ململانێکانی یەکێتی و پارتی لەغیابی ناوبژیوانێکدا

هاوڕێ جەمال
  2019-01-05     2668

 بەدرێژایی مێژووی خەباتی سیاسی و چەکداری پارتی و یەکێتی، بەداخەوە وێستگەیەک لە وێستگەکانی خەباتی ئەم دوو ھێزە شک نابەین ململانێی ناجۆرو ناعەقڵانی تێیدا ئامادەنەبووبێ.

 ئەڵێم بەداخەوە، لەبەر خەمخۆریم نیە بۆ ئەم دوو ھێزە، بەڵکو خەمە لەپێناو پرسی نەتەوەیەک کە ئەم دوو ھێزە خۆیان کردووە بەخاوەنی.

 چۆن کاتی خۆی لەشاخ ئامادەبوون لەسەر باجانەی بارەترێیەک یان سنووری قەڵەمڕەوییان لەنێوان دوو کوێرە دێی سەر سنوور چەندین چەکدار بەکوشت بدەن، ئەمڕۆش لەشار جارێک بەبیانووی قازو جارێک بەبیانووی گومرگ و ئێستاش بەبیانووی گرتن و بێ سەروشوێنکردنی کادرەکانیان دوورنیە کڵپە لەخەرمانی دۆزی نەتەوەیەک ھەڵنەسەنن!.

 ئێمە زۆر ناگەڕێینەوە بۆ مێژووی دووری ململانێی ئەم دوو ھێزە، بەڵکو دوو وێستگەی نزیک دەخەینە ڕوو کە تێیدا ململانێ و پەیوەندی نێوانیان بەئاستێکی زۆر مەترسیداردا تێپەڕیوە، ئەوانیش:

١- مێژووی شەڕی ناوخۆی یەکێتی و پارتی

(١٩٩٤-١٩٩٧) ، شەڕی ناوخۆ کەزۆر جار بەشەڕی براکان ناوزەد دەکرێ، درێژکراوەی ھەمان ئەو شەڕی گروپ و تاقمانە بوو کە لە چواچێوەیەکی تەسکی رێکخستنی پێشمەرگە و پانتایەکی دیاریکراوی جوگرافی خەباتی شاخی ئەم دوو ھێزە لەبەرامبەر یەکدی مومارەسەیان کردووە، بەڵام کەدێتە سەر جوگرافیایەکی بەرینترو تێوەگلانی بەرژەوەندی و دەخالەتکردنی سیاسەتی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لەم پارچەیەی کوردستان، ناچار رەھەندو کاردانەوەی جیاوازیش لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە بەخۆیەوە دەبینێ، ھەر لەبەر ئەوە دەبینین کە ئاگری ئەم شەڕە بەفشارو ناوبژیوانی ئەمریکا خامۆش دەکرێ ولە مانگی ئەیلولی ساڵی (١٩٨٨)بەسەرپرشتی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا خاتوو(مادلین ئۆلبرایت) رێکەوتننامەی ئاشتی واشنتۆن بە سەرکردەی یەکەمی ئەم دوو حزبە ئیمزا دەکرێ.

٢- لەدوای شەڕی ناوخۆوە کە رێککەوتنی بەناو ستراتیژی بەدواداھات و جۆرێک لە خاووبوونەوەی گرژی و پێکھێنانی حکومەتێکی یەکگرتووی ناڕەسمی ھێنایەکایەوەو گەیشتین بەقۆناغی پرۆسەی ئازادی عێراق و دابەشکردنی پلەو پۆستەکان لەھەرێم و بەغدا، بەشێوازوو مۆدیلی جیاجیا یەکێتی و پارتی لەژێر خامۆشی گڕی شەڕی ناوخۆ بەردەوام بوون لەململانێی ناجۆری حزبیان، بەجۆرێک چەندین جار ئەم ململانێیە رەنگدانەوەی سلبی ھەبووە لەسەر داخوازی و مافەکانی کورد لەبەغدا، رەنگە کەم نەبن ئەو دەستکەوتانەی کەبەھۆی سیاسەتی ملشکاندنی یەکتری یەکێتی و پارتیەوە لەدوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراقەوەکورد لەدەستی داوون.

 قۆناغی  ململانێی ئەم دوو حزبە لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، جارێکی تر ئەو شەقبوونەی لە بونیادی ئەم دووھێزە لەبەرامبەر یەکتر ھەستی پێدەکرا فراوانتر کرد، زێدەڕۆیی نیە گەر بڵێم لەدوای شەڕی ناوخۆوە ھیچ کێشەیەکی تر ئەوەندەی کێشەی پۆستی سەرۆک کۆمار کاریگەری نەرێنی نەبووە لەسەر پەیوەندییەکانی (ی.ن.ک) و (پ.د.ک) ئەمەش بەھۆی تەداخولکردنی راستەوخۆی سەرۆکی پارتی لەم بابەتە، دەکرێت بابەتێکی تری ھاوشێوەی ئەم کێشەیە وەبیر خوێنەرانی ئازیز بھێنینەوە، ئەویش ھەوڵەکانی ئەوکاتەی سەرۆکی پارتی بوو کە ھاوکات سەرۆکی ئەو کاتی ھەرێمیش بوو، بەمەبەستی وەرگرتنەوەی متمانە لە کابینەکەی نوری مالکی و ھاوڕانەبوونی سکرتێری گشتی یەکێتی کە ھاوکات سەرۆک کۆماری ئەو کاتی عێراق بوو، بەڵام ھەر زوو لەرێگەی نامەیەکەوە کە بەم دووایانە ناوەرۆکەکەی لەمیدیاکانەوە بڵاوکرایەوە، سکرتێری گشتی یەکێتی 

عوزر خوایی خۆی بۆ پاڵپشتی نەکردنی سەرۆکی پارتی لەو مەسەلەیەدا دەھێنێتەوە، بەڵام لەمەسەلەی پۆستی سەرۆک کۆماردا یەکێتی ئەوەندەی مەسەلەکەی پەیوەستکرد بەگەمەی سیاسی پەرلەمانی ئەوەندە ئامادەنەبوو ھیچ پۆزشێک بۆ شەریکە فەیکەکەی بھێنێتەوە. 

 پرسیاری جەوھەری ئەوەیە گەر ئەم کێشانە لەنێوان ئەم دوو ھێزەدا واقعی بوون، چۆن توانیان بازی بەسەرابەن بێ ئەوەی ھاوشێوەی قۆناغی شەڕی ناخۆ ھێزێک یان دەوڵەتێک ھەبێ دەستەملانێیان پێبکاتەوە؟

 بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستە جیاوازی بکەین لەنێوان پێکھێنەری رەگەزەکانی ململانێکان لەھەریەک لەو ناکۆکیانەی یەکێتی پارتی بوویانە لەسەر پرسەکان، بۆنموونە شەڕی ناوخۆ لەنێوان (ی،ن،ک) و (پ،د،ک) دا بووە کەھەمان رەگەز ئامادەییان نییە لە پرسی پۆستی سەرۆک کۆمار بەڵکو جیا لەم دوو ھێزە ھێزە سیاسیەکانی تری عێراق رۆڵیان ھەبوو لەیەکلاکردنەوەی کەیسەکە لە بەرژەوەندی یەکێتی، بەو مانایەی ئەگەرچی وادەردەکەوت کێشەی پۆستی سەرۆک کۆمار کێشەی نێوان دوو حزبی کوردستانیە بەڵام لەراستیا ئەو پۆستە نمایندەیەکی سیادی عێراقە، کە دۆشدامان و خەوبردنەوە بەدیار سازشکردنی یەکێتی بۆ پارتی یا بەپێچەوانەوە ھیچی لێ سەوز نابێ بۆ ھێزە سوونی و شیعیەکان، ھەر لەبەر ئەوەبوو سەرەتا ئەو ھێزانە داوایانکرد کە یەکێتی و پارتی خۆیان لەسەر تاکەکاندیدێک رێکبکەون ئەگەرنا دەنگدانی پەرلەمان دەبێتە حەسمکردنی ئەو کێشەیە کە ھەروابوو.

 پەیوەست بەکێشەی پێکھێنانی کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێم، ئەگەرچی رەگەزەکانی زیاد لەیەکێتی و پارتین چونکە بزوتنەوەی گۆڕانیش بەشێکە لە موعادەلەی پێکھێنانی حکومەت بەڵام دواجار ئەوەی لەتونایدایە ئەم گرێ کوێرە بکاتەوە تەنھا یەکێتی پارتین، واتە لەئێستادا شەڕێکی سارد ھاوشێوەی شەڕی گەرمی ناوخۆ بەرۆکی ئەم دوو ھێزەی گرتووە، بەڵام ئەم جارە ئەو ناوبژیوانە لەکوێ بێنین کە ئەم دوو ھێزە ناچار بەڕێککەوتن بکا؟ رووداوو گەڕەکانی دیکەی گفتوو گۆی نێوان براوەکانی پەرلەمان لە داھاتوودا وەڵامی ئەم پرسیارەمان دەدەنەوە، بەڵام ئەوەی لەئێستادا لەغیابی ئەو ناوبژیوانەدا ھەستی پێدەکرێ، ئەوەیە کەگرتن و راوەدوونانی کادیرانی یەکتر، لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە رێی تێدەچێ بۆ ئەوەبێ کەھەریەک لەو دوو حزبە سازشی زیاتر بەیەکتر بکەن بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت.  

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×