ڤیدیۆ؛ تەقینەوەیەكی گەورە لە كارگەیەكی مادە كیمیاییەكی ئیستانبوڵ رویدا
  2019-09-19       3679       

دوێنێ چوارشەممە، لە كارگەیەكی مادە كیمیاییەكانی ئیستانبوڵی توركیا، ئاگركەوتەوەو لەئەنجامدا تەقینەوەیەكی گەورە لەكارگەكە رویداو بەهۆیەوە دو كارمەندی تیمەكانی ئاگركوژێنەوە لەكاتی هەوڵدان بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە بریندار بون.

ئاوێنە: كارگەكە دەكەوێتە گەڕەكی توزڵا لەناوچەی پیشەسازی بەری ئاسیای ئیستانوڵ. بەپێی ڤیدیۆییەك كە بڵاوكراوەتەوە، لەكاتێكدا كە خەڵكی ناوچەكە كۆبونەتەوەو سەیری بەرزبونەوەی ئاگرو دوكەڵی روداوەكە دەكەن، یەكێك لە خەزانەكانی كارگە دەتەقێتەوەو بەرمیلێكی كارگەكە دەیان مەتر بە ئاسماندا هەڵدەدات.  

لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت كە ئەو رداوە دەبێتە هۆی ترسێكی زۆر لە دڵی ئەو كەسانەی لەوێ كۆبونەتەوەو یەكێك لە كارمەندانی هێزە ئەمنییەكانی توركیا هاواریان لێدەكات لە شوێنەكە دوربكەونەوە.

تیمەكانی ئاگركوژێنەوە رایانگەیاندوە كە بەهۆی روداوەكە دو كەس لە كارمەندانی ئاگركوژێنەوە لەكاتی كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكەدا بریندار بون.

هێشتا رون نەبۆتەوە كە هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە چییەو دەسەڵاتدارانی توركیا هێمایان بۆ ئەوە كردوە كە بەهۆكارێكی نادیار بوەو بەهۆیەوە چەندین تەقینەوە لەكارگەدا رویانداوە بەڵام ئەوەیان رون نەكردۆتەوە كە چ جۆرە مادەیەكی كیمیایی لەو كارگەیەدا بەرهەم هاتوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×