لیندسی گراهام: ئەمریكا وەك هاوپەیمانی كورد لە سوریا دەمێنێتەوە
  2019-10-20       3850       

لیندسی گراهام، سیناتۆری كۆمارییەكانی ئەمریكا، گەشبینی خۆی نیشاندا بەرامبەر بەوەی وڵاتەكەی بتوانێت چارەسەرێكی مێژویی بۆ كێشەی سوریا بهێنێتە دی. دەشڵێت، ناوچەیەكی داماڵراو لەچەك لەنێوان كوردەكان و توركیادا دروست دەكرێت كە هێزی نێودەوڵەتی بەڕێوەی دەبات و ئاشكراشیدەكات كە سەرقاڵی دانانی پلانێكن بۆ كاری هاوبەش لە هەسەدە بۆ نۆژەنكردنەوەی كێڵگە نەوتییەكان.

ئاوێنە: لیندسی گراهام، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "فۆكس نیوز"ی ئەمریكی رایگەیاند، ئەو دژایەتی داگیركاریی توركیای كردوە نەك دۆناڵد ترەمپ.

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە گەشبینەوە بەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكان بتوانێت چارەسەرێكی مێژویی لەسوریا بهێنێتەدێ كە ماوەیەكی دورودرێژە لێی دەگەڕێت ئەگەر واشنتۆن كارتەكانی بەشێوەیەكی راست بەكاربهێنێت.

گراهام ئاشكراشیكرد كە ترەمپ لەبارەی ئامانجەكانی ئەمریكاوە لە سوریا، پێی وتوە، كە ئامانجیان دروستكردنی ناوچەیەكی داماڵراوە لەچەك لەنێوان توركیاو كوردەكان و وتیشی"كوردەكان ئەو هاوپەیمانانەمانن كە لە تێكشكاندنی داعشدا هاوكارمان بون، زیاد لە 10 هەزار شەڕڤانیان شەهید بوە ئێمە تەنها هەشت سەربازمان لەدەست داوە، هەروەها توركیای هاوپەیمانیشمان لەناتۆ لەو هێزە كوردیانە كە بە تیرۆریستیان دەزانن دەپارێزین."

جەختیشی كردەوە كە ئەو ناوچە داماڵراوە لەچەك لەلایەن هێزی نێودەوڵەتییەوە نەك ئەمریكییەوە كۆنترۆڵ دەكرێت، بەڵام واشنتۆن ئاسمانەكەی دەپارێزێت.

وتیشی"سەرۆك ترامپ ئەوەی كوردەكان كردویانە بەرزدەنرخێنێت و پێی وایە پێویستە دەستكەوتی تێكشكاندنی داعش بپارێزرێت. پێموایە ئێمە وەك هاوپەیمانی كوردەكان لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا دەمێنینەوە، بۆ ئەوەی جارێكی تر داعش سەرهەڵنەداتەوە لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیماندا، ئەمەش ئەو شتەیە كە ئێمە قەرزاری كوردەكانین."

هێمای بۆ ئەوەش كرد"ترەمپ بیر لەوە دەكاتەوە كە ئێمە هەر بەوەوە ناوەستین رێگە نەدەین ئێرانییەكان و حكومەتی سوریا دەست بەسەر بیرە نەوتەكاندا بگرن، بەڵكو  خەریكی دانانی پلانێكی كاری هاوبەشین لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات بۆ نۆژەنكردنەوەی كێڵگە نەوتییەكان و زامنكردنی ئەوەی كە داهاتەكەی بۆ كوردەكان بێت نەك بۆ رژێمی سوریا یاخود ئێرانییەكان."

وتیشی"دەتوانین لەڕێگەی ژمارەیەكی كەم سەربازەوە ئامانجەكانمان بپێكین و دەستكەوتی تێكشكاندنی داعش بپارێزین، هێشتاش پێموایە ئەگەر دەستبەرداری هاوپەیمانە كوردەكانمان ببین ئەوە داعش سەرلەنوێ دەگەڕێتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×