باشوورو سیستمی هاوسەرۆکایەتی!

هیوا سەید سەلیم
  2020-02-12     823
 سیستەمی هاوسەرۆکایەتی مۆدیلێکی تازەی ئەو چەند ساڵەی دوایەی PKK و هێزە نزیکەکانیەتی لە شێوازی بەڕێوەبردنی  ئۆرگانە حزبی و رێکخراوەیی و تەنانەت ئیداریەکانیش.
ئەو مۆدیلە کە بیرۆکەکەی لەسەر یەکسانی جێندەری نێر و مێ دامەزراوە، واتا بەشداری هاوبەشی ژن و پیاو بەیەکەوە لەسەرجەم ئۆرگانەکان،  نەک تەنیا لە هەڕەمی حزبی.  
بە مەبەستی  ئەوەی ئەو سیستەمە وەک مۆدیلێکی تازە لە تورکیا و باکووری کوردستان بسەپێنن،لەم هەڵبژاردنانەی دوایی،  پارتی دیموکراتی گەلان(HDP)، بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیەکان بۆ هەر پۆستێک دوو بەربژێری  کاندیددەکرد لە هەردوو رەگەز، لە هەر پۆستیکیش لەو پۆستانە سەردەکەوت، بە کرداری دوو کەس یەکیان ژن وئەوی دیکە پیاو دەچوونە ئەو پۆستە.
 ئەگەرچی دەوڵەتی تورکیا هەر دان بە یەکەمیان دەنێت، وە مامەڵەی فەرمی لەگەڵ یەکیان دەکات، تەنیا ئەو کاتانە نەبێت کە دەیانخاتە زیندان، هەردووکیان بەیەکەوە دەخرێنە زیندان یان کە قەیومیان بەسەر دەسەپێت بەیەکەوە دووردەخرێنەوە.
لێردا تێدەگەین ئەو مۆدیلەی بەڕێوەبردن مۆدێلێکی فیکریە، نەک سازان و رازیکردن و بەشداری شکلی ژنان لە کایەکانی دەسەڵات.
 دوای سەرهەڵدانی شۆڕش لە رۆژئاوای کوردستان و دامەزراندنی ئیدارەی خۆبەڕیوەبەری لە رۆژئاوا ئەو سیستەمە گواسترایەوە ئەوێش، ئێستا لە رۆژاوا کار بەو سیستەمە دەکرێت، حزب دوو کەس بەڕێوەی دەبەن، ئیدارە دوو کەس بەرپرسیەتی بە هەمان شێوەش لە رێکخراوە مەدەنیکان رەنگدانەوەی هاوسەرۆکی نێر و مێ هەیە.
لێردا دەپرسین ئایا دەکڕێت هەمان سیستەم بگوازرێتەوە بۆ نێو پارتەکانی باشووری کوردستان؟ بە تایبەت کە ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دوای کۆنگرە ئەو سیستەمەیان پەسەند کردووە و لەمەودوا کار بە سیستەمی هاوسەرۆکایەتی دەکەن.
تێبینی دەکرێت کە لە باشوور زۆر جار سیستەمی هاوسەرۆکایەتی تێکەڵی سیستەمی دەستەی سەرۆکایەتی دەکرێت، ئەوەی ئێستا یەکیتیەکان بیری لێ دەکەنەوە دەستەی سەرۆکاتەتیە، نەک هاوسەرۆکایەتی، بۆیە واباشە هەر ناوی بنێن دەستەی سەرۆکایەتی لەبەر ئەو هۆکارانەی کە ئاماژەیان پێدەدەین.
هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە سەرکردایەتی تازەی یەکیتی دوو کەس یان سێ کەس بن کە هەموویان لە رەگەزی نێر دەبن، کە ئەمەشیان ناکۆکە لەگەڵ فەلسەفەی هاوسەرۆکایەتی کە واتای یەکسانی جێندەری دەگەیەنێت.
ئەو هاوسەرۆکیەی کە یەکیتی بەنیازی دامەزراندنیەتی تەنیا بۆ هەڕەمی ئەنجوومەنە گشتیەکەیەتی، کە لە کۆنگرە متمانەیان پێدراوە، واتا شۆڕناکرێتەوە بۆ ئۆڕگانەکانی دیکە، ئەمەش جیاوازە لەگەڵ مۆدێلی باوی باکوور و رۆژئاوای کوردستان کە شۆربۆتەوە بۆ سەرجەم ئۆرگانەکان.
بۆیە واباشە یەکێتی ئەو شێوازەی خۆیان ناو بنێت دەستەی سەرۆکایەتی، سیستمی دەستەی سەرۆکایەتی لە باشوور کە حزبی زەحمەتکێشان لە کۆنگرەی هەشتی خۆی کاری پێکرد دواتر لێی پەشیمان بووەوە.
 بۆئێستای یەکێتی دەستەی سەرۆکایەتی باشترین بژاردەیە، دەستەیەک کە بۆ سازانی ناوەدەکانی بڕیار درووست دەکرێت، چونکە لەدەستەی سەرۆکایەتی مەرج نیە رەچاوی یەکسانی جێندەری بکرێت،  وەک ئەوەی لە هاوسەرۆکایەتی باوە.
 ئەگەر دەشوترێت دوو کەس نابێتە دەسەتە،  کە بڕیارە مۆدێلەکەی یەکێتی دوو کەس بن، با دوو سەرۆک و جێگرێک بن بە دەسەڵاتی جیاوازەوە، ئەگەرنا حەق نیە ئەزموونی هاوسەرۆکایەتی بەبێ ئەو پرەنسیپانەی باس کران بەشیوازیکی ناتەواو کاری پێبکرێت و ئەو مۆدێلەش ناشیرین بکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×