ئێمە لە کوێی ئازادیداین؟

دارا محه‌مه‌د
  2020-02-29     615
بێگومان وردبوونەوە لەهەر یەکێک لە ئازادی قسەکردن و ئازادی بیروڕاو ئازادی ئایین و ئازادیەکانی دیکە پێویستیان بە گفتوگۆیەکی تا رادەیەک جیاوازو وردەکارانە هەیە. بەڵام لێرەدا بە کورتی لەسەر ئازادی قسەکردن و بیرکردنەوە دەدوێم بەتایبەتی لەمیانەی سنوردارکردن و نەهێشتنی ئەم ئازادیانە بۆ هونەرو کایەکانی دیکەی بیرکردنەوە. بەڵام باسکردنی ئازادی قسەکردن لە کایەی دیبەیتە فەلسەفیەکان و لە بەرامبەر رەخنەکردنی ئایین و بنەما تیۆلۆژیەکانی دەمێنێتەوە بۆ دەرفەتێکی دیکە. لێرەدا بەتایبەتی لە سەر ئەو هێرشانە دەدوێم کە کۆمەڵێک مەلا کردیانە سەر تەواوی خەڵک لە کوردستان، بەڵام بەتایبەتی بۆ سەر ژنان و هێرشکردنە سەر ئەو کارە هونەریەی شانۆی کەلار و هەوڵدان بۆ راگرتنی هەر کارێکی هونەریی کە رەنگە وەک رەخنەیەک ببینرێت بۆ سەر ئەم مەلایانەو ئەو دیدە ئایینیەی پێی دەدوێت.

بێگومان ئەوەی چەند مەلایەک لەم ماوەیەی دواییدا کردیان بریتی بوو لە کۆمەڵێک جنێوفرۆشی و سوکایەتی پێکردن و سەرزەنشتکردنی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگەی کوردستان بە ژن و پیاویەوە. بەڵام بێگومان ئەم سوکایەتی پێکردنە لە عەقڵیەتێکی پیاوسالاریی و نێرسالارییەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە بنەمادا بریتیە لە بە کەم سەیرکردنی ژنان بە پشت بەستن بە دەقە ئاینییەکان. واتە ژنان وەک ئەو ئەندامانەی کۆمەڵگە کە مافەکانیان دەبێت هەمیشە جێگەی پرسیار بێت و لەلایەن پیاوانەوە دیاریبکرێت. بە دیاریکراوی ئەم مەلایانە دەیانەوێت ئەم دەسەڵاتە بدرێتە دەست ئەوان چونکە خۆیان بە مەرجەعی مۆراڵی کۆمەڵگە دەزانن. کاتێک ئەم مەلایانە باس لە فرە ژنی دەکەن وەک ئەوەی کە ئەمە سەرچاوەکەی دەقێکی قورئانیە و پیرۆزە و نابێت دەستکاریی بکرێت، ئەمە بە تەواوی ئەوە نیشاندەدات کە ئەمانە تەنانەت لە ئاینەکەی خۆشیاندا شارەزاییەکی وایان نیە کە ئاگاداری ئەو هەموو دیبەیت و رەخنەیە بن کە چۆن ئەمەی ئەمان پێیانوایە دەقێکی پیرۆزە، دەیان تەفسیر و لێکدانەوەی بۆ کراوە هەر لەناو بازنەی توێژەرە ئیسلامیەکاندا. نەزانی و نەشارەزایی ئەم مەلایانە و حەزی دەرکەوتنیان لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا وایکردووە ئەمانە خۆیان بکەن بە دەمڕاستی ئاینێک.

کاتێک ئەم مەلایانە بە مافی خۆیانی دەزانن کە لەسەر ژنان و هونەر بدوێن - بێگومان دەبێت ئەوەمان لە یاد نەچێت کە ئەمانە نادوێن بەڵکو جوێن دەدەن و بە زمانی خۆیان سوکایەتی دەکەن – ئەوا بە هەمان شێوە ژنان و کۆمەڵگە مافی خۆیەتی وەڵام بداتەوە. کاتێک کارێکی شانۆیی بەرهەم دەهێنرێت، ئەمە وەک کارێکی هونەری دەردەکەوێ، لێرەدا قسە لەسەر ناوەڕۆکە هونەریەکەی ناکەین، کە وەڵامێکی شارستانیانەیە و ئامرازی گەیاندنەکەی نمایشێکە کە لە جەوهەردا هەوڵدەدات بینەر و گوێگر تووشی جۆرێک لە شۆک بکات، بەڵام شۆکێکە لە رێگەی جۆرێک لە داهێنانی هونەرییەوە کە هەڵگری پەیامێکە و ئامانج لەمەش واڵاکردنی پانتایی ئەو ئازادیەیە کە دەبێت کارێکی هونەریی یان فیکریی فەراهەمی بکات تاوەکو بوار بۆ ئەفراندن و بیرکردنەوە لە خۆمان و ئەوانی دیکە بکەینەوە.

بێگومان زەوتکردنی ئازادی و لێدانی کایەکانی بیرکردنەوەو سنوردارکردنی ئازادیەکان لەلایەن دەسەڵات و دامەزراوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینیەکانەوە پتر رێگە بۆ داهێنانی گەورەتر دەکاتەوە. لە راستیدا ئەم چەند مەلایە بە تەواوی بەرهەمی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانن، ئەوانەی دەیانەوێت ناوێک بۆ خۆیان دروستبکەن لە رێگەی قسەکردن لەسەر هەموو شتێک وەک نەخۆشی و پەتا و ئەو بابەتانەی کاری ئەوان نیە. ئەمەش بەو مانایەی کە پێگەیەکی وەک فەیسبووک هەلێکی گەورە بۆ ئەم کەسانە دەڕەخسێنێت بۆ دەرکەوتنیان و سڕکردنی مێشکی کۆمەڵێک کەس بەو وتانەی لە سەدەکانی ناوەڕاستیشدا خەڵک باوەڕیان پێنەدەکرد و وەک کۆمەڵێک وتەزای بێبنەما و نالۆژیکانە سەیر دەکرێت.

زەوتکردن و نەهێشتنی ئازادی قسەکردن و هەوڵدان بۆ سەرکوتکردنی لە رێگەی ستەم و دانانی کۆمەڵێک رێسای کۆمەڵایەتی و ئایینی هەمیشە تووشی شکست دەبێت. دەبێت ئەوە بزانرێت کە هەوڵدان بەهەر بیانوویەک بێت بۆ کوشتنی ئەم ئازادیانە هەمان هەوڵی سیستم و گروپ و کەسە تۆتالیتاری و فاشیەکانی دنیایە کە دواجار بە تێکشکاندن و نەمانی ئەمانە کۆتایی هاتووە. لە راستیدا بەشێک لەو بەرهەمە فەلسەفی و هونەریی و ئەدەبیانەی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بەرهەم هاتوون، لە دۆخێکی ستەمکارانەو لە ناو زیندان و نەبوونی ئازادیەکاندا بەرهەم هاتوون. نوسەری گەورەی روسی سۆڵژنیتساین رۆمانە بەناوبانگەکەی (رۆژێک لە ژیانی ئیڤان دێنیسۆڤیچ) لە کامپە زۆرەملێکانی سۆڤیەتدا نووسیوە. گرامشی گرنگترین تێزە فیکریەکانی خۆی، نامەکانی زیندان، لە زینداندا دەنوسێت. هەروەها چەندین کاری دیکە لەلایەن نوسەر و هونەرمەند و بیریاری دیکەوە.

ئازادی قسەکردن و بیرکردنەوە ئەوە دەخوازێت کاتێک ئەم مەلایانە هێرش دەکەنە سەر ژنان و هەوڵی بە ناشرینکردنی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگە دەدەن و ئەو مافە بە خۆیان رەوا دەبینن کە جنێو بە هونەر و پەیمانگەی هونەرە جوانەکان بدەن، ئەوا ژنان و کۆمەڵگە مافی خۆیانە کە ئەم مەلایانە بەرنە بەردەم دادگەو هەروەها بە کاری هونەریی و فیکریی و فەلسەفی وەڵام بدرێنەوە و ئەوان و ئەو دەزگا حکومیانەشی هەوڵدەدەن گروپێکی شانۆیی سڕبکەن بخرێنە ژێر رەخنەی جیدییەوە.   
زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×