بەشیر حەداد: لە دو رۆژی داهاتودا شاندێكی حكومەتی ھەرێم سه‌ردانی بەغدا ده‌كات
  2019-08-25       547       

جێگری دوەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات لە دوو رۆژی داهاتوودا شاندێكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان سه‌ردانی بەغدا ده‌كات و لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق كۆدەبێتەوە.

ئاوێنه‌: بەشیر حەداد، جێگری دوەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لە دوای پێكھێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، پەیوەندییەكانی ھەولێر و بەغدا چوەتە قۆناخێكی نوێوە، كە قۆناخی ھەنگاونانە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لەنێوان ھەردوولادا ھەن."

وتیشی: "دەرفەتێكی باش لە عێراق ھاتووەتە پێش و خواست لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە."

ئاماژەی بەوەشكرد "چەند لیژنەیەك لەنێوان ھەردوولادا لەسەر دۆسیەكانی نەوت، بودجە و مووچە، مادەی 140 و دۆسییە ئەمنی و سیاسییەكان پێكھێنراون."

بەشیر حەداد باسی لەوەشكرد" "ئەمڕۆ یان سبەی شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەگاتە بەغدا و ئومێد ھەیە لە ماوەی مانگێك تا دوو مانگ گفتوگۆكانی نێوان ھەولێر و بەغدا بە ئامانج بگات، چونكە ئێستا لە بەغدا ئیش لەسەر بودجەی ساڵی 2020 دەكرێت و تا مانگی 12 دەبێ بودجە بھێندرێتە پەرلەمان، بۆیە ئەگەر لەو ماوەیەدا ھەرێمی كوردستان و بەغدا نەگەنە رێككەوتن، تێپەڕاندنی بودجە لە پەرلەمانی عێراق زۆر زەحمەت دەبێت."
 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×