ئێوە، ھەموو ئەمانەتان لەکوێ بو؟!

عه‌داله‌ت عه‌بدوڵا
  2020-05-08     980
ئەگەرچی تا سەر وا نامێنێ و رۆژێک دێ کە بۆ رای گشتی ئاشکرا ببێت، بەڵام، بەگشتی، کێشەی نەبوونی زانیاری و نا شەفافییەت لەئاست زۆر دۆسیەو بابەتدا کە بەرپرسن لە زیادبوونی نا دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یاساشکێنی، وایان کردووە کە، دیاردەی واتەوات(إشاعات) لەناو خەڵکدا، بەخێرایی پەرەبستێنێ و ببێتە حیکایەتی رۆژانە.

  ئەم دیاردەیە، کەم و زۆر، لەھەموو کۆمەڵگەیەکدا ھەیە. زانایانی بواری زانستە مرۆڤایەتییەکان، وەک دەرکەوتێکی ژیانی کۆمەڵایەتیی و پێویستییەکی دەروونی مرۆڤ، لێی دەڕوانن. ئەوان بەلایانەوە دیاردەیەکی نامۆ نییە، چونکە ھەم گرێدراوی فۆرمی سیستەمی سیاسییە، ھەم دۆخی کۆمەڵایەتی، ھەم وابەستەی زانیاری و زانین و رۆشنبیریشە لەلای مرۆڤ. دیاردەکە لای ھەموو کەس و گروپێکیش چوونیەک نییە، بەڵام ھۆکاری سەرەکیی تەشەنەکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ونکردنی فاکت، یان چەپاندن و شاردنەوە، یان ترس و تیرۆر، یان غیابی ململانێی شەریفانە، یان بەرچاونەخستنی بەڵگەو زانیاریی پێویست بۆ رای گشتی.

 لەواقعی کوردستاندا، ئەو چینە کۆمەڵایەتییەی کە زۆرجار بڕێکی زۆری ئەم دیاردەیەیان رووبەڕوو دەکرێتەوە، چینی بەرپرسە دەوڵەتی و حزبییەکانن. ئەوان لەکۆمەڵدا کەوتوونەتە ژێر مایکرۆسکۆبی ھاووڵاتیانەوە، وایان لێھاتووە تەواوی ھەڵسوکەوت و جموجوڵیان خراوەتە ژێر چاودێرییەوە، بەشێک لەماسمیدیاشیان بەخۆوە سەرقاڵکردووە، بەتایبەتی کە ئەرکێکی میدیا خۆی بەدواداچوونە بۆ پرسەکانی رۆژ و ئەو باسانەی کە لەناو کۆمەڵدا ھەن. لەم بوارەدا، ئەگەر میدیا زانیاری و بەڵگەی بەردەست نەکەوێت، یان لاشی بێ و نەتوانێ و نەوێرێ بڵاویان بکاتەوە!، ئەوا ئیتر بە ئاسانی دەرگای گەورە بۆ پڕوپاگەندەو واتەوات ئەکرێتەوەو تەڕو وشکیش پێکەوە دەسوتێن!.

 بەمانایەکی تر، ئەمڕۆ سەروەت و سامانی بەرپرسان: لەڤێلا و کۆشک و تەلاریان بێت، یان کۆمپانیاو کارگەکانیان، یان کاری بازرگانیی ھەمەجۆریان، یان مۆڵدانی پارە لەبانکە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، یان مەزرەعەو دۆنمە زەویان، یان سەفەر و گەشتی بەردەوام بۆ دەرەوەی وڵاتیان، یان غەسل و بەنزیخانەو ریزە دووکانیان، یان فرە ئۆتۆمبێلی خۆیان و ماڵ و مناڵیان، یان پزیشک و قوتابخانەی تایبەتیی وەچەکانیان، یان شوێنی سپێشەڵی خواردن و ریستۆرانت و یانەکانی شەوانیان، یان قومارکردن و قاچاخچێتی سەر سنورەکانیان، یان تەخشان و پەخشانی پارەو ئیشکردن بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی لەسەر حسابی سامانی گشتی و نەسریەی حزبەکانیان، یان ئاستی خوێندەواری و تەمومژی بڕوانامەکانیان، یان پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و شەخسییەکانیان چ لەگەڵ دەوروبەر و چ لەگەڵ رەگەزی مێینان، یان کاری رۆتینی و ئیدارییان چ لەگەڵ ھاووڵاتی ئاسایی و چ لەگەڵ خزم و کەسوکارو ئەحبابیان!، یان غروری ماڵ و مناڵیان لەناو خەڵکداو زۆر لایەنی تری رەفتارو ئەتواریان، ھەر ھەموو، تێکڕا، بۆتە شوێنی پرسیارو جێی ناڕەزایی و تووڕەیی ھاووڵاتیان. رەنگە سەرەتاییترین پرسیاریش لەکۆمەڵگەی ئێمەدا، زۆر بەسادەیی، ئەوە بێ کە ئەپرسن: ھەر بە راستی، ئەم ھەموو ناشیرینییە بۆ؟ ئەو ھەموو سامان و تێروپڕییەتان لەکوێ بوو؟ ئەگەر بەمووچەیە، دەلیلی نادادپەروەرییە، ئەگەر بە نەسریەو بودجەی وڵاتە، دەلیلی ئیختیلاس و تاوانە، ئەگەر بە بازرگانیکردنە، دەلیلی نائەھلییەت و بەدبەختی ئەم نەتەوەیەیە کە ئێوەی کردۆتە کاربەدەست و دەمڕاست لەناو حزب و دەوڵەتدا!.  

 بێگومان، پێشوەخت، دوو راستی ھەن دەبێ بیریان بخەینەوە بۆ ئەوەی ئێمەش کۆمەکی کەلتوری ئیشاعات و پڕوپاگەندە نەکەین:-
 
یەکەمیان: مەرج نییە ھەموو بەرپرسێک لە کۆی ئەو ناز و نیعمەتانەدا بژی کە ئاماژەمان پێکردن، بەڵام دەبێ ئەو پەیامەشیان پێگەیشتبێت کە لەناو خەڵکدا بەڕێژەیەک لەم سەڵتەنەتە ناسروشتی و دەوڵەمەندبوونە فاحیشانەیە، کە بە بەرچاوی خەڵکەوە ئەگوزەرێ، تۆمەتبارکراون.
 
دووەم: ئەو بەرپرسانەی کە ھەستدەکەن بێگوناھن و بە ناھەق لەگەڵ ئەوانیتردا حەشرکراون، بگرە ئەوان بەو ھەلومەرجە ناڕازین و دەستیان تێیدا نییە، ئەوا لەسەریانە دەستپێشخەربن لەرووبەڕووبوونەوەی دیاردەکەدا، یا لانیکەم، لەخستنەڕووی شەفافییەت و سەرچاوەکانی داھات و سامانیان.
 
ئەوان، بەداخەوە، نەھاتوون لەبەردەم ئەو لێشاوە لەپڕوپاگەندە، بە بەڵگەو زانیاری و راستگۆییەوە، بەرگری لەخودی خۆشیان بکەن!، بۆیە دەبینی لەدواییدا ھیچ سەرەتایەکی جیاواز دەست پێناکرێت، نە بۆ شەفافییەت و نە بۆ فشار خستنەسەر گەندەڵی و نە بۆ کۆتاییھاتن بە دیعایە و تۆمەتە پشت ڕاستنەکراوەکانیش، بەڵکو ئەم پرسانە، لەناو واقعی ئێمەدا، ھەر درێژە دەکێشن و زیاتر پەرەدەستێنن.
   
لەوەش زیاتر، ئەمڕۆ تووڕەیی خەڵک لە لێپرسراوان فراوانتر بووە، بەتایبەتی لەسەروەختی قەیرانەکان و خراپبوونی ژیان و گوزەرانی بەشێکی بەرچاوی ھاووڵاتیان. بەرپرسان، ئەوانەیان کە خۆیان بە دەستپاک دەزانن، تا ئێستا نەھاتوون، لانیکەم، بۆ نێوبانگی خۆیشیان بێ، دەنگیان لێ بەرز ببێتەوەو لەدژی ئەو دۆخە کە لەھەرێمدا ھەیە شتێک بڵێن!، بەڵکو ئەوەی تا ئێستا کردویانەو ھەیەو نییە، یان پاساوھێنانەوەیە بۆ قەیرانەکان، یان پێچاندنەوەیانە بە ململانێیەکی حزبایەتیی بێ ماناوە کە ھیچی لەژیانی ناھەمواری خەڵک نەگۆڕیوەو جۆرێکیشە لە دوو ڕوویی و ھەڵھاتن لەبەرپرسیارێتی، بەتایبەتی بۆ ئەو حزبە سیاسییانەی کە لەحکومەت و دەزگاکانی فەرمانڕەواییدان.
    
ئەوان ئەگەر، بە راستی، تێوەگلاو و سوودمەند نین، دەبێ بچنە ململانێوە لەگەڵ بەرپرسانی گەندەڵ و تێوەگلاودا، دەبێ دژی ئەو دۆخە ترسناکە لە نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی بوەستنەوە کە تەنانەت لەخودی حزبەکانیشیاندا دروستیان کردووە نەک تەنھا لەناو کۆمەڵگەو دەوڵەتدا. دەبێ ھەموو ئەو بەرپرسانەش بەرکەنارو لەکار بخەن کە لە رابردوودا دەستیان لەبەرھەمھێنانی ئەو ھەلومەجە خراپەدا ھەیە، نەک ساڵ بەساڵ و خول بۆ خولی دەزگا دەوڵەتییەکان ئیمتیازات و پایەو پۆستیی زیاتریان پێ بدەن و بیانکەنەوە بە دەستڕۆیشتوو و ئاغا!.
     
سەرکردەو کاربەدەستی نەزیھـ دەست بە کڵاوی خۆیەوە ناگرێ!،  بێدەنگ نابێ و مووچەو نەسریەو ئیمتیازات بخواو لەولاشەوە نیوەی خەڵکی وڵاتەکەی لەخراپترین باری گەوزەراندا بژی!. ئەمە ھەڵوێستی بەرپرسی نەزیھـ نییە، ئەمە رەوشت و مۆراڵی ئینسانی جوامێرو مەرد نییە، جا لەھەر پارتێکی سیاسیی فەرمانڕەوادا بێ، ئەمە ھیچ نییە جگە لە جۆرێک لەبرابەشی لەگەڵ تێوەگلاو و گەندەڵکاراندا، بەڵام لەفۆرمێکی داپۆشراو و دەمامککراودا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×