بافڵ تاڵەبانی: نیگەرانین لەجێبەجێنەكردنی رێككەوتننامەی نێوان یەكێتی و پارتی وەك خۆی
  2019-09-18       1674       

بافڵ تاڵەبانی، كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردوی یەكێتی رایگەیاند، نیگەرانن و سەرنجیان هەیە لەسەر جێبەجێنەكردنی رێككەوتننامە سیاسییەكەی نێوان یەكێتی و پارتی وەك خۆی، بەڵام هەوڵی جددی هەیە لەڕێگەی لێكتێگەیشتنەوە كێشەكان چارەسەر بكەن.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ چوارشەممە، بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان چاویکەوت بە ویلیم کۆسین، کونسوڵی گشتی ھۆڵەندا  لە ھەرێمی کوردستان.

لە دیدارێکدا دواین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی ھەرێم و عێراق و ناچەکە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

بەپێی راگەیەندراوەكە بافڵ تاڵەبانی لەبەر رۆشنایی ھەلومەرجی سیاسی و پێشھاتەکان باری سەرنجی لە گۆشەنیگای سیاسەت و بڕیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە خستەڕو و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد یەکێتی لەگەڵ یەکخستنەوەی ماڵی کوردو یەک وتاری نیشتمانی و نەتەوەییە بۆ سەرجەم پرسەکان و کار بۆ بنیادنانی بەرەیەکی نیشتمانییش دەکەین.

بافڵ تاڵەبانی  ئەو ھەنگاوەشی لە بەرژەوەندی باڵای گەلی كورد وەسف کرد.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لەبارەی پەیوەندی لایەنە سیاسییەکان و رێکكەوتنی سیاسی نێوان یەکێتیی و پارتی، بافڵ تاڵەبانی راشکاوانە بەرچاوڕونیدایە وەفدی میوان و رایگەیاند"راستە نیگەرانی ھەیەو سەرنجمان ھەیە لەسەر جێبەجێنەکردنی رێکەوتنامەکە وەک خۆی، بەڵام ھەوڵی جددی ھەیە تا لەرێگای لێکتێگەیشت و زمانی ھاوبەش کێشەکان چارەسەر بکەین و پێکەوە ھەمومان بەرنامەی حکومەتی نوێ بۆ چاکسازی و بەڕێوەبردنێکی نوێ بۆ ھەرێمێکی نوێ جێبەجێبکەین و درێژە بە سیاسەتی نیشتمانیی خۆشمان ئەدەین بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان لەچوارچێوەی یەکڕیزی نیشتمانی."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×