2019-09-19   1874     
وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا "پنتاگۆن" ئاشكرای كرد، ''واشنتن به‌رده‌وامه له ناردنی چه‌ك و كه‌لوپه‌ل و ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی بۆ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات، تا شه‌ڕی پاشماوه‌كانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشی پێ بكه‌ن''.
ئاوێنه: له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا كریس مایر به‌ڕێوه‌به‌ری گروپی كاركردن بۆ ڕیشه‌كێشكردنی داعش له وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا، رایگه‌یاند ''ئێمه زۆر شه‌فافانه مامه‌ڵه ده‌كه‌ین و ئه‌و پێویستییه سه‌ربازیانه گرنگه بۆ ئه‌وان تا به‌رده‌وام بن له شه‌ڕی تیرۆر، هاوكات مانگانه‌یش ڕاپۆرتی خۆمان به ئه‌نكه‌ره ده‌ده‌ین كه به بوونی ئه‌و هێزانه نیگه‌رانن، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن چه‌ند چه‌ك و ئۆتۆمبێلی سه‌ربازیمان بۆ ڕه‌وانه كردوون''.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ''ئێمه به‌رده‌وامین له دابینكردنی چه‌ك و ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی بۆ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات، سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی بڕیاریان لێ دراوه ده‌گه‌یه‌نرێنه ده‌ستی ئه‌و هێزانه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بن له ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی پاشماوه‌كانی داعش و به ته‌واوی ئه‌و گروپه ڕیشه‌كێش بكه‌ن''.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌مه‌ریكا به ته‌واوی توركیای شۆك كردووه، چونكه له كاتێكدا واشنتن باس له دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام له باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا ده‌كات، له هه‌مان كاتیش چه‌كی زیاتر بۆ هێزه كوردییه‌كان ده‌نێرێت.