دزەکردنی عەقڵیەتی خێڵ بۆ ناو ڕووبەرێکی مۆدێرن

لەنجە خاوێ
  2020-02-25     1078
ڕادەربڕێن یەکێک لە سەرەکیترین جۆرەکانی ئازادییە. تا ئەو شوێنەی کە هەندێک لە فەیلەسوفان و تیۆرییکاران، لەوانە جۆن ستیوارت میل لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بە ناوی ( لەبارەی ئازادییەوە)، بە دایکی ئازادییەکان ناوی دەبەن چونکە دیموکراتییەت بەرهەمی ئازادیی ڕادەربڕینە. ئەگەر هاوڵاتییان مافی ئەوەیان نەبێت چییان بوێت دەریببڕن، ئەو کاتە دیموکراتییەت پوچەڵ دەبێتەوە و هیچ مانایەکی نامێنێت. ئازادی ڕادەربڕین خولقاندنی فەزایەکە کە تیایدا ئینسان بتوانێت بە ئازادی گوزارشت لە بۆچوون و تێگەشتنەکانی خۆی بکات دەربارەی ئەو شتانەی لە چواردەوریدا ڕوودەدەن. ستیوارت میل باس لەوە دەکات کە ئازادی ڕادەربڕین تەنها مافی دەربڕین ناگرێتەوە. بەڵکو هەموو ئەو گومان و پرسیارانەش دەگرێتەوە کە ئینسان بۆی دروست دەبێت سەبارەت بەو بابەت و ڕووداوانەی لە چواردەوریدا ڕوودەدەن.

 ئەمەی ستیوارت میل باسی دەکات راستە بەڵام لە زۆر کۆمەڵگادا بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا نا، بەڵکو تەنیا بۆ چینی حوکمڕان راستە. لەبەرانبەردا مارکس لە کتێبی ئایدۆلۆژیای ئەڵمانیدا دەڵێت: "ئایدیاکانی چینی حوکمڕان لە هەر سەردەمێکدا، ئایدیای حوکمڕانانن. بە  دەربڕین و مانایەکی تر: ئەو چین و دەستەیەی حوکمڕانیی و کۆنترۆڵی هێزە مادییەکانی کۆمەڵگا دەکات، لە هەمانکاتدا حوکمڕانیی هێزە هزریی و ڕۆشنبیرییەکانیش دەکات. ئەو چینەی کە ئامڕازەکانی بەرهەمهێنانی ماددی لەبەردەستە، هاوکات کۆنتڕۆڵی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی زیهنییش دەکات. لە ئاکامی ئەمەدایە ئایدیاکانی ئەوانەی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی زیهنییان لەبەردەستدا نییە، ملکەچی ئایدیاکانی ئەوانە دەبێت کە ئامڕازەکانی بەرهەمهێنانیان لەبەردەستدایە.


خێڵ لە زەمەن و سەردەمی سەرمایەدارییدا

ئەو چینەی لە کوردستاندا لە دوای ڕاپەڕینەوە حوکمڕانی کوردستان دەکەن تێهەڵکێشی خێڵ و سەرمایەداریی رۆژهەڵاتین. بەم میکانیکییەتە لە مەملەکەتی ئێمەدا ئایدیای چینی حوکمڕان پەڕیوەتەوە بۆناو کایەی رۆشنبیرییش. ئەم دزەکردنەی خێڵ بۆ ناو ڕووبەرێکی مۆدێرن بەفۆرمی جیاواز خۆی دەردەخات و خۆی نمایش دەکاتەوە.

تاقم و دەستەی باڵای ناو دەسەڵاتی حوکمرانی وبەڕێوەبردنی کوردی ئەگەرچی لە هەندێ شوێندا باوەڕیان بە بەهاکانی خێڵ نەماوە بەڵام ناچارن لە زۆر شوێندا پارێزگاری لە کۆپەیوەندیی خێڵ بکەن؛ لەبەرئەوەی پێویستیان بە سەرمایەی خێڵ هەیە و ناتوانن پشتگوێی بخەن. حیزبەکان بەگوێرەی مێژوو و قەبارەیان مامەڵە لەگەڵ خێڵدا دەکەن. لە زۆر شوێندا سوودی لێ دەبینن و، لە زۆر شوێنی تردا خێڵ خۆی لەناو "حیزبی مۆدێرن"دا بەرهەم دەهێنێتەوە و دەچێتە شەڕی دوژمنایەتییەوە لەگەڵ نەیارانی خێڵدا.

بۆ هەر کەسێکی ئاسایی ڕوونە ، کە دۆخ و فەزایی  سیاسیی کوردستان لەدوای ڕاپەڕین و لە ژێر سایە و سێبەری دەسەڵاتی کوردییدا هەمیشە دۆخ و مافی ئازادی ڕادەربڕین لەژێر هەڕەشەدا بووە، بەتایبەت لەو حاڵەتانەدا کە پراکتیککردنی ئەو ئازادییە مەترسی بۆ سەر نوخبەی سیاسی و حوکمڕان دروستکردبێت. لەو حاڵەتانەدا بەشێوە و میکانیزمی جیا جیا هەوڵی کۆنترۆڵکردن و بەرتەسکردنەوەی ئەو ئازادییە دراوە. هەر لە کوشتن و تیرۆری خاوەن دەنگ و نوسینی جیاوازەوە هەتا سانسۆرکردنی چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێب  و داخستنی سینەما و لە دواییدا تەنانەت ڕێگرییکردن لە نمایشی فیلم کە دوایین نموونەی لە ماوەی پێشوودا لە شارێکی کوردستان ڕوویدا.

بێگومان زۆرن ئەو ناوانەی کە  هەر زوو لەسەرتای  تەمەنی گەنجی و لاوییانەوە بەهۆی دەربڕین و نووسینەوە، بە فەرمان وبڕیاری کەسانی نێو حیزبە جیاوازەکانی ناو دەسەڵاتی کوردییەوە خۆری گەرمی ژیانیان بەرەو ئاوابوون براون، بەزەبری فڕاندن و فیشەک کۆتایی بە ژیانیان هاتووە. کاوە گەرمیانی و سەردەشت عوسمان نموونەی ئەم زیادەڕۆییانەی حیزبی خێلە بۆ سەر ئازادی ڕادەربڕین. لە پەنا کوشتن و بڕیندا  لە ئێستادا میدیا و پێگە و پەیجی وەهمیەکانی ناو سۆشیاڵ میدیا یەکێکە لە هەرە وەسیلە باوەکان  بەدەست بەشێک لە کەسانی پارەدار و دەسەڵاتدارەوە بۆ کپ کردن و وەستاندنی ئەو کەسانەی بیرکردنەوەیەکی جیاوازیان هەیە، بیرکردنەوەیەک کە خەمخۆر و دڵسۆزانیی حیزب پێیان وایە خاوەنی ئەو دەنگ و بیرکردنەوانە سەر بە بەرە و حیزب و لایەنێکی ترن، بەوەی کە مێنتاڵێتی زۆرینەی حیزبی کوردی لەو جۆرەیە ئەوەی وەک خۆی بیرنەکاتەوە و لەگەڵی نەبێت، بە  بە دوژمنی دەزانێت و دەیداتە پاڵ لایەنی بەرامبەر، هەر بۆیە لە ڕێگەی گاڕانێک لە مرۆڤی  نەخوێندەوار و هەندێکجار ڕۆژنامەنووسی کڕدراوەوە هەوڵی تیرۆری مەعنەویان دەدرێت لە ڕێگای پەیج و پێگەکانی ناو میدیا و سۆشیاڵ میدیاوە


دەستەبەندیی لەناو کایەی ڕۆشنبیریدا


دیاردەیەک کە جێگەی سەرنج و لێوردبوونەوەیە ئەوەیە، کە باسی ئازادیی ڕادەربڕین لەناو کایەی ڕۆشنبیریدا باس و خواسێکی باوە، بەڵام هەر وەک کڵێشەیەکی سواو و باو لەلایەن کۆمەڵێک لە نووسەر و ڕۆژنامەنووس وکەسانی ترەوە بەکاردێت کە خۆیان هاوشوناسیی و نزیکایەتییەکی زۆریان هەیە لەگەڵ ئەوانەی بەرپرسیارن لەو تیرۆر و سوکایەتییەی کە بە مافی ئازادی ڕادەربڕین لە کوردستاندا دەکرێت. دەمەوێت بڵێم گەر دەسەڵات لە ڕێگەی سانسۆر و کوشتن و تیرۆری مەعنەوی چاوترساندنەوە هەوڵ بۆ پەکخستن و سنووردارکردنی  زەمینەی ئازادیی ڕادەربڕین دەدات، ئەوا لە ناو کایەیی ڕۆشنبیریشدا لەلایەن هەندێک گروپ و نووسەرەوە بە میکانیزم و ڕێگەی جیاوازتر هەوڵ بۆ کوشتنی جیاوازیی بیرکردنەوە و ڕوانین لای کەسی بەرامبەر دەکرێت. ئەمە لەڕێگەی هەوڵدان بۆ نەبینین و پۆلێنکردنی ئەو کەسانەی بیرکردنەوە و ڕای جیاوازییان هەیە بەسەر گروپ و دەستەبەندیی جیاوازدا. جیاوازیی نێوان ئەم دەستەبەندانەش لە زۆربەی حاڵەتەکاندا زیاتر جیاوازیی مەزاج و نەگونجانی شەخسییە نەک جیاوازیی  قوڵی ڕوانگە و هەبوونی ئارگیومێنتی جیاواز لە یەکتر. بە داڕشتنەوەیەکی تر: هەوڵی کپکردن وکوشتنی جیاوازیی نەک بەیەکتر ئاشناکردنی جیاوازییەکانیان و هەڵکردن بەبێ حەساسییەت لەگەڵ ڕای جیاوازی بەرامبەردا.


ئالودەبوون وتوشبوونی سەرجەم جەستەی کۆمەڵگا

ئەو دابەشکاریی و دوالیزمەی کە لە هەناوی کۆمەڵگای ئێمەدا بوونی هەیە  بەسەر هەموو شوێنێکدا شۆڕبۆتەوە، تا ڕادەیەکی زۆر رەنگدانەوەی کۆپەیوەندیی ئایدیاکانی دەستە و چینی حوکمڕانە، کە تێیدا کۆمەڵگا پۆلێن و خانە خانە دەکرێت؛ ( جەلالی و مەلایی) (یەکێتی و پارتی) ( دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن) وە تەنانەت ووشەی (خوێندکار و قوتابی). ئەم دابەشکارییە بە شێوەیەکی ترسناک بە هەموو سوچ و قوژبنێکی ژیانماندا پەرش و بڵاوبۆتەوە، بەجۆرێک کە زۆر کات ئەوانەی لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا کاردەکەن و توانایی ئەوەیان نییە گریمانەی مرۆڤێک بکەن کە ڕەنگێکی سیاسیی دیاریکراوی نەبێت، بەڵکو ئەوان هەمیشە ئەو جۆرە لە چاوەڕوانییان هەیە کە تۆی هاوڵاتیی لەم بەرە یان لەو بەرەی تردا بیت، ئەگینا پڕسیارە لایان لەم وڵاتە چی دەکەیت و بۆچی لێرەیت.

بەداخەوە هەر ئەم جۆرە چاوەڕوانییە درێژ دەبێتەوە و دەکشێت  بۆ ناو کایەی خوێندەوار و ڕۆشنبیران و نووسەران. کایەی رۆشنبیری ڕووبەرێکی مۆدیرنە و فیگەرەکانی ناویشی زادەی سەردەمی مۆدێرنن. لەم سۆنگەیەوە کۆپەیوەندیی رۆشنبیریی بەجەوهەر دەبێت مۆدێرن بێت، بەڵام مەرج نییە لە هەموو کۆمەڵگایەکدا بەو جۆرە بێت.

لەبەرئەوەی کایەی رۆشنبیریی کایەیەکی سەربەخۆ و دابڕاو نییە لە کۆی کایەکانی تری کۆمەڵگا، وە کاتێک ئابووریی، کەلتوور، ئاین، سیاسەت و دامەزراوە و دەزگا کۆمەڵایەتییەکان هێشتا بەتەواوی مۆدێرن نەبوون، ئەوا قسەکردن لە کایەی رۆشنبیریی مۆدێرن تەنزێکی تاڵ دەبێت. 

خێڵ وەک خۆی رەبتی بە کایەی رۆشنبیرییەوە نییە و بگرە کایەی رۆشنبیری دژی بەهاکانی خێڵە. لەبەرامبەردا ناوەندی رۆشنبیری لە پرەنسیپدا، هەر وەک کایەی سیاسیی پێویستی بە خێڵ نییە و ناتوانێت لە خێڵدا بەو جۆرە وەبەرهێنان بکات کە سیاسەت دەتوانێت بیکات وبەکاریانبهێنیت. لەم پنتەوە پەیوەندیی خێڵ بە کایەی رۆشبیرییەوە پەیوەندیەکی دژیەک و پارادۆکسیکاڵە.

کایەی رۆشنبیریی کارا و داهێنەرانە کایەی رۆشنبیریی نەوەکان و نەریتە جیاوازەکانە. هەر نەوەیەکی رەسەن لە پەیوەندیی دیالەکتیکی لەگەڵ گۆڕانکارییە بڕگەیی جیهانیی و ناوچەییەکاندا دابڕان و بەردەوامیی لەگەڵ نەوەی پێش خۆی دروست دەکات. تەنانەت لەناو یەک نەریتیشدا ئەگەر داهێنەرانە و جوڵاو بێت، هەمان شت ڕوودەدات. بۆ نمونە کایەی رۆشنبیری فەرەنسا لە دوای جەنگی جیهانی دووەم لە کۆتایی چلەکان تا سەرەتای هەفتاکان شتێک بوو و، کۆتایی هەفتاکان و هەشتەکان شتێکی تر. لە ئێستاشدا ڕۆشنبیرییەکە کە ڕۆحێکی مۆدێرنی جیاتری هەیە. ئەگەر باس لە گۆڕانکاری ناو نەریتیش بکەین، چەپ بە زیندووترین نەریتی جوڵاو وەرگرین، دەتوانین بە ئاسانی تێبێنی ئەو هەموو دابڕان و بەردەوامییە بکەین کە لە دوو سەدەی رابردووەوە تا ئێستا ڕوویان داوە.


بنەماڵە و خێڵی ڕۆشنبیریی

ئەوە ڕوونە کە کایەی رۆشنیبری کوردی قابیلی بەراوردکردن نییە بە کایەی رۆشنبیری رۆژئاوا. وە من لەو ڕوانگەیەوە لێی وردنابمەوە تەنیا ئەوە نەبێت کە وێنەی هاوبەشی گشتیی لە کایەی رۆشنبیری داهێنەرانە و جوڵاودا لەبەرچاو ون نەبن. ئەوەی لەناو کایەی رۆشنبری کوردیدا دروستبووە پەیوەندیی بە نەریتی جیاوازەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە خێزان وگروپی رۆشنبیریی جیاوازەوە هەیە. نزیکیی پۆل پۆلی هەندێک لە ڕۆشنبیر و نووسەر لە یەکترەوە دۆخێکی دروستکردووە کە هەر بیرکردنەوە و ڕایەکی جیاواز لە خۆیان لە نەوەی دوای خۆیانەوە لەدایک بێت ڕاستەوخۆ و بەبێ وردبوونەوە بدەنە پاڵ نوسەرێک یاخود کۆمەڵێکی تر؛ بۆ نمونە خێزانی رۆشنبیریی بەختیار عەلی، خێزانی رۆشنبیری مەریوان وریا قانیع یان هی موحەمەد کەمال یان فاروق ڕەفیق یان هەر فیگەرێکی تر. ئەگەرچی رەنگە خودی ئەو نووسەرانەش دژی ئەو جۆرە لە خێزانی رۆشنبیری بن بەڵام کایەی رۆشنبیری کوردی بەرهەمی هێناون و دەسەڵاتی راستەوخۆی ئەوانی  تێدا نییە.

ئەم دۆخەی ناوەندی ڕۆشنبیری دۆخێکێکی نەخۆشانەیە، هەبوونی ئەم خێزانانە جۆرێکی ترە لە کوشتنی هەر جیاوازی بیرکردنەوە و ڕوانینێک کە دەمێکە ئەم ناوەندە لە هەموو ئاستە جیاوازەکان توشی بووە و خەریکی تەنینەوە و کوشتنی هەر جیاوازیی بیروڕا و لێکنەچوونێکە لەڕێگەی لکاندن و پۆلێنکردنیانەوە بەسەر گروپ و نووسەری سەرداری خێزانی ڕۆشنبیرییەوە. ئەم دیاردە ناتەندروستە زۆر کایەی تریشی گرتۆتەوە، بۆ نموونە کایەی کاری تیۆریی و کاری یەکسانیخوازانە لە چوارچێوەی پرسی ژناندا.

پرسیاری باوی «سەر بە مەدەرەسەی» یان «سەر بە گروپی» کام نوسەریت لە کایەی ڕۆشنبیریدا، پرسیارێکە کە قەلەقیی دروست دەکات. هەستی پرسیاری لێکۆڵەرێکی ئاسایش لەناو ئینساندا دروست دەکات کە لە کاتی لێکۆڵینەوە لە کەسانێکی دەکەن کە گومانی تاوانکارییان لێ دەکرێت، وە بۆ ئەوەی بزانن چەند توند بن لەگەڵی، لێی دەپرسن «سەر بە کام حیزبیت؟».

دیارە هیچ گرفتێکی تیا نییە وەک خوێنەرێک سەرسام یان کاریگەر بیت بە جۆری بیرکردنەوە و جۆری گوزارشتکردنی کەسانێكی بەرچاوی دیارییکراو لە بۆچوون و تێزەکانی خۆیان، بەڵام سەرسامبوون شتێکی تەواو جیاوازە لەوەی سەر بەو بیت و سەر بەوی تر نەبیت. گومانکردنیش لە هەر گەنجێکی ڕۆشنبیر و خوێندەوار بەوەی کە پێتوابێت بێگومان لەژێر کاریگەریی خێزان و سەرداری خێزانی ئەم یان ئەو دەستەی ڕۆشنبیرییە و سەر بەویانە یان ئەوی تریان، ئەوە حوکمێکی کوێرانەیە کە هیچ توانایەکی داهێنەرانە و توانایی فڕینی سەربەخۆ لە نەوەی تازەدا نابینێت. من پێموایە ئەمە درێژبوونەوەی ئەو ڕۆحی خێزانداریی و خزمایەتییە کوشندەیەی ناو سیاسەتی حیزبایەتییە کە پەڕیوەتەوە بۆ کایەی فیکر و سیستەمی بنەمالە و خێڵی ڕۆشنبیریی ساز داوە و هەندێک لە نوسەرەکانیشمان بەداخەوە نەیانتوانیوە تێیپەڕێنن.

بێگومان هەر نووسەرێک بە هەموو توانا و ئیمکانی خۆیەوە مافی ئەوەی هەیە کاریگەری لەسەر ئەوانیتر دانێت و تەنانەت لەسەر پانتایی رۆشنبیری لەڕێگەی نووسراوەکانییەوە ئاراستەشیان بکات. گرفتەکە لەمەدا نییە. گرفتەکە ئەو کاتە دروست دەبێت کە لەبەرامبەردا کەسانێک هەبن خەریکی پۆڵێنبەندیی و خەریکی نەفیکردنی یەکدی بن بەناوی نووسەر و رۆشنبیرەوە. وە بە دەوری ئەو ئینتیما جیاوازانەیانەوە دەستەوتاقمی جیاواز دروست بکەن بەجۆرێک ئەگەر کەسێک رەخنە لە نووسەرێکی دیارییکراو بگرێت، لەجیاتی خودی نووسەرەکە کەسانی تاقمچی لایەنگری وەڵامی بدەنەوە.

ئەم دیاردە ناتەندروستە خێڵەکییە زەمینەی لەدایکبوون و هاتنە کایەی بیرکردنەوەی جیاواز و بیرکردنەوەی تێپەڕێنەر و نوێ دەکوژێت. ئەمە گورزی کوشندە لە کایەیەکی گرنگی وەک کایەی رۆشنبیریی دەدات.
ئەگەرچی رەنگە دەربازبوون لەم گرفتە ئاسان نەبێت بەڵام شتێکی نامومکین و مەحاڵ نییە. یەکێک لە دەروازەکانی ڕزگاربوون لەو دونیا تەسکە ئەوەیە کە نەچیتە ناو ئەو دەستەبەندییانەوە و نە‌هێڵیت بە پێناسەی ئینتیما بە خێڵێکی ڕۆشنبیریی لە قاڵب بدرێیت. ئینتیما بەو دەستەبەندییانە زۆرجار دەبێتە هۆی موجامەلەکردنی یەکتر وڕێگریی لە خوێندنەوەی ڕەخنەیی بۆ بەرهەم و نووسینەکانی یەکتر، لە کاتێکدا ناوەندی ڕۆشنبیریی لە دونیای مۆدێرندا، ئەگەر وەزیفەیەکی هەبێت، تەنها ئەو وەزیفەیەی هەیە کە ڕووبەرێکی مۆدێرن و ئازاد و پڕ لە دیالۆگ و گۆڕینەوەی بیروڕای ناکۆک بەیەکتر بخولقێنێت بەبێ موجامەلەکردنی یەکتر، تا بتوانێت نەهێڵێت خێڵ دزە بکاتە ناوییەوە و، لە درێژەشدا تەنگ بە عەقڵی خێڵەکیی ناکۆک بە ئازادیی و جیاوازیی لە کایەکانی تریش هەڵچنێت.


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×