کاک قوباد، ھەر زانین بەس نیە

هاوڕێ جەمال
  2022-12-25     481


بەخۆشحاڵیەوە بەڕێز قوباد تاڵەبانی پرۆژەیەکی گرنگی لە بواری شەفافیەت لە ژێر تایتڵی (تۆش بیزانە) راگەیاند، ئەگەر چی ئەم پرۆژەیە زیاتر خۆی لە نیشاندانی ژمارەدا دەبینێتەوە، کە گوزارشت لە داھاتی نانەوتی فەرمانگەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجەو ھەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین ئەکا، بەڵام بۆخۆی کارێکی لەمجۆرە ھەنگاوێکی گرنگە بەرەو زیاتر شەفاف بوونی ژمێرەی حکومەت لە خەرجی و داھات.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھیچی کەمنەبێت، لە شەفافیەتی کەمە، بەتایبەت ئەوە بۆ ماوەی زیاتر لە (٩)ساڵە پرۆسەی دارایی بە بێ یاسای بودجە بەڕێدەکا، کە ئەتوانین بە گرنگترین یاسای دارایی لە پاش ئەو ماددەو بڕگانەی دەستوور کە مۆرکێکی داراییان ھەیە لە قەڵەم بدەین.
کە ئەڵێیین شەفافیەت تەنھا مەبەست لەوە نیە کە خەرجی و داھاتی حکومەت، لە رێگەی تۆڕی ئینتەرنێتەوە بەرۆژو بە مانگ و ساڵ بزانرێ، و ھاوڵاتیان بەتەنھا کلیکێک لە داھاتی حکومەت ئاگاداربن، بەڵکو شەفافیەت پێویستی بەوەیە دەزگا چاودێریە پەیوەندیدارەکان لەوانەش دیوانی چاودێری دارایی لە ھەرێمی کوردستان پەسەندی ئەو داھات و خەرجیانە بکا.
لەسەروو ئەمەوە، زۆر گرنگە حکومەت گیرفانی حزب بەتەواوی تاڵانکاو بۆ ئەبەد ئەو دەستە کە ناوی حزبە لەبنڕا بیبڕێتەوە، خۆ گەر ئەمەی پێنەکرا کارێکی لەمجۆرە بە نیوەناچڵی ئەمێنێتەوەو ئامانجی خۆی ناپێکێ.
ئابووری ھاوچەرخ، لە یەککاتدا پێویستی بە سێگۆشەی شەفافیەت و دادپەروەری و لێپرسینەوە ھەیە بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە بگەینە کۆمەڵگەیەکی چالاک و زیندوو.
ئەوەی ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، ئەبێ دەستپێکی پرۆژەیەکی گرنگ بێ لە بواری چاکسازی کارگێڕی و دارایی و یاسایی، لانی کەم لەو سنوورەی کە ئەم پڕۆژەی تیادا راگەیەنراوە.
زانینی داھات، گەر لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران و دادپەروەری لە دابەشکردنیدا بەدوایا نەیە، وەک ئەوە وایە قژی خۆمان بۆ تاشین خستبێتە بەردەستی بێ دەلاکێک.
ھەموو ئەو ھەوڵانەی لە رابردوو بۆ چاکسازی لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دراوون، تاکە ھۆکار بۆ سەرنەخستن و سەرنەکەوتنیان بۆ ئەوە گەڕاوەتەوە، کە لەدەرەوەی حکومەت دەستێک ھەیە تەحەکوم بە سەرچاوەی داھاتەوە ئەکا، ئەو دەستەش دەستی حزبە، جا گەر ئەم دەستە کەلەپچەی یاسا نەکرێ، ھەر بە ھەمان دەرئەنجام ئەگەین کە پێشتر پێی گەیشتووین.
خاڵێکی تر کە گرنگە ئاماژەی پێ بدەین، ئەوەیە کە ئەم پرۆژەیە سەرتاسەری نیەو تەنھا لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجەو ھەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمە لە کاتێکدا داھاتێکی زۆری ھەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی تری ھەرێمی کوردستانە!.
پرسیاری گرنگ لەم بوارەدا ئەوەیە؛ بۆ ئەبێ ئەم داھاتەی کە بەڕێز قوباد تاڵەبانی بەھاوکاری تیمەکەی لە ناو حکومەت و وەزیری دارایی ئێمە بیزانین، تەنھا داھاتی نانەوتی بێ؟ خۆ گەر باسی نەوتیش نەکەین، وەک خۆیان ئەڵێن گەورەترین کێڵگەی غاز لەم سنوورەدایە، ھەر لەبەر ئەوە پێویستە لە داھاتوویەکی نزیکدا داھاتی نەوتیش بخرێتە چوارچێوەی ئەم پڕۆژە نیشتمانیەوە.
خاڵی کۆتایی کە لێرەدا مەبەستمە لەسەر ئەم پرۆژەیە ئاماژەی پێبکەم ئەوەیە، بەو ھیوایەی ئەم کارو پڕۆژانە کاردانەوە نەبن، ئەم پرۆژە نەھاتبێتە جێبەجێکردن، لەپای سیاسەتێکی راگەیەنراوی وەک ئەوەی بەڕێزیشیان لە دەستپێکی راگەیاندنی پرۆژەکەدا ئاماژەی پێدا، کە داھات و پارەی ئەم دەڤەرە دیارنیە، بەڵکو لەو سۆنگەیەوە بێ کە حکومەت و دەوڵەتداری بەبێ رەخنەگرتن و چاودێریکردن سەرکەوتوونابێ.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×