تیکتۆک، قەدەغە بکرێت یان نەکرێت؟
  2024-04-18       179       
لەعێراق تیکتۆک لەڕیزبەندی یەکەمی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندایە

ئا: تەرزە عەبدوڵا

 

تیکتۆک، بەشێکی بەرچاو لەگەنجان‌و خەڵکی عێراق‌و هەرێمی کوردستانی بەخۆیەوە سەرقاڵ‌ کردووە، زۆرێک داوا دەکەن لەبەرئەوەی شیرازەی کۆمەڵگە تێکدەدات پێویستە تیکتۆک قەدەغە بکرێت، خەڵکێکیش بەپێچەوانەوە پێیانوایە تیکتۆک ئامڕازی سەرگەرمی‌و پارە پەیداکردنەو هەبوونی پێویستە، شارەزایەکی بواری سۆشیاڵ میدیاش دەڵێت "تیکتۆک بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش دروستکراوە، کە بەردەوام بەکارهێنەرەکەی ئاڵودە دەکات".

 

تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک لەساڵی ٢٠١٢ لەلایەن کۆمپانیای کۆمپانیای بایتدانسی چینی خرایەکار، لەسەرەتادا تەنها بۆ گەنجان بوو، خزمەتگوزارییەکانی سەرەتایی بوون، بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠١٨ بە تەواوی لەجیهاندا بڵاوبووەوەو بووە یەکێک لەبەربڵاوترین تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی جیهان بۆ دروستکردنی کورتە موزیک‌و سەماو ڤیدیۆی ٣ تا ٦٠ چرکەدا بەکاردەھێنرێت.

زیاتر لەدوو ملیار بەکارهێنەری لەجیهاندا هەیە، پێش سناپچات‌و تۆڕی ئێکس کەوتووە، بەجۆرێک دروستکراوە کە بەکارهێنەر بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر بەسەر شاشەی مۆبایلە زیرەکەکەیەوە دەهێڵێتەوە، دەتوانرێت لەڕێیەوە وەک بازرگانییەکی بچووک پارەی پێ پەیدا بکرێت.

لەعێراق تیکتۆک لەڕیزبەندی یەکەمی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندایە، ٣١ ملیۆن‌و ٩٥٠ هەزار کەس تیکتۆک بەکاردەهێنن، ئەمەش واتە زیاتر لە ٦٩٪ کۆی دانیشتوانی عێراق، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو تەنها ٢٣ ملیۆن‌و ٨٨ هەزار کەس تیکتۆکیان بەکارهێناوەو یەکێکە لەدیاردە سەرنجڕاکێشەکانی ئێستا، کردنەوەی ڕاستەوخۆی تیکتۆک-ە.

زانگ یمینگ، دامەزرێنەری کۆمپانیای بایتدانس‌و خاوەنی ئەپی تیک تۆک

 

پێشەوا جەزا شارەزای سۆشیاڵ میدیاو خاوەنی پێشەوا گروپ بۆ تەکنەلۆژیای زانیاری، کۆمەڵێک زانیاری ورد دەخاتەڕوو، کە ئێستا لەجیهاندا بژاردەی ڕاستەوخۆ لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بەردەستە، بۆ گەیاندنی زانیاری‌و گواستنەوەی ڕاستەوخۆی چرکەساتێکە کە بۆ بەکارهێنەران‌و شوێنکەوتووانی ئەو کەسە بەدڵیانە.

پێشەوا ئەوەی بۆ پەیامنێری "ئاوێنە" روونکردەوە کە لەتیکتۆکدا سێ جۆر ئەکاوتن هەیە، کەسی، بازرگانی‌و داهێنەر، لەهەرێمی کوردستان هیچ گرنگی بەئەکاونتی داهێنەر نادرێت، ئەوەی کە هەیە بازرگانی‌و کەسییە، ئەو بە"ئاوێنە"ی وت "کۆمپانیاکە کار لەسەر ئەوە دەکات، تا چەند ئەو کەسە دەبێتە هۆکاری بەردەوامی بەکارهێنانی لەلایەن کەسەکانەوە، ئەمەش وادەکات تیکتۆک پارە بدات بە کەسەکە، دواتر بابەتی کردنەوەی ڕاستەوخۆو ناردنی کۆین تەنها بۆ بەردەوامی‌و جۆرێک لەهێشتنەوەی زیاتری کەسەکانە لەسەر پلاتفۆڕمەکە".

وتیشی "کورد تەنها پارە بەتیکتۆک پەیدادەکات، ڕاستەوخۆ بووەتە گەعدە، بەناردنی کۆینی زیاتر ناوی لەڕاستەوخۆکەدا دەهێندرێت، ئەوانەی کە تیکتۆک بەکاردەهێنن بەشێکیان هەموو ڕێگایەک بۆ دەستکەوتنی پارە دەگرنە بەر".

ئەوەش دەخاتە ڕوو، کە کەسانی یوتیوبەرو گەیمەر (یاریکەر) زۆرتر بووتەنە هۆکاری تەشەنەسەندنی ئەم جۆرە لەڕاستەوخۆ، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە تیکتۆک لەکاتی قسەکردندا لەزمانی کوردی تێناگات، بۆیە نازانێت لەناو ڕاستەوخۆکاندا چی دەوترێت، بۆیە یاساکانی تیکتۆک نایانگرێتەوە، جنێوو بێڕێزیی، سوکایەتی بەئایین‌و کەلتورو سیمبولەکانی کۆمەڵگاکان قەدەغەیە، جگەرەو خواردنەوە کهولییەکان قەدەغەیە، بەڵام ئەمانە ڕاستەوخۆی کورد ناگرێتەوە، لەکاتێکدا لەنوسین تێدەگەن‌و لەنوسیندا ئەو جنێوانە وەرگێڕانی بۆ دەکرێت".

پێشەوا ئاماژە بەوە دەکات تیکتۆک بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش دروستکراوە، کە بەردەوام بەکارهێنەرەکەی ئاڵودە دەکات، دەتوانرێت لەخولەکێکدا زیاتر لە ٥٠ ڤیدیۆ سەیربکرێت، کار زۆر لەسەر شوێن دەکات، هەروەها خاڵی سەرنجڕاکێش دەکرێتە سەرەتای ڤیدیۆکە، بەشێوەیەک بابەتەکانی کەسەکە چالاک دەکات کە کەسە خۆی سەری دەسوڕمێت چۆن ئەو بابەتەی بڵاویکردووەتەوە چالاک بووە، ئەمانەش هەمووی لەپێناو هێشتنەوەی کەسەکەیە لەسەر پلاتفۆڕمەکە. ئەو وتی "ئەوانەی دێنە لای ئێمە، زۆرینەیان دەڵێن ئەکاونتەکەمان باند بووە (داخراوە)، ئەمەش بەهۆی ئەوەی پێچەوانەی یاساکانی تیکتۆک کاردەکەن کە ئاگاداریی نین، بەداخەوە ئەوانەی شارەزان لەبەکارهێنانی تیکتۆکدا کەسانێکن کە لەئاستێکی بەرزی هۆشیاریدا نین، تەنها لەپێناو پەیداکردنی پارەدایە، کەسانێک کە زانیاری دەگەیەنن کەمتر شارەزای تیکتۆکن، نازانن کە چۆن بابەتەکانیان چالاک بکەن".

 

لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا کردنەوەی ڕاستەوخۆو ناردنی پارە بووەتە باوێک کە بەشێکی کۆمەڵگای کوردی گرتووەتەوە، پارە دەنێردرێت بۆ ئەو کەسانەی کە ڕاستەوخۆ دەکەنەوە.

بەپێی یاساکانی تیکتۆک لەهەر بڕە پارەیەکدا کە کەسێک لەڕێی ناردنی کۆین (دراوی ئەلیکترۆنی تیکتۆک) بەدەستیدەهێنێت، ٥٠٪ بۆ کۆمپانیاکە دەبێت و ٥٠٪ بۆ ئەو کەسەیە کە دەستی دەکەوێت، ناردنی ئیمۆجییەکان بەرامبەرە بەبڕێک لەکۆین، کە ئەم کۆینانە لەبازاڕەکاندا دەکڕدرێن.

ناردنی ئیمۆجییەکی گوڵ کۆینێکە، دڵێک ١٠ کۆینە، شێرێک چوار هەزارو ٨٨٨ کۆینە، جۆرێک شێری دیکە بەرامبەر بە ٣٤ هەزار کۆین، فیلێک پێنج هەزار کۆینە، ئەژدیهایەکی ئاگرین ٤١ هەزارو ٩٩٩ کۆینە، گرانترینیان پەرییەکی باڵدارە (پێگاسوس) بەرامبەرە بە ٤٢ هەزارو ٩٩٩ کۆین.

هەر بەپێی یاساکانی تیکتۆک، ئەو کەسەی زیاتر لە ١٠ هەزار شوێنکەوتووی هەبێت‌و ساڵانە زیاتر لە ٢٨٠ ملیۆن بینەری بابەتەکانی هەبووبێت، تەمەنی لە ١٨ ساڵ زیاتر بێت، ئەوا کۆمپانیاکە ساڵانە بڕی ١٠٠ هەزار دۆلار دەدات بەبەکارهێنەرەکە، چونکە ئەوەی تەنها بۆ تیکتۆک گرنگە ژمارەیە.

 

سەربەست عەبدوڵا، لەدوکانێکی کاری سپۆنسەرکردن‌و کڕین‌‌و فرۆشتنی کۆینی تیکتۆک کاردەکات، باس لەوە دەکات بەئەژماری بانکی داغڵ دەبێت، هەزار کۆین بە ١٦ بۆ ١٨ هەزار دیناری عێراقییە، بۆ نمونە شێرەکە بەنزیکەی ٣٥٠ دۆلار دەبێت، ئەو وتی "زۆرینەی ئەوانەی کە دێن بۆ کڕینی کۆین لەئاستێکی بەرزی هۆشیاریدا نین، هەندێکیان خێریان پێدەشێت دێن کۆین دەکڕن‌و لەلایڤەکاندا بۆ خەڵکی دەنێرن، هەیە جزدانەکەی بەتاڵ دەکاتەوە بۆ ئەوەی کۆین بکڕێت".

بەپێی وتەی ئەو دوکاندارە، ئەوانەی کە ئەو ڕاستەوخۆیانە دەکەنەوە هەندێکیان هەفتانە زیاتر لە دوو هەزار دۆلار لەتیکتۆکەکەیان بەدەستدەهێنن، سەربەست وتی "بەتیکتۆک‌و لایڤەکان پارەی چاک پەیدا دەکەن، هەیانە ڕۆژ ناڕۆژێک ٤٠٠ دۆلار لەتیکتۆکەکەی دەردەهێنێت".

وتیشی "ئەوانەی کە دێن، ٧٥٪یان ئەوانەن کە دێن گیرفانیان هەڵدەدەتەکێنن بۆ کۆین کڕین‌و ناردنی بۆ خەڵك، کە ئەمانە بەلای منەوە ئاستی هۆشیارییان نزمە، دێت دەڵێت بایی دوو هەزاری دیکە کۆینم بۆ بکە تیکتۆکەکە، وا ئەزانێ پاقلەی پێئەفرۆشین، ٢٥٪ ئەوانەی کە دێن بەلای منەوە ئاقڵەکانن کە پارە بەو کەسانە پەیدادەکەن‌و دێن پارەکانیان ڕادەکێشن".

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەری تەواوی لەسەر کۆمەڵگا و بەها کۆمەڵایەتییەکان هەیە

 

کێشەکە تەنها مامەڵەکردن بەپارەی کەسەکەو بەهەدەردانی نییە، بەڵکو کێشەی کردنەوەی ئەو ڕاستەوخۆیانە ئەو بابەتانەیە کە باسدەکرێت‌و بەسەدان‌و هەزاران بینەریان هەیە، کاریگەری نەرێنیان لەسەر کۆمەڵگا دروستکردووە.

کە ئەم ڕاستەوخۆیانە بەشێکیان تەنها جنێوە، هەندێکیان ناوزڕاندنە، هەندێکیان سوکایەتییە، یاخود شەڕە قسەی دوو کەسە، کە هەندێکجار بۆ چەند کاتژمێرێک ڕاستەوخۆ دەکەنەوەو تەنها دەیانەوێت پارە پەیدا بکەن، هەندێکیان بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین بڕی پارە جەستەی خۆیان نمایش دەکەن، سوکایەتی‌و بێڕێزی بە بەرامبەرەکانیان دەکەن، یاخود بەئاشکرا داوای پارە دەکەن، بێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی سوودبەخش بەکۆمەڵگاو بینەرەکانیان ببەخشن.

لەوان جیاوازتر وەرگرەکانن، لەکاتێکدا دەزانێت ئەو کەسەی ڕاستەوخۆکەی کردووەتەوە هیچ زانیارییەکی پێ نییە، بەڵکو تەنها قسەکردنی بێسوود، جنێوو بێڕێزی کردنە، بەڵام هەر بەردەوام دەبێت لەسەیرکردنی، کاتێک ئەو قسەیەی دەیکات‌و بەدڵی ئەوە ئاوا پارەی بۆ دەنێرێت.

 

تریفە جەلال ئاغا، ڕاهێنەرێکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتییە، باس لەوە دەکات بەهۆی نەبوونی هۆشیاری‌و سنوودارکردنەوە ئێستا ئەم ڕاستەوخۆیانە هەموو ژیانی کەسەکانی داگیر کردووە، ئەوانەی ڕاستەوخۆ دەکەنەوە پارە پەیدا دەکەن لەسەر حسابی ماندوو کردنی مێشکی کەسانی دیکە، ئەمە جیا لەوەی کاریگەرییەکی خراپی لەسەر دەروونی تاک بەجێدەهێڵێت، چونکە یان جنێوە یاخود نیشاندانی شێوازێکی ژیانە کە ڕاست نییەو سەرلەبەری درۆیە، بەڵام کاتێک کەسێکی ئاسایی ئەم ژیانە دەبینێت، دەڵێت من بۆچی ئەم ژیانەم نییە، هەموو شتێک بووەتە ڕووکەش‌و تەنها ئەوەی چاوەکان دەبیبینن. تریفە وتی "خراپی دۆخی ئابوری، کۆمەڵایەتی‌و خراپی پەروەردەی خێزان، دایک‌و باوکەکانیش ئاڵودەی تیکتۆک بوون، ئەمانە هۆکارن بۆ زیادبوونی بەکارهێنەری تیکتۆک‌و دەرکەوتنی کاریگەرییە نەرێنییەکان، چونکە ئەوە لەڕاستەوخۆکانی تیکتۆکدا لەکوردستان دەگوزەرێت سەرلەبەری ناڕاست‌و درۆیە یاخود جنێوە".

وتیشی "زۆر کلتووری خراپ بەهۆی ئەم دۆخەوە هاتووەتە ناو کۆمەڵگا، دۆخەکە تا ئاستێک لەدەستدەرچووە، دایک‌و باوک هەیە کە ئاگای لەمنداڵەکەی نییە، ئەمەش واتە لەدەستدەرچوونی دۆخەکە، کە دەبێت پەروەردەو سیستمی پەروەردە ڕێکبخرێتەوە".

بەپێی وتەکانی ئەو ڕاهێنەرە، لاوازبوونی سیستمی پەروەردەو خوێندن، لاوازبوونی بەها ئاینییەکان‌و لایەنە جوانەکانی ئایین کە کۆمەڵگاو پەیوەندییەکان کۆمەڵایەتییەکانی پتەو دەکرد، بووەتە بەشێک لەهۆکارەکانی زیادبوونی ئەم کاریگەرییە نەرێنیانە، ئەو وتی "ئەوانەی کە ئەم ڕاستەوخۆیانە دەکەنەوە ناتوانن تا سەر ئەم بەرگە ناڕاست‌و درۆیە بپۆشن، هەمیشە ڕاستەوخۆ بکەن‌و ئەم ژیانە ناڕاستە نیشاندەن، ئەو کەسانە ناتوانن بەردەوام بن، مرۆڤ هەرچەندە زیرەک‌و لێزان بێت، ڕۆژێک کۆتایی دێت بەو بەرگەی، ئەوکاتە نازانێت چی لەو ناوبانگە بێسوودە بکات کە تەواو پێچەوانەی ژیانی ڕاستەقینەیەتی‌و تووشی چەندین کێشەی دەروونی دەبێت".

 

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەری تەواوی لەسەر کۆمەڵگا و بەها کۆمەڵایەتییەکان هەیە، سادەترین هۆکاری ڕووبەڕوو نەبوونی کەسەکان دەگەڕێتەوە، بۆیە کەسەکە دەتوانێت چەند ڕوویەکی هەبێت.

 

 بەهار محەمەد، توێژەری کۆمەڵایەتی ئەوە دەخاتەڕوو، بەهۆی لاسەنگ بوونی لایەنی ماددی‌و مەعنەوی، کە لایەنی ماددی خێراتر گەشەی کردووە، لەڕێی بەجیهانی بوون‌و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگوازرێتەوە بۆ کۆمەڵگاکان، ئەمەش لەڕێی لایڤەکانەوە دەگوازرێتەوەو ژیان بووە بەڕووکەش، یاخود کۆمەڵێک ئاکارو دابونەریت کە لەگەڵ نەریت‌و کولتووری کورد نەگونجێت.

ئەم توێژەرە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ڕاستەوخۆو خراپ بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک، کاریگەری خراپی دەبێت چونکە هەموو وردەکاریەکی ژیانی بڵاودەکاتەوە، کە زۆرجار دەبێتە هۆی لاساییکردنەوە، بەهار وتی "ئێستا مرۆڤ بۆ خۆی ناژی، تەنها بۆ دنیای دەوروبەرو ڕووکەشە".

وتیشی "کاریگەر بوون بەو ڕاستەوخۆیانە چەندین هۆکاری هەیە، خراپی ئابووری، پەروەردە، بێکاری، سەختی ژیانکردن‌و خراپی سیستمی خوێندن، کە ئەمانە هۆکارن تا گەنج بەدیار ڕاستەوخۆیەکی بێسوودەوە دابنیشێت، تەنها دەروونی ماندوو بکات‌و بەوتەکان کاریگەر بێت".

تریفە ئاماژە بەوە دەکات ناهۆشیاری لەکردنەوەی ڕاستەوخۆکان‌و جنێو لەنێو ڕاستەوخۆکاندا، زۆرترین کاریگەری لەسەر گەنجەکان دروستدەکات، چونکە هێشتا نازانێت چی باشەو چی خراپە، بەڵکو بێ ئاگایانە کاریگەر دەبێت‌و پەیڕەوی دەکات، دەگاتە ئاستی توندڕەوی‌و ئاڵوودە بوون، بەها کۆمەڵایەتییەکان بەرامبەر پارە دەگۆڕێتەوە، بۆیە کەسایەتی‌و پێگەو جەستەی خۆی پێشکەشی کۆمەڵگا دەکات‌و کەسایەتی لەدەستدەدات، ئەو وتی "ئەم جۆرە لەڕاستەوخۆی تیکتۆکەکان کاریگەری نەرێنی دەبێت، هیچ سنوورێک‌و حەرەمێک لەماڵەکان‌و پیرۆزی خێزان نەماوە، شێواندنی ئایین‌و کەلتووری کوردی، هەڵخەڵەتاندن‌و فێڵکردن لەپێناو پارە پەیداکردن، کێشانەوەی پارە لەهاوڵاتیان، ماندووکردنی مێشک بەژیان‌و کێشەی کەسانی دیکە، بەجۆرێک گرنگیدانی بەخود نەماوە، بۆیە مێشکیش دەپوکێتەوەو توانای خەزنکردنی زانیاریی نابێت، جیا لەنەخۆشییە دەرونی‌و تەندروستییەکان".

وتیشی "ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بەردەوام بێت، ئەوا نەوەیەکی چاولێکەرو بێ بەرهەم‌و ناڕۆشنبیر بەرهەمدێت، کە تووشبووی چەندین نەخۆشی دەروونی‌و تەندروستی دەبێت".

داوای بلۆککردنی ئەپلیکەیشنی تیکتۆک لەسەرانسەری عێراق دەکرێت

 

عێراق لەپلەی چواردەهەمینی ئەو وڵاتانەیە کە زۆرترین بەکارهێنەری تیکتۆکیان هەیەو مشتومرێکی زۆریش سەبارەت بەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە ئارادایە، تا کار گەیشت بەوەی بوەزیری پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراق، هیام یاسری بەشێوەیەکی فەرمی داواکارییەکی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز کردەوە کە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تیکتۆک" قەدەغە بکرێت‌و رایگەیاند "داواکارییەک پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆ بلۆککردنی ئەپلیکەیشنی تیکتۆک لەسەرانسەری عێراق".

لەکوردستانیش بەردەوام ئەو دەنگانە بەرز دەبنەوە کە داوای راگرتنی تیتۆک دەکەن، لەدوو ساڵی رابردوودا داواکاری گشتی هەرێم نوسراوێکی لەبارەی ڕاگرتنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک ئاڕاستەی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن کردو لەنوسراوەکەدا هاتووە بۆ "پاراستنی بەهاو ئەخلاقی کۆمەڵگاکەمان داوای داخستنی تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک دەکەین".

پارێزەرێکیش داوا لەداواکاری گشتی دەکات سکاڵا دژی ئەو کەسانە بجووڵێنێت کە لایڤی تیکتۆک دەکەنەوەو داوا دەکەن خەڵک پۆینتیان بۆ بنێرێت، داواش دەکات کار بۆ داخستنی ئەو شوێنانە بکرێت کە پۆینتی تیکتۆکیان تێدا دەفرۆشرێت.

 لەماوەی رابردووشدا، بردنەوەی زیاتر لە ٥٠٠ هەزار دۆلار لەلایەن گەنجێکی شاری هەولێرەوە لەلایڤێکی تیکتۆکدا بووە بابەتێکی گەرم لەنێو هاوڵاتیاندا، تا سەرەنجام لیژنەی فتوای هەرێم‌و مامۆستایانی ئایینی ئەو پارەیەیان بە"حەرام" دانا کە لەئەنجامی ئەم راستەوخۆیانەی تیکتۆکدا دەست تیکتۆکەرەکان دەکەوێ‌، ئەمە جگە لەوەی بەفیڕۆدانی کات‌و سەروەت‌و سامانی گەنجان‌و هەرزەکارانیشە.

 

سەرتیپ، یەکێکە لەو کەسانەی کە لەتیکتۆکدا چالاکەو ناوبانگێکی خێرای پێبەخشیوە، ئەو پێیوایە تیکتۆک سەرنجڕاکێشترین ئامڕازی سەرگەرمی ئەم سەردەمەیە، کە لەهەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە چێژبەخشترەو بەکارهێنەرانی زیاتر رادەکێشێت، ئەو وتی "کوردستانیش بەشێکە لەم سەردەم‌و دنیا کراوەیەی ئێمەی تیا ئەژین‌و ناکرێت بەهیچ بیانوویەک خۆمان لەم دنیاو سەردەمە داببڕین، ئەوەی لەتیکتۆکدا بڵاودەبێتەوە هەمووی خراپ‌و نەشیاوو جنێوو سوکایەتی نییە، تیکتۆک وەک هەموو سۆشیالمیدیایەکی دیکە باش‌و خراپیشی تیایەو زۆرجار دەبینین بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری‌و زانیاری لەڕووی زانستی‌و ژینگەیی‌و ئایینی‌‌و مێژوویی بەکاردەهێنرێت‌و سوودییان هەیە".

وتیشی "ئێستا تیکتۆک بووەتە سەرچاوەی داهات‌و پارە پەیداکردنیش بۆ کۆمەڵێک خەڵک، چ ئەوانەی لەڕاستەوخۆدا دەردەکەون، چ ئەوانەی ریکلام بۆ کاڵاو ئیشوکارێکی خۆیان دەکەن‌و بەهرەو بەرهەمی خۆیان بەڕێگەیەکی ئاسان‌و بەخۆڕایی بەخەڵکی دەناسێنن، ئیتر خەڵکێک کە ناهوشیارانە بەخراپ بەکاریدەهێنن یان وەرگر سەر ئەکاتە شتە خراپەکانی تیکتۆک‌و چێژی لێدەبینێت، ئەوە گوناهی تیکتۆک نییە".  

گەشتیاری نەپارێزراو، چوونە ناو ئینتەرنێت بێ ئەوەی بزانیت چۆن گەشت دەکەیت مەترسیدارە - کاری: ئەنگل بۆلیغان

 

بۆ چارەسەری ئەم کێشەیەو بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەچۆنیەتی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە چەند ڕێگاچارەیەک گیراوەتەبەر.

 

سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە بەئاوێنەی ڕاگەیاند "تەنها ئەرکی وەزارەتی پەروەردە نییە، بەڵکو خێزان‌و کۆمەڵگاش ڕۆڵ دەبینن لەهۆشیارکردنەوەی هەرزەکاران، لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی دوو ساڵە ڕێبەرێک لەسێ ڕۆژی سەرەتای دەستپێکردنی خوێندن بەخوێندکاران دەوترێتەوە، کە بەشێوەی سیمینار دەبێت، یەکێک لەتەوەرە سەرەکییەکان بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن‌و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، کە هۆشیار بن‌و پارێزراو بن لەخراپ بەکارهێنانیان".

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، لەکۆبوونەوەی دایک‌و باوکەکاندا، زانیاری لەبارەی ڕێکخستنی کات باس دەکرێت، چونکە ناکرێت بڵێن نابێت منداڵان تەکنەلۆژیا بەکارنەهێنن، بەڵام دەبێت کاتێکی دیاریکراوی بۆ تەرخان بکرێت، هاوکات لەوەزارەتی پەروەردە هەموو ئاسانکارییەک بۆ پێشکەشکردنی سیمینارەکان لەلایەن کەسانی شارەزاو پسپۆڕەوە ڕێگایان پێدراوە بەتایبەت بۆ هۆشیاکردنەوەی خوێندکارەکان، سیوەیلی وتی "ئەو هێزەی خوێندکارەکان کێشدەکات بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەهێزترە لەهێزی پەروەردەو خێزانەکان، بۆیە دەبێت خێزانەکانیش هاوتەریب بەسیستمی پەروەردەو خوێندنگاکان ئاگاداری پەروەردەی منداڵەکانیان بن".

 

نامیق هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات، لەوەزارەتی ڕۆشنبیریەوە لەچەند مانگی ڕابردوودا هەمواری ڕێنماییەک بۆ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئامادەکرا، بەڵام ئێستا کارکردن لەسەر ئەو ڕێنماییە ڕاگیراوە، بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکە بکرێت، دەبێت لەڕێگای پەرلەمانەوە بێت تا ڕێنماییەکان هێزی یاساکانی هەبێت، بەکۆی گشتی دەبێت هەڵبژاردن بکرێت‌و کێشەی بۆشایی یاسایی چارەسەر ببێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لەوەزارەتەوە چەندین چالاکیان بۆ هۆشیارکردنەوە ئەنجامداوە، بەڵام دەبێت یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن هەموار بکرێتەوە، بەڵام نەبوونی پەرلەمان دەستی وەستاندوون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×