دوو بە چوار
  2024-02-13       821       

نەوزاد بەندی

 

مناڵانی گەڕەک ، هەموویان ددانەکانیان ڕەش و کرمێ بوون ، بۆگەنێکی قورس له زاریانەوە ڕێی دەکرد ..

نەعلی لاستیک و ..بیجامەی بازه ..

دوای ئەو هەموو ساڵە ، لەسەر تابلۆیەکی گەورە ، بە خەتێکی ناشیرین نووسی :   مناڵیی ، نەفرەتت لێ بێ  ، بیرت ناکەم ..تف ..!


ئەوەندە بۆگەنی دەم و گەدەی بەتاڵی هاوڕێکانی هاتبوون بەسەریدا ، کە ئەچوو بۆ قوتابخانە ، ئەیووت ئەڕۆم بۆ تەویلە ..!

بەڕێوەبەر توند نەرمایی گوێچکەیەکی گوشی ،لە تووڕەییدا ، زیاتر بە لووت ئەدوا : (ئەگەر باوکت نەهێنیت بۆ ئێرە ، جارێکی تر نایەیتەوە قوتابخانە ) 

بە باوکی ووت : ( تەماشا کە )

لەسەر ناوونیشانی تیا نووسەکانی ، ووشەی قوتابخانەی گۆڕی بوو بۆ  ، تەویلە ..گەواخانە ..حەدیقەی حەیوانات...

چل و چوار ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژانەدا تێپەڕیبون ، هێشتا وا ئەزانێ ئێستایە کە بە باوکی و بەڕێوەبەرەوە ، تێی بەر بوون ، ئەتووت هەویرێکی بێ سۆدە و خومرە ئەشێلن و ..هەرچی دەکەن ، خۆش نابێ ..

کە یەکەمجار ، هاوڕێ ناشیرینە ددان شکاو و چڵکنەکانی دراوسێیان ، داوایان لێکرد بڕۆن لە مزگەوت نوێژ بە جەماعەت بکەن چونکە مامۆستا ئەحمەد بێتوشیی ئەڵێ هەر نوێژێکی مزگەوت ، به 27 نوێژ حیسابە ..

ئەم لە مزگەوت بە مامۆستای ووت : واتا نوێژێک لە مزگەوت بکەم و .. پێنج ڕۆژ و تاقێک پاڵی لێ بەمەوە ؟ 

ــ یەعنی چی ؟

ــئێ 27 نوێژ ، واتا نوێژی پێنج ڕۆژ و تاقێک ..

مامۆستا ئەحمەد وەک بەڕێوەبەر گوێچکەی بۆ نەجلیقاندەوە ، بە هێمنیی بزەیەکی بۆ کرد و ..ووتی :

ــ سەعدوڵا ، هەتا زیاتر نوێژ کۆبکەینەوە ، هێشتا کەمە .. هەوڵ بدە لە ڕۆژێکا نەک 27 ، هەزاران نوێژ بکەیت ، چونکە کە ڕۆی ، ناگەڕێتەوە .. ڕۆژەکان وەک کۆمەڵێ گوێنی بەتاڵ وان ، پێش ئەوەی لە دەستمان دەربچن ، پێویستە پڕیانکەین لە عیبادەت و ئیشی باش و چاکە و یارمەتیی و دەستگرۆیی ئەوانی تر..!)

یەکەم نوێژی جەماعەت ، ئەوە بوو ، کە داخڵی مزگەوت بوو ، خەڵکێکی بینی  جیا جیا نوێژی سونەتیان ئەکرد ، چاوەڕێی مامۆستایان ئەکرد بێت و جەماعەتەکەیان بۆ بکا .. ئەم وایدەزانی ئەمەیە نوێژی جەماعەت ، چوار ڕکاتەکەی نیوەڕۆی کرد و لێی دا هاتە دەرەوە ، لەبەر دەرگای مزگەوت مامۆستای دی ، بۆنی کەواکەی ،  کە ڕەشەباکە ئەیکێشا بە ڕوخساریا ، هات بەسەریدا ، بۆنێکی گوڵەباخ تێکەڵ بە تڵپەچا و تۆوی عەلی بابا ..

ــها سەعدوڵا ، بۆ کوێ ؟ 

ــمن نوێژی جەماعەتی خۆم کرد !

ــ هێشتا جەماعەت نەکراوە ، بگەڕێرەوە ..

یەخەی کراسە تایوانە شینە کاڵەکەی ڕاکێشا ، کە لە بازاڕی قاچاخچێکان کڕی بووی ، قوماشێکی لاستیکیی ، دوو گیرفانی سەرسنگی هەبوو ، بە ترەقەی ناسک دادەخران ..

بەناو خەیاڵەکانیدا ڕۆچوو بوو ، لە دێزفول سەرباز بوو ، کوشتارێکی زۆر کرا بوو ، ئەو عەسرە ئێرانێکان هێرشیان کرد  ، زۆربەیان کەوتبوونە ناو حەوزی تێزاب و تەلی دڕکاویی کارەبا ، سووتاندبوونی ..

ڕۆژی دوایی موچە و مۆڵەتی شەش ڕۆژی وەرگرت ، کە گەڕایەوە  ، هەواڵی مەرگی مامۆستا بێتوشی بیست ..نایشارێتەوە ، خەفەتی بۆ نەخوارد ، بەڵام هەستی کرد بەشێک لەو مناڵییەی کە قەت بیری نەکردووە و دڵی بۆی لێ نەداوە ، هەرەسی هێنا ...

دایکی پێی ووت : مامۆستا هیچ نەخۆشی و شتێکی نەبوو ، لە نوێژی نیوەڕۆ گەڕا بۆوە ، تێر قسەی خۆشی بۆ مامۆستا ژن کردبوو ، تێر نانیشی خواردبوو ، توخوا ! برنج و قەیسییان هەبوو ، لەگەڵ چای سێیەمدا ، چاوی داخستبوو ..ئیتر هەزار ساڵ بوو مردبوو !!

مزگەوت ، تەنها جێگایەک بوو کە مناڵە هەژارەکانی گەڕەک بتوانن  سەردانی بکەن ، ئەوانەی بەلایەنی کەمەوە ددانێکیان شکابوو ، چوار دانیشیان کرمێ و ڕەش بوون ..ئەوانەی پشتە ملیان هەتاو سووتاندبووی ، جلەکانیان بۆنی دوکەڵ و ..ژێر نینۆکیان پڕ بوون لە چڵکی ڕەش، هی ئەوەبوو نایلۆنیان ئاگر ئەدا و دڵۆپ دڵۆپ نایلۆنە تواوەکەیان ئەکردە ناو شوشەی بەتاڵی شرینقە و لە کۆتاییدا تەلێکی وەک پیتی هەشتیان ئەچەقاندە ناوی ، هەتا ئەڵقەیەکی لێگیر بکەن و ببێ بە مەدالیا ، دەست و نینۆکیشان لە ئازاری دڵۆپە نایلۆنی تواوەی داخ ، بێبەش نەبوون  ..تەنها لە مزگەوت بە ئارەزووی خۆیان جوڵە و قسە و بیریان ئەکردەوە ..هەموو داوایەکیان لە خوا ئەکرد :

ــ خوایه گیان ، ڤاڵڤۆیەکی ڕەنگ وەک دۆندرمەم ئەوێ .. ماڵمان سێیەم ماڵە ، بەرامبەر ماڵی ڕەزا شەلی چایچی ..خوایەگیان بۆم دابەزێنە ، تۆ هەموو شتێک ئەتوانی ..

 

ــ خوایە گیان ، لادایەکی سپی .. فیاتێکی پۆڵسکی ڕەنگ جەرگیی وەک ئەوەی مامۆستا غەریب ، با بە گریزەوە بێ ، خوایه گیان زۆرم حەز لێیه ..

 

ــ خوایەگیان ، یەک کیس نوقوڵی مینۆی سێگۆشە و ..مەساسەی مینۆی چیلکە ئاویی ، هەڵدەرە حەوشەکەمان ، ماڵەکەمان بەرامبەر میراوەکەیە ، دوو ماڵ سەروو ماڵی فەخری توجارباشیی .. خوایەگیان شەڕی نێوان دایک و باوکم کۆتایی پێ بێنە .. خوایەگیان خورووی پاشەڵم به بەیانیانی زوودا ، زۆر ئازارم ئەدا .. خوایەگیان ، قوتابخانەمان بۆ خۆش بکە ، دارحەیزەرانی دەستی مدیر و مامۆستاکان بشکێنە ..

ئەوەی لێی تێک ئەدان یان وەک ووتراوە چەم بێ چەقەڵ نابێ ، شێ عەلی خاوەن مزگەوتەکە بوو ، بە خۆی و ڕۆبێکی چوارگۆشەی کۆن و جووتێ نەعلی زلەوە ، خۆی ئەکرد بە مزگەوتەکەیدا و ..مناڵانی ڕاو ئەنا : ( سەرتان بە ....زی دایکتان ..مناڵی ئاخر زەمان ..نازانم چۆن ئەوەنە چاویان قایمە ،بستێکن دێنە دەرەوە ..؟؟ وەڵڵاهی لە عومری ئەواندا بووم لەترسی ئەوەی نەمگێن ، نەئەهاتمە دەرەوە !!..ئەمانە چ ئاگری قورەتێکن ئیلاهیی ؟  )

هیچ کەسێ ، بە مامۆستا ئەحمەدیشەوە ، قسەیان لە قسەی شێ عەلیدا نەدەکرد ، چونکە هەم پیرترین کەسی گەڕەک و ..هەم خاوەنی مزگەوتەکەیش بوو ..یان ڕاستتر کەس نەیدەوێرا وەڵامی بداتەوە .. ئەو قسەکانی سەیر بوون ، بۆ نمونە ئەیووت :

ــ کە جارێ دەستنوێژت گرت و بات لێ بۆوە ..دووەم جار دەستنوێژت تازە کردەوە و بات لێبۆوە ، دەستنوێژی سێیەم مەشۆ ، تەنکییەک ئاوە ، هەمووی بۆ جەنابت دانەنراوە ..مەعنای وایه خوا نوێژی تۆی ناوێ و غەڵەتت زۆرە ، بۆیه وا ئەتتڕێنێ ..!

هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشا ، بەسەر ئەو پیتانەدا ئەڕۆیشتەوە و تۆخی ئەکردەوە ، کە نوسی بووی :

منداڵیی ، نەفرەتت لێ بێ ، بیرت ناکەم .. تف !! 

بە خەتێکی ناشیرین نووسرا بوو .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×