ئەرێ بەڕاست “گراند میلینیوم” رەمزی مێژویی شارە؟!
  2019-10-26       4119       

کەریم محەمەد

 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەمو پارێزگاکانی عێراقی سەرپشک کردوە هەر یەکەو رەمزێکی دیرۆکی خۆیان دیاری بکەن بۆ ئەوەی لەسەر لاپەڕەیەکی پاسپۆرتی عیراق بنەخشێنرێت، پارێزگاری سلێمانی‌و بەشێک لەئەنجومەنەکەی "هوتێل گراند میلینیوم - شاری جوان"یان وەک رەمزی مێژویی شار دیاریکردوە!

بەر لەهەر شتێک پێویستە بوترێت کە دەوڵەمەندیی هیچ کۆمەڵگەیەک تەنها بەژمارەی بینای بەرزو مۆڵەکانی دیاریناکرێت، بەڵکو دەوڵەمەندیی راستەقینەی لەوەدایە لەبەها مرۆییەکاندا باڵادەست‌و دەوڵەمەند بێت، زۆربەی هەرە زۆریی کۆمەڵگە زیندوو خاوەن کلتورە بەهێزەکانی ئەم جیهانەش لەو پێناوەدا کۆشش‌و هەوڵ ئەدەن.

لەم روانگەیەوە دەکرێ بپرسین بەکام پێوەر "هوتێل گراند میلینیوم - شاری جوان" وەک دیارترین رەمزیی مێژویی شار (وەک دەڵێن) لەلایەن پاریزگارو ئەنجومەنەکەیەوە دیاریکراوە؟!

ئایا هۆتێلێکی پێنج ئەستێرەی گرانبەها کە زۆربەی دانیشتوانی شار لەهەمو تەمەنیاندا جارێک سەری پیاناکەن‌و نایبینن، گرنگترە یاخود سەرای سلێمانی کە دەیان سالە لەیادەوەری نەوە بەنەوەی ئەم شارەدا بەزیندوییەتی ماوەتەوە؟ ئایا "هوتێل گراند میلینیوم" شایستەیە ببێت بەسیماو رەمزی مێژویی شار یاخود سەرا؟

ئایا شاری سلیمانییەک کە دەیان ساڵە سەدان کاراکتەریی مێژویی لەبواری ئەدەب‌و هونەردا بەرهەمهێناوەو ناویان تا هەتا هەتایە لەیادەواریی کوردا گەش گەش دەدرەوشێتەوە شایستەی ئەوە نەبون پارێزگاری سلێمانی‌و ئەنجومەنەکەی وەک رەمزی مێژویی ئاماژەیان پێبکات‌؟!

جێی پرسیارو حەپەسانە بۆچی "هوتێل گراند میلینیوم"ی سەرمایەدارێکی ناودار کە هوتێلەکەی تەنها چەند ساڵێکی کەمە دروستکراوەو بۆ قازانجی تایبەتی خۆی بەکاریدەهێنێت‌و قابیلی بەراورد کردن نییە بەبورجی ئیڤڵ‌و بیگ بین‌و جەندین ئاسەواریی مێژویی وڵاتان کە چەند سەدەیەکە هەن‌و موڵکی گشتیشن نەک تایبەت، دەکرێت بەرەمزی ناسینەوەی شارێک، کە چەندین بینای بەرزی هاوشێوە لەسلێمانی‌و هەریمی کوردستانیشدا هەن؟! 

ئەگەر مەبەستی پارێزگارو ئەنجومەنەکە تەنها مجامەلەی ئەم سەرمایەدارە گەورەیە نییە، ئەوا شاخی گۆیژە ئاڵای کوردستانی پێوەیەو لێی نوسراوە سلێمانی، بۆ وەک رەمزی شار دیاریناکات، کە ئەو بنارە دەیان سرودو شیعری ناسکی بۆ وتراوەو زۆربەی خەڵکی شار یادەوەرییان لەگەڵ هەیە؟ ئایا بناری گۆیژە لەئوتێلێک جوانتر نییە کە تەنها لەسەدا یەکی ئەهلی ئەم شارە نەتوانن ئەودیو دەرگاکەی ببینن نەک شەوێکی تیا ڕۆژ بکەنەوە؟!  

ئەگەر مەبەست لەبەهایەکی مرۆیی‌و سومبولێکی سلێمانیش بێت ئەوا سدارەکەی پیرەمێرد هەزار هوتێل ئەهێنێت. بینای سەرای سلێمانی جگە لەوەی لەگەڵ مێژوی ئەم شارەدا ژیاوەو ئەژی هەلگری مێژویەکی تەواو پڕ شکۆ بوە بۆ شار هەر لە بۆردومانی ئینگلیزەوە  بگرە تا شەشی ڕەشی ئەیلولی ١٩٣٠و نۆی حوزەیران‌و حەڤدەی شوبات‌و چەندین مێژوی بەرگری قارەمانانەی سلێمانی کە کەس ناتوانێت نکولی لێ بکات.


ئەگەر لەکۆنتریش بڕوانین ئەوا پەیکەرەکەی نەرامسین لەدەربەند گەورەی قەرەداغ شاهیدی مێژوە، یاخود بەنداوەکان کە هەمو حکومەتە کانی عێراق دانیان پێداناوەو لە سەر پارەی عێراقی چاپیان کردوە، بەم پارەیەی ئێستاشەوە.

بەڵام پێدەچێت لای پارێزگاری سلێمانی‌و ئەنجومەنەکە هەمو ئەمانە پولێکی قەڵب نەکەن، ئەوان تازە بڕیاریان داوەو هەر بەڕاست “گراند میلینیوم”یان بەلاوە رەمزی دیرۆکی‌و مێژویی شارە، لەبەرئەوەی هی کاک "فاروقی مەلا مستەفایە"!


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×