برینی (زۆرینە)ی پەرلەمانی و جوڵەی بەرەنگاربوونەوە!

عه‌داله‌ت عه‌بدوڵا
  2020-05-17     670
  رەنگە درک بەوە کرابێ کە گرژیی نێوان یەکێتی و پارتی بەھۆی رووداوەکەی٧ی ئایاری پەرلەمانەوە، کەمتر پەیوەندیی بە پاڵپشتیکردنی پەرلەمانتار"سۆران عومەر"ەوە ھەبوو. تەنانەت بابەتی لادانی پارێزبەندیی لەسەر ئەو ٤ پەرلەمانتارەش کە ناویان ھاتبوو، تەفسیری رووداوەکە ناکات. راستە، ھەم ستەمکردن لەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی کۆمەڵ و ھەم گرێدانی دانیشتنی پەرلەمان بۆ لادانی پارێزبەندیی لەسەر چەند پەرلەمانتارێک بەبێ رەزامەندی سەرۆکی پەرلەمان و ٦ فراکسیۆنی سەرەکیی ناو پەرلەمان، جێی تووڕەیی یەکێتی بوو، بەڵام رووداوەکە لەوە گەورەترە!.
    ئەو گرژییە، پێش ھەر شتێ، زادەی کولانەوەی برینێکە کە تا ئەمڕۆ تەنانەت لەناو خودی یەکێتی خۆیشیدا، ناوبەناو، ئەکولێنرێتەوە!، مەبەست لەقبوڵکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی کۆتایی سێپتەمبەری ٢٠١٨ی ھەرێمی کوردستانە کە ئاکامەکەی بە مانای قبوڵکردنی زۆرایەتی پارتی و ھاوپەیمانەکانی بوو لە پێکھاتەکان لەناو پەرلەمان و کۆنترۆڵکردنی ئەم دامەزراوەیەش دوای کۆنترۆڵکردنی ھەردوو دەسەڵاتەکەی تر کە سەرۆکایەتی ھەرێم و ئەنجوومەنی وەزیرانن. 
    ئەو برینە، دەرەنجامی بڕیارێکی خێراو بێ دیراسه‌نه‌كراو بوو کە تا ئێستاش زۆربەی سەرکردایەتیی ئەم حزبە، ئەوانەیان کە لەخولی پێشووشدا سەرکردە بوون، خۆیان ناکەنە خاوەنی و بێ ئاگایی خۆشیان پیشاندەدەن!. لەواقعشیدا وایە، ھەتا ئێستا ھیچ دۆکۆمێنتێک نییە بیسەلمێنێ كه‌ قبوڵکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە بە ئیمزای (م.س)ی حزبەکە، یان بڕیاری کۆمیتەی پێشووی سەرکردایەتییەکەی بووبێت.
    ھەڵەیەکی گەورەی کۆنگرەی چواری یەکێتی ئەوەبوو کە، بە بیانووی دروستنەبوونی لێکترازان، لەچەندین دۆسییەی مەترسیداری لەم بابەتەی نەکۆڵییەوە، زۆر دۆسییەو کاربەدەستی حزبی کە دەکرا لەناو کۆنگرەدا لێکۆڵینەوەو لیژنەیان لەسەر بگیرێ، چاوپۆشیان لێکرا!، بگرە ھەندێ بەرپرس بە وەرگرتن و وەرگرتنەوەی پۆستی سەرکردایەتی، پاداشتیش کران!، کارێک کە بێگومان ئەم حزبە، درەنگ یان زوو، باجەکەی دەدات!.
   برینەکە لەوەدا نییە کە ئەنجامی ھەڵبژاردنێک قبوڵ کرا کە پارتی ساختەکاریی تیادا کردووە. پارتی و ھێزە سیاسییەکانی تر، یەکێتی-یشیان بەھەمان ساختەکاری تۆمەتبار دەکرد. برینەکە لەوەوەیە کە زانیاریی ئەوە ھەبوو قەبارەی پێشێلکارییەکانی ھەڵبژاردن لە سنوری ھەولێرو دھۆکدا، زۆر زیاترن، بۆیە لە ئەگەری رەتکردنەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردندا، گرەوەکە وا ئەبوو کە، ئەودەم پارتی، لانیکەم، ناچار دەبێ کە لە دووبارەکردنەوەی پرۆسەکەدا، ئەمجارەیان نەتوانێ دژی سیستەمێکی بەھێزی چاودێریی قەوارە سیاسییە بەشداربووەکانی ھەڵبژاردن و چاودێریی توندتری رێکخراوی نێودەوڵەتی و بیانی بێت، بەوەش، لەھەڵبژاردنێکی تردا کە کەمتر ساختەکاریی تیا بکرێت، ئەگەر ھێزێکی وەک یەکێتی چەند کورسییەکیش کەم بکا، ئەوا بۆ پارتی، ئەگەری لەدەستدانی کورسی زۆرتر دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر پێش دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردن، بە وردی و پیشەیی پاکسازیی تەواو لەتۆماری دەنگدەراندا بکرێتەوە، بەوەش، بێگومان، لەئاکاما، زۆرینەی پەرلەمانی ناكه‌وێته‌ ژێر رەحمەتی ھێزێکی سیاسیی دیاریکراوەوە، بەڵکو لەھەموو دۆخێکدا دەنگەکان و کورسییەکان زیاتر دابەشدەبوون، بەھۆی ئەوەشەوە پارتی، بۆ ھەموو یاساو پرسێک، کە بەدەنگدان یەکلابکرێنەوە، ناچار بە سەودای سیاسی دەبوو لەگەڵ لانیکەم یەک دوو لەو ٦ فراکسیۆنەی کە ٧ی ئایار بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانیان کرد.
   لایەنێکی تری برینەکە ئەوەیە کە لەکۆتاییدا، وەک عەرەب دەڵێ،:(انقلب السحر علی الساحر)!. لەخولەکانی پێشووتری پەرلەماندا، بەدیاریکراویش لەخولی دووەمدا، یەکێتی ھەر خۆی، لەچوارچێوەی لیستی کوردستانیدا (ھاوپەیمانێتیی یەکێتی و پارتی)، ھاوکاربووە بۆ ئەوەی کورسیی کۆتای پێکھاتەکان بەو رێژەیە بمێنێتەوەو ھیچ ھەموارکردنەوەیەک بەخۆوە نەبینێ، لەکاتێکدا کە ئەم کارە بە یاسایەك کراوە کە دەکەوێتە ساڵی(٢٠٠٤)ی خولی یەکەمی پەرلەمانەوە کە لەدوای ٣١ی ئابی ١٩٩٦ەوە، لەژێر کۆنترۆڵی پارتی خۆیدا بووە.
   یەکێتی، ئەو سیناریۆیەی لەبەرچاو نەگرتبوو کە دەشێت رۆژێک دابێ ئەو پاڵپشتییە لە کورسیی کۆتاکان ببێتە چەکێکی سیاسی لە دژی خۆی و فراکسیۆنەکانی تری ناو پەرلەمان و ئەو دامەزراوەیەی پێ کۆنترۆڵ بکرێت، بەتایبەتی لەھەر ھەڵبژاردنێکدا کە تیایدا بیەوێت بە لیستی سەربەخۆ بەشدار ببێ و لە پارتی جیا ببێتەوە وەک ئەوەی لەخولی چوارەمی(٢٠١٣)دا، ڕوویدا. ئێستا کە یەکێتی و ٥ فراکسیۆنی تر، دژی ئەو بەکارھێنانە سیاسییەی کورسیی کۆتاکانن، ھەڵوێستەکە وەک جۆرێک لە(نەتەوەپەرستی) شکاوەتەوە!، لەکاتێکدا تاقە ھێزێک کە ساڵانێکە خۆی وەک نوێنەری نمرە یەکی ناسیۆنالیزمی کوردی لە ھەرێمدا نمایش بکا، تەنھا پارتی دیموکراتی کوردستانە نەک ئەوانیتری ناو پەرلەمان کە بریتین لەھێزی چەپ و لیبراڵ و ئیسلامی کە ھیچ یەکێکیان دژی مافی راستەقینەی پێکھاتەکان نین!. 
  بەشێکی تری برینەکە بۆ یەکێتی، فۆرمی مەقعەدییانەیەی زۆرینەیە لەپەرلەماندا لەسەر حسابی فۆرمی دیموکراتییانەی زۆرینە. پارتی کە لە٧ی ئایاردا پەرلەمانی کۆنترۆڵکرد، ئەم پرۆسەیەی بە٥٧ کورسی:(٤٥ پارتی +١١ی کۆتای پێکھاتەکان + تاقە کورسییەکەی سۆشیالیست و ھاوپەیمانەکانی) سەپاند کە لەرووی دیموکراتییەوە تەنھا نوێنەرایەتیی(٧١٧ ھەزارو ٤٤٨) دەنگ دەکەن، لە کاتێکدا ئەو شەش فراکسیۆنەی کە بایکۆتی دانیشتنەکەی پەرلەمانیان کرد، ئەگەرچی بە کورسی بێت تەنھا(٥٣)کورسی بوون، بەڵام نوێنەرایەتیی(٩٢١ھەزارو٨٣٠) دەنگ دەکەن، واتە (٢٠٨ھەزارو ٦١٨)دەنگیان لە دەنگی زۆرینەکەی٧ی ئایار زۆرترە!، ئەمە جگە لەوەی یەکێتی لە سنوری دەسەڵاتی پارتیدا(ھەولێرو دھۆک پێکەوە) ھێزی دووەمە، لەکاتێکدا کە پارتی لە سنوری نفوزی یەکێتیدا(سلێمانی، ھەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین) ھێزی چوارەمییش پێکناھێنێت، بەڵام ھاوکێشەی کورسیی پەرلەمانی وا دەکات کە دواجار کۆنترۆڵی تەواوی یاساکانی پەرلەمان لەبن دەستی ھێزێکی دیاریکراودا بێت.
   ئێستا، ئەوەندەی ئێمە زانیاریمان ھەبێت، یەکێتی کەوتۆتە جوڵەو هه‌وڵی ئەوەیە کە لەگەڵ ھێزە سیاسییەکانی تردا کە بایکۆتکردنی دانیشتنەکەی٧ی ئایاری پەرلەمان کۆیکردوونەتەوە، سنورێک بۆ ئەو زۆرینەیە مەقعەدییە دابنێت کە لە رێی بەکارھێنانی سیاسییانەی کورسی پێکھاتەکانەوە سەپێنراوە، بۆ ئەوەش دەیەوێت لەچوارچێوەی دوو جۆر گفتوگۆو رێککەوتندا ئەو کارە بکات، ھەم گفتوگۆو رێککەوتنی دوو قۆڵی لەگەڵ خودی پارتی خۆیدا بۆ ئەوەی، بەبێ رەزامەندیی ئەو، چیتر پەنا بۆ ھیچ زۆرینەیەکی پەرلەمانی نەبات و بیر لە تاکڕەوی نەکاتەوەو پابەندی پرەنسیپی دیالۆگی پێشوه‌خت و سازان بێت، ھەم لەگەڵ بایکۆتکارانی٧ی ئایاریشدا لە ھاوئاھەنگی و رێککەوتندا بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەو زۆرینە مەقعەدییە له‌ یاساو پرسه‌كانی تردا کە ھەم ھەڕەشەیە بۆ سەر یەکریزیی خه‌ڵك و خاك و پەیوەندیی نێوان ھێزە سیاسییەکان، ھەم رەنگدانەوەی نوێنەرایەتیکردنی دیموکراتییانەی دەنگی خەڵکی کوردستانیش نییەو بە یاسایەک سەپێنراوە کە لەدەمی خۆیدا پارتی لە غیابی ھێزەکانی تردا، دەریکردووە.     

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×