دیوێکی تری نەشتەرگەرییەکانی جوانکاریی
  2024-03-09       778       

نوسینی‌: هێمن عه‌بدولقادر

 

قەلەڕەش کاتێک ڕۆیشتنی بیردەچیتەوە 
(دیوێکی تری نەشتەرگەرییەکانی جوانکاریی)

حەزی مرۆڤ بۆ جوانکاری، پەیوەستە بەحەزی مرۆڤ بە نەمرییەوە، هەموو جوانکارییەک لەنائاگاهیماندا دەمانباتەوە سەر ئەوەی کە نابێت بمرین، هێشتا گەنجین.

ئەمەل مەبروک لەکتێبی (فەلسەفەی مەرگ)دا دەڵێت:-
 (مرۆڤ بۆیە لەمردن دەترسێ چونکە لەقوڵایی ژیاندایە) 

هیچ مرۆڤێک لەسەر ئەم هەسارەیە لەبەر نەخۆشی و پیری نامرێت، بەڵکو مرۆڤ دەبێت بمرێت چونکە ژیاوە، ساتی مردنی ئینسان لەساتی لەدایکبوونیەوە دەستی پێکردووە، ئەم کاتژمێری لمینەی کە هەڵگەڕاوەتەوە بەرەو مردن زیخ زیخ دێتە خوارێ بەخێرایی چۆن ڕابگرین؟ یەکێک لەوانە بیرۆکەی بەگەنجی مانەوەمانە، مرۆڤ لە(گەلگامێش)و (ئەسکەندەر)ەوە کە نەگەیشت بەئاوی بەقا، بیری لەوە کردەوە لانی کەم بڕێک مردن دوا بخات، ئەگەرنا هەموو ژیانێک سەرەتای مەرگە، هەموو جوانکارییەک سەرەتای دەرکەوتنی مەرگە.

مرۆڤێک کە خەریکە بینایی لەدەست ئەدات‌و زانست ناهێڵێت چاوەکانی بەیەکجاری بکوژێتەوە ئەمە نیعمەتی زانستە، بەڵام ئەوەی کە پێڵوی چاوت ڕابکێشی لەپشیلە بچیت ئەمە کارەساتەکەیە، لوتی بەرازیی، سمتی بەرانی، باڵای ئەسپی ، سنگی قازی ، ددانی کەروێشکیی.

نیتچە دەیگووت مرۆڤ کاتێک بابەتی (پەرەسەندن-(evolution ی لەگەڵدا باس دەکەیت ، هەمیشە نیگەرانە لەوەی کە پێی بوترێت تۆ لە سولالەی مەیموونیت بەڵام بێ ئاگایە لەوەی کە ڕەفتارەکانی تا هەنووکەش بستێک لەبیرکردنەوەی مەیموونی تێنەپەراندووە، ئاخر هیچ مەیمونێک قبوڵی ئەو سوکایەتیە ناکات و بیەوێت خۆی بکات بەئەسپ، یان هیچ ئەسپێک ئازارێکی زۆر ناچێژێت یان بەدوای ئەوەدا ناگەڕێت ببێت بەکەروێشک، هیچ مێرولەیەک نایەوێت دەمو لێوی بکات بەهی مراوی، ئا لێرەوەیە کە ئارەزوی جوانکاری بڕێکی زۆری لەئارەزوی ناتەواوییەوە، بیرۆکەی جوانکاری گەرچی مێژوویەکەی زۆر کۆنە لە سەردەمی (فیرعەونییەکان)و (هنیدیەکان)ەوە هەبووە، بەڵام پەرەسەندنی خێرای لەدوای جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانیەوە سەری هەڵدا، ئاخر ئەو ژمارە زۆرەی قوربانی و (خاوەن پێداویستی تایبەت) کە لەجەنگ دەگەڕانەوە پیویستیان بەبڕێک لە نەوازش و دڵنەوایی بوو، هەر بەو چەشنە بڕێکی زۆری ئەوانەی موبالەغەو زیادەڕەوی دەکەن، لەناتەواویی و (کەمئەندامی) دەرونیانەوە سەرچاوە دەگرێت.

جیهانگەڕەکانی وەک (کۆڵۆمبۆس‌و ماجەلان) پێش ئەوەی سەرباز ببەن بۆ ئەو شوێنانەی کە دۆزیویانەتەوە، (ئەنپرۆپۆلۆژیست- مرۆڤناس) و کۆمەڵناس و ڕەوەک ناس و ئاژەڵناس و زەوی ناسیان بردووە لەگەڵ خۆیان بۆ داگیرکاری، ئەمڕۆ زانستەکانی تری وەک دەرونناسی و بزنس و سەرکردایەتی و گەشەپێدان و کۆی زانستەکانی تریش لە خزمەتی ئەو داگیرکارییە جەستەیە ڕۆڵی باڵایان هەیە یان لانی کەم سودیان لێوەرگیراوە هەم بەوەی پاساوت بدەنێ هەم بازاڕگەری بکەن.

پڕکردنەوەی چرچ و لۆچی و بۆشاییەکانی ناوچاوان و سەرڕومەت و دەموچاو تەنها نەشتەرگەری جوانکاری نییە، بەڵکو شاردنەوەی ئەو ڕەفتارانەوەیە کە ئەشێ لە ڕێگەی (ئیعاز-ئاماژەنما)وە ، پێمان بگات، بەمانایەکی تر چەند بەدبەختە ئەو مرۆڤەی ناتوانێت ناوچەوانی چرچ بکات کاتێک ئازارێک ئەچێژێت و یان کەسێکی نزیکی ئەمرێ یان دۆخێک دەبینێت کە پیویستە توڕە دیار بێت لەوەش بەدبەختر ناجارە بە ناوجاوان سافی بمێنێتەوە و ببێتە جێگەی پرسیار و گاڵتەجاری ئەوانی تر.
چەند بەدبەختە ئەو مرۆڤەی کە دەموددانی ئەبێت هەمیشە بەدەرەوەبێت بۆ ئەوەی سپی و پێکەنیناوی دەرکەوێت، لەکاتێکدا لەناوەوە غەمبارو هەپرون بەهەپرون و شەقارە.

دوو تەماتە پێکەوە ئەنوسێن کەمتر ساغ ئەبنەوە، خەیارێک خوار ئەبێت شێوەی ناشیرینەو بەدەستکاریکردنی لەموختەبەردا ڕێکدەکرێتەوە ئەمانە نیعمەتی زانستن، بەڵام کاتێک کۆی بەرهەمەکە دەکرێتە کاڵای خێرا دەستکاری جێنەتێکی میوەکە دەکرێت ئیتر لەتام دەرئەچێت و تەنها ئەبێتە میوەیەکی لە نایلۆن پێچراوەی سەر ڕەفەکان کە هیچ تامێکی نامێنێت، ئەوەی کە دوو مناڵ لە دایک ئەبن سەریان پێکەوە نووساوە یان کیشەیەک لەجەستەی مرۆڤدا ڕودەدات بەهۆکاری جەنگە، سوتاوییە ، ڕوداوی هاتوچۆ و ...هتد ئەمە نیعمەتی زانستە کە سودی لیوەرگرین، بەڵام ئەوەی کە سمت و لێوی و مەمک و ڕان و باڵاو برژانگ و کوڵم و قژو پیڵومان بەگوێرەی خواستی مدیری تەلەفزیۆن و دەزگاکە، یان فاشیلێکی ناو تۆرە کۆمەڵایەتییەکان، یان حەزی غەریزی نێرایەتی و مێییایەتی ئەوانی تر یانب بەقسەی هاوڕێ و چاولێکەری و هەموو خەڵک کردوویەتی، ڕێک بخەین ئەمە ئیتر پێداویستی نییە ناتەواوییە، نەخۆشییە، بەشی زۆریشمان بۆ شاردنەوەی ئەم ناتەواوییەمان، تەنانەت ئامادەین درۆ لەگەڵ خۆشمان بکەین و ڕاپۆرتی درۆی پزیشکیک ئامادە بکەین تەنها بۆ ڕازی کردنی خۆمان و ئەوانی تر.

چەند بەدبەختە ئەو مرۆڤەی کە تیونێتی سەگێک، برسێتی پشیلەیەک، گریانی منداڵێکی بێباوک، ئاودانی درەختێک، نوشتانەوەی (کەناسێک) بۆ پارچە کاگەزێکی ئێمە سەرنجی ڕاناکێشێت و نایبزوێنێت و ئەو هەموو جوانییە کەوتووەی جواردەوری نابینێت بۆ خۆی و کۆی ناکاتەوە تەنها جوانی لەوەدا دەبینێت دەمولیوی لەقاز، یان لوتی لەبەراز، یان شەویلگەی لەکوشنی پاسکیل بچێت 

ئەڵین قەلەڕەش کەوتە ناو کۆمەڵیک باڵندە، پاش ماوەیەک کە گەرایەوە بۆلای هاورێکانی، نەڕۆیشتنی باڵندەکانی تر فێر ببوو نەڕۆیشتنی خۆشی بیرمابووە، کە ئەڕۆیشت بە رێگادا باڵندەیەکی لێدەرچووبوو، عەنتیکەو سەیر، ئێمەی مرۆڤی ئەم سەردەمەش دروست وەک ئەو قەلەڕەشەمان لێهاتووە، شتێکمان لێدەرچووە عەنتیکەو سەیر، لەکاتی دەم داخراندا ددانمان بەدەرەوەیە، لەکاتی توڕەیدا هێمن دەرەکەوین، لەکاتی نیشاندانی ئەزمون و سپێتی تالە موو شوێنی فرمێسکەکانی ژێر چاوەکانمان ، وەک هەژدەساڵێکی بێئەزموون دەرەکەوین.

بەخێر بێن بۆ زەمەنێک کەمرۆڤ ئازارێکی زۆری خۆی ئەدات بۆ ئەوەی، نەمرێت و بەگەنجی بمێنێتەوە، لەکاتێکدا دەبێت پیربێت چونکە پێشتر گەنج بووە، هەروەکو چۆن دەبێت بمرێت چون ئیتر ژیاوە، هیچ شتێک ئەم لافاوی تەمەنە ڕاناگرێت، گەر ڕاشی گرێت بەدبەختی ئەکات.
کورد ئەڵێت (هەموو بەرەو ژوورەیەک، بەرەو خواریەکی هەس)، هیچ شتێک ناتوانێت ئەم بەرەوخواریە ڕاگریەت جگە لەوەی خۆمان توشی دەردی زیاتر ئەکەین.

نوقتە سەری دێڕ ......

لەساڵی (٢٠٢٢)دا بایی (٥٥ ملیارد دۆلار) نەشتەرگەری جوانکاری ئەنجامداروەو لەساڵانی داهاتوو هەڵدەکشێت بۆ نزیکەی (٧٥ملیارد دۆلار)، کە ئەم داهاتە زیاترە لەبودجەی زۆرینەی وڵاتانی دنیا بۆ دەیان ساڵ لە بواری پەروەردەو تەندروستی و سەربازی.

نوسینی‌: هێمن عه‌بدولقادر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×