هۆشیار زێباری: توركیا پاكتاوی رەگەزیی دژ بەشەڕڤانانی كورد ئەنجامدەدات
  2019-10-15       2068       
هۆشیار زێباری
هۆشیار زێباری جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هێرشه‌كه‌ی‌ سوپای‌ توركیا بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای‌ كوردستان به‌مه‌به‌ستی‌ پاكتاوی رەگەزییه‌ دژ بەشەڕڤانانی كورد.

ئاوێنه‌: لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ سكای نیوزی عەرەبی، هۆشیار زێباری، وەزیری دەرەوەی پێشوی عێراق‌و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، هێرشه‌كه‌ی‌ سوپای‌ توركیا بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای‌ كوردستان-باكوری‌ سوریا- به‌مه‌به‌ستی‌ پاكتاوی رەگەزییه‌ دژ بەشەڕڤانانی كورد.

وتیشی‌، هێرشه‌كه‌ گەشەسەندنێكی مەترسیدارە نەك تەنها لەسەر سوریا، بەڵكو لەسەر تەواوی ناوچەكە، ئەو چالاكیانە پاكتاوی رەگەزین، كوشتنی هاونیشتیمانیە بێتاوانەكان لەدەرئەنجامی ئەو چالاكیانە كە بەبۆردومانی ئاسمانی‌و لەشكركێشی زەمینی ئەنجامدەدرێن.

زێباری له‌زاری‌ چالاكوانان‌و شارەزایانی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤه‌وه‌ گواستویه‌تییه‌وه‌ كه‌ هێزەكانی توركیا بەشێوەیەكی هەڕەمەكی شارو شارۆچكەو ناوچەكانی رۆژهەڵات‌و باكوری فورات بۆردومان ده‌كات كە ژیانی هەزاران هەزار هاوڵاتی سیڤیلی خستۆتە مەترسییەوە.

سەبارەت بەبڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا له‌رۆژئاوای‌ كوردستان، زێباری ده‌ڵێت، ئەو هەنگاوەی ئەمریكا ناویەتی  خیانه‌ته‌‌و بڕیارێكی شەرم هێنەرەو بۆشایی‌و ئاڵۆزییەكی زۆر بۆ ناوچەكە دروستدەكات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×