بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران کۆڵبەرێک کوژرا و کۆڵبەرێکیش بێسەروشوێنە
  2024-04-18       113       

بەهۆی تەقەی ڕاستەۆخۆی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە هەورامان، کۆڵبەرێک کوژرا و لە سنووری بانەش دوای دەستڕێژی گولـلە لە ژمارەیەک کۆڵبەر، ماوەی زیاتر لە دوو ڕۆژە کۆڵبەرێک بێسەروشوێنە.

بەپێی هەواڵێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەمە لە سنووری تەتەی هەورامان ژمارەیەک کۆڵبەر کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ڕژێمی ئێران و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانە کۆڵبەرێک کوژراوە.

ئەو کۆڵبەرەی کوژراوە ناوی “سەیوان دەستئەفکەن”ـە خەڵکی گوندی دەرەپەمەیانی مەریوانە.

لەلایەکی دیکەوە، هێزەکانی ڕژێمی ئیران، دەستڕێژی گوللەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر لە سنووری بانە کرد، بەهۆیەوە کۆڵبەرێک بە ناوی “محەمەد ڕەحیمی” خەڵکی شاری سەقز بێسەروشوێن بوو.

لە کاتی دەستڕێژییەکەدا، ئەو کۆڵبەرە لە هاوڕێکانی دابڕاوە و ماوەی دوو ڕۆژە گەڕان بە دواییدا بەردەوامە.

لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا پێنج کۆڵبەر لەناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەت کوژراون و پێنج کۆڵبەری دیکەش بە هۆی ڕووداوەکانی وەک ڕەقبوونەوە، کەوتنەخوارە لەبەرزایی و وەستانی دڵ لە کاتی کۆڵبەری گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٤٠ کۆڵەبەریش لەو ماوەیەدا برینداربوون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×