سیناتۆری دیموکراتەکانی ئەمەریکا، ئێد مارکی ئاماژە بەوە دەکات ڕەوانەکردنی سەربازانی ئەمەریکی بۆ بەرگریکردن لەنەوتی سعودیە لوتکەی دووڕووییو کارەساتە، ئەو دەڵێت "سعودیە پارە دەدات بەڵام کورد ژیانی بەخت دەکات".
ئاوێنە: بەپێی هەواڵی دەنگی ئەمەریکا، ئێد مارکی رایگەیاندوە "لەتورکیاوە بۆ ئێران و یەمەن، سیاسەتەکانی سەرۆک دانۆڵد ترامپ نەئەخلاقیەو نەستراتیژییشە. سەرۆک ترامپ پشتیوانی لە وڵاتێکی وەکو سعودیەی ئۆتۆکراتی دەوڵەمەند بە نەوت دەکات کە پێی وایە ( پارەی کاش دەدات ) لەکاتێکدا ناپاکی لەگەڵ هاوبەشە کوردەکانمان دەکات کە ژیانی خۆیان بەخت کرد لە شەڕیاندا دژی ڕێکخراوی داعش."
راشیگەیاندوە "بڕیارەکانی سەرۆک ترامپ ئەمەریکای خستۆتە لێواری جەنگەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێستا کە هیچ پێویست ناکات، ئەمەریکا سەربازی زیاتر لەوەی کە هەیە ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات بۆ ململانێیەکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر نەوت، لەسەر حسابی خەڵکی ئەمەریکا، ئەمەش مەترسی دەخاتە سەر ژیانی سەرباز و وڵاتەکەمان. ئێستا کاتی ئەوەیە شەڕمان لەسەر نەوت و وزە ڕابگرین کە ئاسایشی نیشتیمانیمان دەخاتە مەترسییەوە و شەڕ بکەین لە پێناو ڕێکەوتنێکی نوێی سەوز و داهاتووییەکی پاکی وزەدا."
ئەمە لەکاتێکدایە چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی ترامپ هێزەکانی لەباکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کشاندەوەو کوردەکانی بە تەنها بەجێهێشت، ڕاگەیاندنەکان دەڵێن وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا نزیکەی 1500 سەربازی دیکە و سێ سیستمی بەرگری موشەکی و دوو فڕۆکەی شەڕکەر ڕەوانەی سعودیە دەکەن.
لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا 14 هەزار سەربازی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، ئەمەریکا دەڵێت بوونی سەربازیی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێناو بەرپەرچدانەوەی دوژمنکارییەکانی ئێرانە لە ناوچەکەدا و هەروەها بەهۆی ئەو هێرشانەوەیە کە لە مانگی رابردودا کرانە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە.