داواكاری گشتی سلێمانی داوا لە نوسینگەی سلێمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
دەكات وێنەیەكی ئەو گرێبەستەی نێوان گروپی كۆمپانیاكانی (فاروق) و حكومەتی هەرێمی
كوردستانیان بۆ بنێرن، ئەوەش دوای ئەوەی پەرلەمانتارێكی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق
لەڕێی ئەو نوسینگەیەوە داوای لە داواكاری گشتی سلێمانی كردبو كار بۆ
هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە بكات.
ئاوێنە، ئەیاد محەمەد: بەپێی نوسراوێکی فەرمانگەی داواکاری گشتی لە سلێمانی
کە واژۆی دادوەر (مەهدی ڕەشید فەرەج) بەڕێوەبەری فەرمانگەکەی لەسەرە، داوا لە نوسینگەی
سلێمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەکات، کە وێنەیەک لەو گرێبەستەیان بە
واژۆكراوی بۆ بنێرن.
پێشتر غالب محەمەد، پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق لەڕێگەی نوسینگەی
سلێمانی پەرلەمانەوە داوای لە داواكاری گشتی كردبو "بەدواداچون بكەن بۆ
فەرمانی نایاسایی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان..و رێگای یاسایی بگرنەبەر
بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم گرێبەستە."
هەروەك لەنوسراوەكەیدا بۆ داواكاری گشتی ئەو پەرلەمانتارە وتبوی"بە پێی نوسراوی ژمارە (388) کە رۆژی 27/6/2019 بەواژۆی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی
هەرێم، (245) هەزار تۆن چیمەنتۆ فرۆشراوە بە (فاروقی مەلا مستەفا) کە ئێستا ئیدارەی
کارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە دەکات، تۆنی بە 40
هەزارو 500 دینار پارەکەشی دەکاتە زیاتر لە نۆ ملیار و 720 ملیۆن دینارو دەبێت
پارەكەش بە چەك تەسلیم بكات، بەمەش تەنها لەچەک گۆڕینەوەکە زیاتر لە (6) ملیون
دولاری دەست کەوتوە، لەگەڵ ئەوەشدا وەرگرتنی پارە بەچەک نایاساییە، بەپێی بەندی
چواری خاڵی چوارەمی ئەو گرێبەستەی كە لە ێوان کۆمپانیای فاروق گروپ و حکومەتی هەرێمدا هەیە كە کارگەی چیمەنتۆی
تاسڵوجە نابێت ئەو چیمەنتۆیەی بەر پشکی حکومەت دەکەوێت بە چەک بفرۆشێت."

سەبارەت بەم بابەتە گروپی کۆمپانیاکانی فاروق پێشتر لەڕونکردنەوەیەکدا رایگەیاندبو"مامەڵەی
فرۆشتنی ئەو بڕە چیمەنتۆیە کە باس کراوە، مامەڵەیەکی ئاشکراو ڕەسمی و یاسایی بوە،
لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازیداو، ئەوەندەی مسقاڵە زەڕەیەک سەرپێچی و ناهەقی تێدا نییە،
پێتریش چەندینجار، دەزگاکانی حکومەتی هەرێم بەهەمان میکانیزم مامەڵەی لەوجۆرەیان بەئەنجام
گەیاندوە، ئەوەی کەسایەتی کاک فاروق و پێشینەی گروپی کۆمپانیاکانی ئێمە بناسێ زۆر
چاک دەزانێ، کە هەمیشە دەستخۆشیمانکردوە، لەچاکسازی و بەهێزکردنی، دەزگاکانی چاودێری
لەڕێگا یاسایی و شەرعییەکانەوە."
لە خاڵێكی دیكەی رونكردنەوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە"نوسراوە گوایە تەنها
لەوچەک گۆڕینەوەدا، کۆمپانیاکە زیاتر لە(6) ملیۆن دۆلاری دەست کەوتوە، تێناگەین ئەمە
چۆن حسابکردنێکە، چونکە ئەو کەسەی تەنها جەدوەلی زەربیشی لەبەر بێت، دەزانێت هیچ
ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی لە (9.720) ملیار دینار شەش ملیۆن دۆلار قازانج ناکات."
لەوەڵامی نوسراوەكەی غالب محەمەد، پەرلەمانتاری گۆڕاندا، داواكاری گشتی سلێمانی
لەنوسراوێكدا کە وێنەیەكی دەست ئاوێنە کەوتوەو ئاڕاستەی نوسینگەی ئەنجومەنی نوێنەران/سلێمانی،
کراوە هاتوە"داواکارین وێنەیەک لەو گرێبەستەی، لەلایەن حکومەتی هەرێمی
کوردستان و گروپی کۆمپانیای (فاروق) واژۆ کراوە، لەنوسراوی سەرەوەتاندا ئاماژەی پێکراوە
بنێرن بۆ کاری پێویست."

لەوبارەیەوە غالب محەمەد بە ئاوێنەی راگەیاند"دوای ئەوەی کە ئەو
نوسراوەم پێگەیشتوە، هەوڵدەدەم گرێبەستەکە بەنوسراوی ڕەسمی ئاڕاستەی داواکاری گشتی
بکەم و داواکارم داواکاری گشتی بەجدی کار لەسەرئەوە بکەن ئەو گرێبەستە دەستکاری بکەن
چونکە ئەو گرێبەستە گەندەڵی زۆر زۆری تیایەو لەقازانجی گروپی كۆمپانیاكانی (فاروق)
دایە".
لەلایەكی دیكەوە بەپێی فەرمانێكی وەزاریی، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی،
كە ئیمزای فەرهەنگ خالید سەعید، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتەكەی لەسەرە،
لیژنەیەك بۆ وردبینی لەو بارەیەوە پێكهاتوە. لە نوسراوەكەدا هاتوە"ئاماژە بەنوسراوی
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (6304) لە (16_9_2019) وە پەراوێزی جەنابی وەزیر
لەسەر نوسراوی ئاماژەپێكراو، بڕیارماندا بە: ڕاگرتنی فرۆشتنی چیمەنتۆ بە کۆمپانیای
فاروق گروپ، تاکو دەرچونی ئەنجامی بەدواداچون و وردبینی لیژنەی پێکهێنراو بەفەرمانی
وەزاریمان ژمارە (3858) لە(25_9_2019)."
