جێگری سەرۆكی ئەمەریكا گەیشتە توركیا
  2019-10-17       952       

ئەمڕۆ پێنجشەم مایك پێنس, جێگری سەرۆكی ئەمەریكا گەیشتە توركیا وەك هەوڵێك بۆ سەپاندنی ئاگربەست بەسەر ئەردۆغان  و وەستاندنی هێرشەكەی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان.

ئاوێنه‌: ئەمە و پێتریش مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا گەیشتبووە ئەنكەرە و چاوەڕوان دەكرێت دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ پێنس چاویان بە ئەردۆغان بكەوێت، ئەوەش دوای په‌یوەندی تەلەفۆنی نێوان ترەمپ و ئەردۆغان كە تیایادا ترەمپ داوای وەستاندنی هێرشەكەی لە سووریا كردووە و ئەردۆغانیش رەتی كردووەتەوە. 

سه‌ردانی پێنس و پۆمپیۆ بۆ ئەنكەرە دوای رۆژێك دێت لە هەڕەشەكانی ترەمپ بە سەپاندنی سزا بەسەر توركیا ئەگەر گفتوگۆكانی ئەمەریكا و توركیا لەبارەی ئۆپراسیۆنەكەی توركیا لە سووریا بەباشی بەڕێوە نەچێت. پێنس و ئەردۆغان دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆ دەبنەوە و پۆمپیۆش گفتوگۆ لەگەڵ هاوتاكەی دەكات.

شایانی باسە لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر خاکی رۆژئاوای كوردستان و بۆردومانی ناوچە کوردنشینەکانی باکووری سووریا بە تۆپخانە و فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک بەردەوامە و ئەو سوپایە بە پاڵپشتیی میلیشیا توندڕەوەکانی سوپای ئازاد هەوڵ دەدات لە ناوچەی سەرێکانییەوە پێشڕەویی زەمینی ئەنجام بدات و زانیاری و هەواڵی دژبەیەکی فراوان لەو بارەیەوە بڵاو بۆتەوە بەڵام لە ئەنجامدا وا دەردەکەوێت تا ئەم کاتەش سوپای ئازاد و گرووپی توندڕەوی سەربەو سوپایە نەیانتوانیوە دزە بکەنە نێۆ شارەکان و بەرخۆدانی هێزە کوردییەکان لە چەندین میحوەرەوە بەردەوامە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×