وتەبێژی وەزارەتی دارایی: دەستمان بە رێککارەکانی پلەبەرزکردنەوە کردوە
  2024-04-17       360       


وتەبێژی وەزارەتی دارایی رایگەیاند، چاوەڕێ دەکەن لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی مانگی نیسان لە عێراق، مووچە بۆ هەرێمی کوردستانیش بنێردرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەریـی کوردستان لە پەراوێزی بەشداریکردن لە دیداری سلێمانی رایگەیاند:" لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی مووچەین و هەندێک وەزارەت تەواوبوون، لەم چەند رۆژەدا لیستی مووچە رەوانە دەکەین بۆ ئەوەی پێکەوە دابەشبکرێن".

لەبارەی پلەبەرزکردنەوە وتی، دەستمان بە رێککارەکانی پلەبەرزکردنەوە کردووە بەڵام کاتی پێویستە چونکە وردبینی دەوێت، هەر کاتێک تەواو بوو ئاڕاستەی بەغدای دەکەین، کە ئەویش دواتر رێککاری خۆی دەوێت.

هونەر جەمال راشیگەیاند:" لە هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی مووچە لە عێراق دەستێدەکات، ئێمەش لیستەکە دەنێرین و چاوەڕێ دەکەین پێکەوە دابەشبکرێن".

هەروەها، لەبارەی تەوتینی مووچە، وتەبێژی وەزارەتی دارایی رایگەیاند، دەمێکە شوێنگرەوەی بانکی رەشید و رافیدەینمان هەیە و کارەکانی تەواو بووە، هەژماری من هەمان تەوتینە کە عێراق داوای دەکات و هیچ گرفتێکی یاسایی نییە".

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×