خنکانی‌ بوعەزیزیەکانی‌ ئێمە

عەبدوڵا رێشاوی‌
  2020-01-17     200
لەم کاتەدا کە لەپارلەمانی‌ کوردستان دەنگ‌و زەنگی‌ شتێک دێت بەناوی‌ چاکسازیی‌، لەرێگای‌ هەندەران دیسانەوە گەنجەکانی‌ ئێمە دەبنەوە بەخۆراکی‌ دەریای‌ ئیجەو دەخنکێن‌و ون دەبن، یان جەستەی‌ ساردیان دەگاتەوە بەردەستی‌ کەسوکارو دایەو بابیان.

لەرۆژانی‌ رابردودا کارەساتێکی‌ نیشتیمانی‌ بەبێدەنگیی تێپەڕی‌، 13گەنجی‌ باشور لەیەختێکی‌ نێوان تورکیاو یۆنان، ژێر ئاو کەوتن و گیانیان سپارد.

لەتونس بوعەزیزی‌ لەتاو فشارو نەهامەتیەکانی‌ ژیان‌و هەستکردن بەنادادیی‌، خۆی‌ سوتان .ئاگرەکەی‌ جەستەی‌ ئەو بو بەمەشخەڵێک‌و ئیستیبدادو نادادیی‌‌و بیدەنگیی‌و خەمساردیی لەتونس‌و جیهانی‌ عەرەبیدا ئاگر تێبەدرا  لەهەندێ شوێن ئاگرەکە نیشتەوەو روناکیەکی‌ دروستکرد، لەهەندێ شوێنیش هێشتا ئاگرەکە هەر دەسوتێنی تائەو کاتەی‌ لەو شوێنەی‌ پێویستە دادەمرکێ‌و دەبێتە مەشخەڵی‌ روناکی.

دایکی‌ بوعەزیزی‌ لە دواهەمین هەڵبژاردنی‌ تونسدا وتی‌: کوڕەکەی‌ من سوتا، بۆ ئەوەی‌ تونس روناک بێتەوە.
ئەو منەتی‌ بەسەر هەمو تونسیەکاندا کردو وتی‌ (بەرهەمی‌ دیموکراسیەتەکەی‌ ئەمڕۆتان جەستەی‌ سوتاوی‌ کوڕەکەی‌ من، هێنایە بون) حەقی‌ خۆیەتی‌‌و تونسیەکان دەبێ منەتی‌ ئەم رۆژە، لەبوعەزیزی‌، ببینن.

لەکوردستانیش هاوشێوەی‌ تونس‌و زۆر وڵاتی‌ دیکە هێشتا نادادیی‌‌و نایەکسانی‌ باڵی‌ رەشی‌ بەسەر کۆمەڵگاکەمانا کێشاوە، هەندێک تێرو پڕو بێکێشە موچەیەکی‌ باش لەباخەڵ‌و لەبانکەکانی‌ دەرەوەو وناوەوە ئەنێن و هەندێکی تریش بەتایبەت گەنجان، رۆژ بەرۆژ ترسی‌ ژیان‌و گوزەرانێکی‌ شەرافەتمەندانەی‌ یەکسان‌و ئازاد، هەڕەشەی‌ نادادیی ومۆتەکەی‌ گەندەڵی‌‌و جیاکاریی، بەرۆکی‌ گرتون‌و خەون بەژیانێکی‌ باشترو یەکسانەوە دەبینن.

ئەگەر بو عەزیزیەکانی‌ تونس سوتان‌و پەیامێمکیان گەیاند ئەوا گەنجانی‌ سەرهەڵگرتوی‌ ئەم نیشتیمانەو هەمو رۆڵەکانی‌ تری‌ ئەم نیشتیمانەی‌ ئێمەش لەبری‌ سوتان، دەخنکێن، لەبری‌ شۆڕش، کۆچ دەکەن.

پەیامی‌ ئەمانیش هەر هەمان پەیامی‌ بوعەزیزیەو دەبێ گوێی لێبگیڕێت، پەیامی‌ ئەمان بۆ هەمو ئەوانەیە کە جومگە جیاوازەکانی‌ وڵات بەڕێوە دەبەن و پێیان دەڵێن: وڵاتێکمان دەوێت یەکسان، دادگەر، ئازادو خۆشگوزەران.

پەیامی‌ گەنجان و شەقام دەبێت بگاتە ناو هۆڵەکانی‌ پارلەمان ،دەبو لە پارلەمان ساتێک بەپێوە بۆ رۆحی‌ پاکی‌ ئەو گەنجانە بوەستن ، دەبو کەیسی‌ گەنجانی‌ خنکاوی‌ رێی‌ هەندەران ببێتە کەیسێکی‌ نیشتیمانی‌.

پەیامی‌ کۆچی‌ گەنجانی‌ ناڕازیی دەبێت بگاتە ناو ئەنجومەنی‌ وەزیران و بخوێنرێتەوە، وانەی‌ چاکسازی‌ راستەقینەی‌ لێوە فێربن، وەک ئەفلاتون وتی‌ ژیانێک تاقی‌ نەکرابێتەوە شایانی‌ ژین نیە، بوعەزیزیە خنکاوەکانی‌ ئێمەش دەڵێن: وڵاتێک دادگەریی‌ تیانەبێت، شایانی‌ تیا ژیان نیە.

ئەرکی‌ ئێوە بەڕێوەبەرانی‌ وڵات، بونیاد نانی‌ وڵاتێکی‌ خۆشگوزەرانە، نوسینەوەو چەسپاندنی‌ یاسای‌ دادگەریی‌ و یەکسانیە، سڕینەوەی‌ جیاکاریی‌و کۆتایی هێنان بە نەهامەتیی هاوڵاتیانە، ئایا ئێوە ئەم ئەرکە جێبەجێدەکەن یاخود خەمتان لەچوارچیوەی‌ گیرفان‌و ژمارە بانکیەکان تێناپەرێت؟
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×