ترەمپ: بە ئەردۆغان-م وت یەك سەربازی ئەمریكی بریندار ببێت، كێشەی گەورە رودەدات
  2019-10-08       1491       

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، رایگەیاند، ئەو لایەنگری هیچ لایەك ناكات بە بڕیارەكەی بۆ كشاندنەوەی هێزەكانیان لە باكوری سوریا، جەختی كردەوە كە تەنها دەیەوێت هێزەكانیان بگەڕێنەوە بۆ وڵات.

ئاوێنە: سەرلەبەیانی رۆژی دوشەممە، ئەمریكا دەستی كرد بە كشاندنەوەی هێزەكانی لەسەر هێڵی سنوری لەگەڵ توركیا لە باكوری سوریا، ئەوەش دوای ئەوەی كۆشكی سپی شەوی یەكشەممە رایگەیاندبو، توركیا دەست بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەناوچەكە دەكات و هێزەكانی ئەمریكا لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەكەدا نین و بەشداری تێدا ناكەن و لە ناوچەكەش دەكشێنەوە.

درەنگانی ئەمشەو(دوشەممە)، دۆناڵد ترەمپ لەپەراوێزی ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی بازرگانی لەگەڵ ژاپۆن، دوپاتیكردەوە كە وڵاتەكەی پۆلیسی ناوچەكە نییەو جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەو هەڵبژێردراوە تا هێزەكانی وڵاتەكەی لە "جەنگە بێهودەكان" بكشێنێتەوە.

سەرۆكی ئەمریكا دیسان هێمای بۆ ئەوەش كرد كە ئامانجی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریا "لەسەرەتاوە ئامانجێكی كورت ماوە بوە" و وتیشی"زیاتر لە دو ملیار دۆلارمان لە شەڕی دژ بە داعش خەرج كرد...دۆخی باكوری سوریا ناگۆڕدرێت ئەگەر هێزەكانمان لەوێ بهێڵینەوە."

ئەوەشی خستەڕو"بە 'ئەردۆغان'م وت؛ رێگەنەدەن یەك سەربازی ئەمریكی بریندار ببێت، ئەگەر نا كێشەی گەورەی لێدەكەوێتەوە."

بڕیارە لەناكاوەكەی ترەمپ بۆ كشانەوە لە باكوری سوریا رەخنەی بەرفراوانی لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەمریكا بەدوای خۆیدا هێنا تەنانەت بەشێك لەرەخنەكان لەنێو پارتەكەی خۆیەوە پارتی كۆمارییەكانەوە بون.

شارەزایانی ئەمریكا لە ناوچەكەو بەرپرسانی پێشوی ئەمریكا پێیان وایە بڕیارەكەی ترەمپ، وەرچەرخانێكی بەرچاوە لە سیاسەتی واشنتۆنداو دەستبەرداربونی ئاشكرایە لە شەڕڤانانی كورد كە هاوبەشی سەرەكی ئەمریكا بون لەشەڕی دژبە داعش لەناوچەكە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×