی هەست و سۆزەوە.

 

هەڵەی شیاو:

مەخابن ئەوانەی کە ئەنجامی پرۆسەی دەنگدان و دیموکراسی "فەرمانڕەوایی گەل" یەکلایی ئەکەنەوە هاوڵاتی شیاون نەک دەنگدەری شیاو کە ئەمەش بە گەورەترین و پڕ کێشەترین پرۆسەی دیموکراسی ئەزانرێت بەتایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات و تازە گەشەکردووەکانا چونکوم ڕێژەی هاوڵاتی شیاوچەندین جار بەرامبەر بە دەنگدەری شیاوە بەڵام ئەمە لە ڕۆژئاوا جیاوازترە.

 

جۆرەکانی دیموکراسی:

*دیموکراسی میللی یان ڕاستەوخۆ، ئەمە زیاتر بە "ئەثینی" یان ڕەسەن ناو ئەبرێت لە کۆی جیهانا بوونی نییە.

*دیموکراسی سۆسیالیستی، ئەم جۆرە لە دیموکراسی سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە.

*دیموکراسی مەسیحی و ئاینەکانی تر، لێرەیا ئاین ئەبێ بەسەرچاوەی کۆی یاسا و ڕێساکان و ئازادی بەرتەسک ئەبێتەوە.

*دیموکراسی لینڕال، ئەم نمونەیە ساڵانی زوو زیاتر لە سویسرا و وڵاتانی ئەسکەندەنافیا جێبەجێئەکرا و بەڵام لە ئێستایا کاڵبۆتەوە.

*دیموکراسی ناوەندی، ئەمەیان خراپترین جۆری دیموکراسییە کە شویعییەت بەرهەمی هێناوە، لێرەیا دەسەڵات لای ئەنجومەنی سەرکردایەتییە و گەل ئەبێ گوێرایەڵبێ.

 

زۆر جۆری تری دیموکراسی هەیە، بەڵام بە گشتی دابەش ئەبێ بەسەر دوو جۆرا:

١.  دیموکراسی ڕاستەخۆ. رێگە بە ھەموو ھاوڵاتییەکی شیاو ئەیات بەشداری ڕاستەوخۆ و کاریگەر ھەبێت لە بڕیاردان لە پێکھێنانی حکوومەتا، ئەم جۆرە لە دیموکراسی لە زۆرێک لە وڵاتەکان دەستی تێئەخرێت و کاریگەری ڕاستەوخۆی هاوڵاتی لاوازئەکرێت.

٢.  دیموکراسی ناڕاستەوخۆیان دیموکراسی نوێنەرایەتی. کە لە زۆربەی دیموکراسییە مۆدێرنەکان بەدی ئەکرێت، کە ھەموو ھاوڵاتییەکی شیاو لە هەڵبژاردنی نوێنەران لە دەسەڵات بەشدارەبن، بەڵام دەسەڵاتی ڕامیاری بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگای نوێنەرە ھەڵبژێردراوەکان جێبەجێ ئەکرێت. دیموکراسی ناڕاستەوخۆ ئایدیۆلۆژیا و بنەما و ڕێباز و مەبدەئ نییە، بەڵکو کۆمەڵە ڕێکەوتن و بەهایەکی سیاسی هاوبەشە، هەموو لایەک کۆکن لەسەری، بۆیە ئەو هەموو دۆخە وەرئەگرێ.

 

نادیموکراسی خودی دیموکراسی:

وەک پێشیتر پێناسەکرا کە دیموکراسی واتای "فەرمانڕەوایی گەل"ە، واتا ئەبێت گەل هاوبەش و یەکسانبن و پێکەوە فەرمانڕەوایی بکەن، بەڵام هەر بەپێی ئەو واتایە و لە سیستمی دیموکراسیا نادادی و خۆسەپاندن ئەسەپێنرێ، زۆرینە کۆی مافەکانی بەرامبەر هیچی کەمینە ئەسەپێنێ و لە هەموو لایەکیشەوە دانی پیائەنرێ.

نادیموکراسی بوون لە خودی دیموکراسییا ئەوەیە کە ڕێ بە زۆرینە ئەیات مافەکانی کەمینە پێشێل بکات، زۆربەی کات کەمینە یان نەتەوەی ژێردەست مافەکانی ئەخورێت و بەدەنگدان و بە شێوەی دیموکراسی بەدۆراوی یەتەدەرێ بۆ نمونە دیموکراسی لە "عێراق، تورکیا و ئێران".

لە عێراقا بە دیموکراسی و حوکمی زۆرینەی نوێنەرانی مەزهەبێکی دیاریکراو لە نەتەوەی سەردەست، لەگەڵ بوونی دەستورێکی دانپیانراوا، کەچی بەردەوام شیعەی باڵادەست لەڕێی زۆرینەی پەرلەمانییەوە بەدیموکراسی مافەکانی سوننە و کورد پێشێلەکا، ئەوەشی بەدەنگدان بۆیان نەکرێ لە ڕێگەی دادگای بەناو فیدراڵییەوە ئەسەپێنن چونکوم زۆرینەی ئەو دەزگایەش سەر بەوانە.

لە تورکیا بە دەنگدان و دیموکراسی لە ڕێگەی هەردوو دەزگای پەرلەمان و دادوەرییەوە مافەکانی کورد لە و وڵاتە نەک پێشێل ئەکرێ بەڵکو تا ئاستی سڕینەوەش ئەڕوات، لە تورکیا زمان و کلتور، خاک و نیشتمان، هونەر و ئەدەب هەمووی لە پەرلەمان و لە دادگاکانەوە لە کورد قەدەغەئەکرێ، لەڕاستیشا بەدیموکراسی لە ڕێی نوێنەرە هەڵبژێراوەکانەوە جێبەجێئەکرێ، کە کۆی ئەو کارانە نادادی و چەوسانەوە و سڕینەوە و نکۆڵی کردنە لە مافی گەلی کورد، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەنها سەرنجی لەسەر دەرەبڕێ وئامادەنییە هیچ پەستانێک بخەنە سەر تورکیا لەبەر دوو هۆکار: هۆکاری یەکەم ئەوەیە کە پرۆسەکە لە پەرلەمان و دادگاکانەوە بە شێوەیەکی دیموکراسی و یاسای جێبەجێئەکرێ. هۆکاری دوەمیش بەرژەوەندی هاوبەشە لەگەڵ ئەو وڵاتە و دیموکراسی ئەکرێ بە خۆراکی بەرژەوەندییەکان.

 

دیکتاتۆر لە دیموکراسیا:

دیموکراسی ڕاستەوخۆ یان میللی کە زیاتر بە "ئەثینی" ناسراوە و گەل بە یەکسانی فەرمانڕەوایی ئەکەن لە ئێستایا بوونی نەماوە و ئەگەر هەشبێ زۆر دەگمەنە.  لە سەردەمی ئێستایا هێزە توندڕەوەکان، ئاینی و مەزهەبەکان، دژە فرەیی و نەتەوەپەرستەکان لەڕێی سندوقەکانی هەڵبژاردنەوە و بەدەنگی زۆرینە و لە پەرلەمان کۆی خواستەکانیان بەسەر کۆی پێکهاتەکانیترا ئەسەپێنن، کە بەداخەوە لە ئێستایا ئەم دیاردەیە وڵاتانی ڕۆژئاواشی گرتۆتەوە، نمونەی سوید، ئیتالیا، هەنگاریا و ڕوو لە هەڵکاشانی زیاتریشە، گومانئەکرێ کە لە ئەگەری هەڵبژردنەوەی دۆنالد ترمپیشا ئەمریکاش بگرێتەوە.

وڵاتانی هاوشێوەی ڕوسیا، ئێران، وڵاتانی جیابۆوە لە یەکێتی سۆڤیەت، تورکیا، ڤەنزویلا، چین....هتد ئەم وڵاتانەش بە سود وەرگرتن لە دەنگدان و لەژێر پەردەی دیموکراسیا درێژە بە دەسەڵات و مانەوەی دیکتاتۆرەکانیان ئەیەن.

 

زۆرەملێی دیموکراسی:

ئەوەی لەسەر دیموکراسی زانراوە ئەوەیە کە هەر کەسێک بەپێی خواست و حەزەکانی خۆی، بەبێ ترس و بە ئاشکرا، کە دژ بە بەرژەوەندی گشتی و ئاسایشی نەتەوەی نەبێ، ئەوەی بەباشی ئەزانێ ئەنجامی بات، جا لەڕێێ پرۆسەی دەنگدانەوەبێ یان نوسراو یان هەر شێوەیەکی تر کە گونجاوبێت، بەڵام ئەمە لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕابەرانی دیموکراسی جیهانی لە هەموو کاتێکا وەک خۆی جێبەجێ ناکرێ، بۆ نمونە نوسین و بڵاوکردنەوە دژی هاوڕەگەزبازی ڕێگەپێیراو نییە، نابێ بە ئاشکرا بەکەسی هاوڕەگەزباز بوترێ کە ئارەزووی هاوڕییەتی یان پیاسەکردن ناکەی لەگەڵی لەبەر ئەوەی هاوڕەگەزبازە، خۆ ئەگەر ئەوەت پێووت ئەتوانێ ڕووبەڕووی دادگات بکاتەوە، ئەگەر لە مناڵان بپرسرێ کە ئایا چۆن لە هاوڕەگەزبازی ئەڕوانن و لەوەڵاما بڵێن ئەو کارە بەباش نابینن ئەوا باوک و دایکەکانیان بانگئەکرێن بۆ لێپێچینەوە، بەدیوێکیترا ئەبی هاوڕەگەزبازی قبوڵکرێ ئەگەر لەناخیشا دژبی، ئەمەش پێشێلکردنی ئازادی تاکە لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسیا یەکناگرێتەوە.

 

جێگرەوەی دیموکراسی:

بەهۆکاری ئەوەی کە دیموکراسی ڕاستەوخۆی میللی "ئەثینی"لە ئیستایا بوونی نییە و پرۆسەکە نوێنەرایەتی خودی واتا و مەغزای ناوەکەی ناکات و لە ئێستایا "دەوڵەت- نەتەوە" لە هەموو جیهان بەچڕی و تەنانەت لە ڕۆژئاوا و وڵاتانی ئەسکەندەنافیاش تۆخ بۆتەوانێ و شەڕ لەسەر دیاریکردنی هێڵی سنوورە ئەتنیکییەکان بەردەوامە. ئەوا ئەکرێ بە کەمێک سەرنجەوە "کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک" جێگرەوەبێت.

ئەگەر بەدوای چارەسەرا بگەڕێین بەتایبەتی بۆ ئەو ولات و شوێانەی کە زیاتر لە نەتەوەیەک یان ئاین و مەزهەبێک بوونی هەیە ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکان یان عێراق، تورکیا، ئێران، سویسرا، ئۆکرانیا...هتد، ئەوا کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی باشترین چارەیە وە، بە کرداریش لە ڕۆژئاوای کوردستان جێبەجێ کراوەو سەرکەوتووشە، لە سیستمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی بەپێی پێکھاتەکانە نەک زۆرینەو کەمینە یان نەتەوەی زاڵ و سەردەست وەک عێراق، ئێران ، سوریا و تورکیا.

مۆدیلی نه‌ته‌وه‌ - ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ سروشتی کۆی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگاکانی خۆرهه‌ڵاتی ناوین ناگونجێت نەک تەنھا کورد. لە ساڵانی پێشووترا ووردە ووردە لەکۆی جیھانا کار لەسەر کاڵکردنەوەی نەتەوە و سنور ئەکرایەوە و زیاتر گرنگی بە مرۆڤ بوون ئەیرا بەڵام بەداخەوە ماوەیەکە پێچەوانەکەی ئەبینین بەتایبەتی لە دوای کرۆنا و هاتنە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا و شەڕی ڕوسیا-ئۆکرانیا و بەهێزبوونەوەی هێزە نەتەوە پەرستەکان دەوڵەت-نەتەوە زۆر تۆخ بۆتەوە و کاریشی پێئەکرێ.

لە مۆدێلی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی ئەکرێ ھەر نەتەوە و پێکھاتەیەک لەبری ئەوەی لەناو گلۆبالیزم یان ئیمبراتۆریەتی نەتەوەی باڵا دەستا بتوێتەوە، بەپێچەوانەوە درێژە بەبوونی خۆی بات و گەشەش بکات، بەڵام ئەمە تەواو جیاوازە لە مۆدێلی نەتەوە –دەوڵەت، کە لێرەیا ھەموو نەتەوە بچوکتر و کەمینە و پێکھاتەکان ئەبن بەخۆراکی نەتەوەی سەردەست، نەک ھەر گەشەش ناکەن بەڵکو ھێدی ھێدی بەرەو توانەوە و لەناوچونیش ئەچن. بەبارێکیترا ئەگەر باس لە سیستمێکی دیموکراتی ڕاستەقینە بکەین ئەوا ئەبێ باس لە مۆدێلی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی بکەین بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە نەتەوە و پێکھاتەی جیاوازی تیایە بەڵام ئەمیش بێ نەنگی نییە کە لێرەیا بوار بۆ باسکردنی نییە

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×