وەزیری نەوتی عێراق: داوامان لە حكومەتی هەرێم كردوە نەوت رادەستی سۆمۆ بكەن بۆ هەناردەكردنی
  2024-04-17       351       

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند،  داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوە نەوتی بەرهەمهێندراو رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکەن بۆ ئەوەی هەناردەی بەندەری جەیهان بکرێت.

ئاوێنە: حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی، بەم نزیکانە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە.

وتیشی،"ئەو میکانیزمەی لەرێگەیەوە نەوت وەردەگیرێت و هەناردە دەکرێت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکانی کانونی یەکەمی ئەمساڵ لەسەری رێککەوتوین."

 هەروەها ئاماژەی بەوەشدا"نوسراوێکمان ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوە بۆ پێدانی ئەو نەوتەی لە کێڵگەکانەوە بەرهەمدەهێندرێن بە کۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق کە کۆمپانیای سۆمۆیە و تاکە کۆمپانیای رێگەپێدراوە بۆ بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق." بۆ ئەوەی لەڕێگەی بۆریی نەوتیی عێراقی - تورکی هەناردەی بەندەری جەیهان بکرێت.

 لەبارەی مافی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، حەیان عەبدولغەنی، وتی"پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و حکومەتی ناوەندی نییە."

 وەزارەتی نەوتی عێراق بە "پێویست"ـی زانیوە هەرێمی کوردستان کۆپیی گرێبەستە نەوتییەکانیان پێبدەن، "بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان تێدا بکرێت و بەپێی دەستوری عێراق بگونجێندرێت."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×