عادل عەبدولمەهدی و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامدا
  2019-10-07       753       
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی  تەلەفۆنیدا پرسی خۆپیشاندانەکانی عێراقیان تاوتوێ کرد.

ئاوێنه‌: عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکان رەوشەکەیان کۆنتڕۆڵکردووە و ئاماژە بەوەش دەکات کە بەردەوامە لە هەنگاوەکانی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی بە ئامانجی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە عادل عەبدولمەهدی و مایک پۆمپیۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا.

بەپێی راگەیەندراوەکە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوایین پێشهاتەکانی رەوشی ئەمنی و ئاساییبوونەوەی ژیان و گوزەران لە ناوچەکانی خۆپیشاندان دوای هەڵگرتنی قەدەغەکردنی هاتوچۆی خستووەتەڕوو و جەخیتکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە هێزە ئەمنییەکان رەوشەکەیان کۆنتڕۆڵکردووە و هەروەها بەردەوامە لە هەنگاوەکانی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی بە ئامانجی ئەوەی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران.

لای خۆیەوە مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا متمانەی خۆی نیشانداوە بە هێزە عێراقییەکان و جەختیکردووەتەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام پاڵپشتی دەکات لە هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بە ئامانجی پتەوتکردنی ئاسایش و سەقامگیری.

لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین دژبە گەندەڵی، بێکاری و خراپی خزمەتگوزارییەکان شاری بەغداد و چەند شارێکی باشووری عێراقی گرتووەتەوە و پێکهەڵپژان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا روویداوە.

خۆپیشاندەران هێزەکانی حکوومەت بەوە تۆمەتبار دەکەن کە هێزە ئەمنییەکان بە دەستڕێژی گوللـە رووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە، بەڵام هێزەکانی حکوومەت بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کارمەندانی ئەمنی و خۆپیشاندەران لە میانی خۆپیشاندانەکاندا بوونەتە ئامانجی قەناس بەدەستە نەناسراوەکان.

بەپێی دوایین ئامار کە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون، گەیشتووەتە ١٠٤ کەس، هەروەها شەش هەزار و ١٠٧ کەسی دیکە برینداربوون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×