ئا: مەزهەر کەریم
هاوڵاتیانو نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بۆچوونی جیاوازییان هەیە سەبارەت بەدەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ژنانو گەنجان، بەشێکیان دەڵێن "کابینەی نۆیەم کاری گەورەی کردووە بۆ ژنانهو گەنجان"، بەشێکی دیکەشیان دەڵێن "هیچی نەکردووە".
"کابینەی بەگرێبەست گەنجانو ژنانی دامەزراندووە"
ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە کابینەی نۆهەم، کابینەی چاکسازیی بووەو خزمەتی بەژنانو گەنجان کردەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "کابینەی نۆیەم خاوەنی پڕۆژەی چاکسازیی بووە، کە لەپرۆژەکەدا ھەلیکار بۆ گەنجانو ژنان لەکەرتی تایبەتدا رەخساوە، چەندین ھەلیکاریش بۆ گەنجان رەخساوە بەپێی توانای کابینەی نۆیەم، ھەرچەندە پلەی وەزیفی لەپشکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ماوەی پانزە ساڵە لەلایەن بەغداوە بردراوە وەک دامەزراندنی حکومی، بەڵام حکومەتی ھەرێم بەگرێبەست گەنجانو ژنانی دامەزراندووە لەپارێزگاکان بەبێ جیاوازی، وەک دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بەگرێبەست".
وتیشی "کابینەی نۆیەم چەند پرۆژەی لەشوێنە جیاجیاکانی ھەرێم کردووە بۆ ئەوەی ھەلیکار بۆ گەنجانو ژنان بڕەخسێنێت، وەک ئەوەی ھەوڵدراوە پارەی پارالێڵ کەمبکرێتەوە بۆ گەنجان، لەبواری سیاسیدا دەرفەت بەژنان دراوە بێنە پێشەوە کاری خۆیان بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین پرۆژە کە لەھەڵەبجەو راپەڕین ھەبوون تەواو کراونو خزمەتی بەژنانو گەنجان کردووەو چەندین خزمەتکاریی دیکەش ماوە کە لەکابینەی داھاتوودا کاری لەسەر دکرێت بۆ گەنجان و ژنان".
"کابینەی نۆیەم یەک پرۆژەی بۆ ژنانو گەنجان نەبووە"
سەلما فەتاح، ئەندامی لیژنەی داکۆکیکردن لەمافی ژنان لەخولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کابینەی نۆیەم ھیچ دەرفەتی کاری گەنجان نەڕەخساندووە، ئەو بەئاوێنەی وت "لەپەرلەمانی کوردستان چەندین راپۆرتیان ئامادەکردبوو سەبارەت بەمەسەلەی کۆچی گەنجانو بێکاریو رێکخستنی ئەو خاڵانەی تایبەتمەندن بەبواری پێدانی دەرفەتی کارو سوودوەرگرتن لەکرێکاری خۆماڵی لەبری هێنانی کرێکاری بیانی، ەڵام ئەمە جێبەجێ نەکراوە بەداخەوە".
وتیشی "ئێمە ھەمواری قەرزی بچوکمان کردو پێشکەشی پەرلەمانو حکومەتمان کرد، بەڵام بەبیانوی کێشەی دارایی جێبەجێی نەکراو پڕۆژە یاساکەمان رەتکرایەوە".
هەروەها رێزان شێخ دلێر، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقو چالاکەوانی مافەکانی ژنان لەبارەی ئەوەی کابینەی نۆیەم چی کردووە بۆ ژنانو گەنجان، بەئاوێنەی وت "کابینەی نۆیەم تەمەنی زیاترە لەپێنج ساڵ، بەڵام یەک پرۆژەشی بۆ ژنانو گەنجان نیە، تەنھا ئەوە نەبێت جێگری سەرۆکی حکومەت کە لەپشکی یەکێتیە، چەند بۆردێکی بۆ گەنجان دروستکردووە یان چەند کۆنفرانسیک بۆ ئەوەی گەنجان چۆن بتوانن خۆیان کاری خۆیانیان ھەبێت، بەڵام نازانین ئەمە بەرنامەو پرۆژەی حکومی بووە یان نا، چونکە ھەمان پرۆژەو بەرنامەیەکی وەھامان نەبینیوە لەھەولێرو دھۆک یان ھەڵەبجە".
وتیشی "بۆردێکی تایبەت بەخزمەتی گەنجانو ژنان نابینرێت لەکابینەی نۆیەمدا، بەڵام بەپێچەوانەوە لەحیزبەکاندا ئەمە دەبینرێت، چەند گەنج خوێندنی تەواو کردووە ھەلیکاری لەلایەن حکومەتەوە بۆ رەخساوە؟ یان چەند کارگە لەبەشی حکومی کراوەتەوەو هەلیکاری بۆ گەنجانو ژنان رەخساندووە؟ بێگومان بوونی نیە، تەنیا ئەوە ھەیە لەکەرتی حکومیدا کە گەنجێک ببێتە پێشمەگە یان ئاسایش، کە رەنگە زۆربەی گەنجان حەزی لەو کارەی نەبێت، بەناچاری بیکات تا بێکار نەبێت".
"لەبواری سەربازییدا دامەزراندن تەنها بۆ دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە بووە"
عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری بەئاوێنەی وت "کابینەی نۆیەم ھچی نەکردووە بۆ گەنجان، ئەوەی لەبیری حکومەتدا نەبووبێت کارو دەرفەتی کار بووە بۆ گەنجان، حکومەت لەماوەیەدا ئەو رێژە دامەزراندنانەی کردوویانە تەنها لەبواری سەربازیدابووە، ئەوەش لەرێگەی تایبەتو لەرێگەی ھەردوو حیزبی دەسەڵاتەوە بووەو بەپێی شایستەو تواناو شارەزایی خۆیان دانەمەزراون".
هەروەها ھیوا عەبدوڵا، سکرتێری قوتابیانی یەکگرتوو، بەئاوێنەی وت "کابینەی نۆیەم نەیتوانی کچانو کوڕانی ئەم وڵاتە دڵخۆش بکات بەپێدانی پێشینەی ھاوسەرگیری، دەتوانم بڵێم زۆرترین رێژەی جیابوونەوە لەماوەی ئەم کابینەدا بووە، زۆرترین رێژەی بێکاری گەنجان لەسەردەمی ئەم کابینەیەدا بووە، نەبوونی پرۆژەی ستراتیژی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو خەمە، ئەوەندەی تر برینەکان قوڵتر دەکاتەوە".
وتیشی "بێ هیوا کردنی قوتابیان لەزانکۆ لەپێدانی دەرماڵەو کەمی دەرفەتی دامەزراندن لەکەرتە خزمەتگوزارییەکان، خەمی ڕاستەقینەی لاوانە، ئەم کابینەیە نەیتوانی لەئاستی خواستی گەنجاندا بێت".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات