ئا: محەمەد هاوژین
بیتکۆین لەبازاڕەکانی دراودا نرخی گەیشتە زیاتر لە ١٠٠ هەزار دۆلار (١٠ دەفتەر)، بازرگانێکی دراو دەڵێت "قەدەغەکردنی دراوە دیجیتاڵییەکان لەعێراقو کوردستان مەحاڵە، لەبەرئەوەی دراوێکی دیجیتاڵییەو کڕیارانی رۆژ لەدوای رۆژ روو لەزیادبوونن".
شادمان، گەنجێکی تەمەن ٣٤ ساڵەو خەریکی کڕینی نوێترین دراوی دیجیتاڵییە، کە بەناوی "ترەمپ"ی سەرۆکی ئەمەریکاوە ناونراوە، ئەو بەئاوێنەی وت "بایی ٦ دەفتەرم كڕی کاتێک نرخی بە ٦٠ دۆلار بوو، بەڵام ئێستا هاتوەتە سەر ٩ دۆلار لەبازاڕداو ٥ دەفتەرم زەرەرە".
وتیشی "خەڵک دەناسم چەند ساڵێک لەمەوبەر ئوتومبێلو خانوویان فرۆشتو بتکوینیان کڕی ئێستا کرێچین، هەشە قازانجی لێکردووەو پارەیەکی زۆری لێدەستکەوتووە، ئەم دراوانە هەڵبەزو دابەزیان زۆرەو وەک قومارە، گەر وریا نەبیت دەدۆڕێیتو تیا دەچیت".
هەڵکشانو داکشانی نرخی بتكۆین، كە بەپێشەنگی دراوە دیجیتالییەكان "cryptocurrency" دادەنرێت، چەند ساڵێکە سەرنجی خەڵكێكی زۆری بەرەو ئەم جۆرە دراوانە راكێشاوە، بازرگانێكی دراوە دیجیتاڵییەكان دەڵێت "لەكوردستان مامەڵە بەزیاتر لە ٣٠ دراوی دیجیتالییەوە دەكرێت".
سەروەر ئەحمەد "ناوێکی خوازراوە"، نزیكەی ١٠ ساڵە مامەڵە بەدراوی دیجیتالییەوە دەكاتو چەندین كەس لەڕێگەی ئەمەوە بەدراوە دیجیتالییەكان ئاشنا بوونو ئێستا كڕینو فرۆشی پێوە دەكەن، ئەو بەئاوێنەی وت "نزیكەی ١٠ هەزار دراوی دیجیتالی هەن كە لەجیهاندا مامەڵەیان پێوە دەكرێ، ئەم دراوانە لەسایتێكی ئەلكترۆنیدا www.coinmarketcap.com هەموویان تۆمار كراون، بەڵام لەكوردستان مامەڵە زیاتر بە٣٠ جۆرە دراوی دیجیتاڵییەوە دەكرێت كە دیارترینیان بتكۆینەو بەپلەی یەكەم دێت".
وتیشی "چەندین دراوی تریش هەن كە خەڵك بەشێوەیەكی هەڕەمەكی مامەڵەیان پێوە دەكەن، وەك ئێكس ئار پیو ئیسیریەم و کاردانۆو پایو دۆجکۆین، لایت کۆینو ستێڵەر، ئەمە بەشێكی بەهێزن لەو كۆینانەی لەكوردستان مامەڵەیان پێوە دەكرێت".
ئەم بازرگانە ئاماژە بەوە دەكات بۆ ئەوەی كەسێك بتوانێت دراوێكی دیجیتالی بكڕێت پێویستە دراوێکی دیجیتاڵی جێگری وەک "USDt"ی هەبێت، كە دراوێكی جێگیرەو هەر تۆکنێکی USDt بەرامبەرە بەیەک دۆلارو قابیلی بەرز بونەوە نییە، ئەو وتی "رۆژانە بەلانیكەم زیاتر لەملیۆنێک دۆلار كڕینو فرۆشتن بەدراوی دیجیتالییەوە دەكرێت لەكوردستان، بتكۆین متمانەی زیاترەو پێیدەڵێن دایكی هەموو دراوە دیجتالیەیكان، لەبەرئەوە زیاتر مامەڵەی پێوە دەكرێو بەشێوەیەكی گشتی زیاتر لەبەرزبونەوەدایەو نرخەکەی ئێستا زیاتر لە ١٠ دەفتەر دۆلارەو پێشبینی ئەوە دەكرێ نرخەكەی زۆر زیاتر بەرزبێتەوە، نرخەکەی زیاتر پەیوەستە بەنرخی دۆلارو زێڕەوە".
سەروەر ئاماژە بەوە دەكات كە لەساڵی رابردوودا ئاڕاستەی نرخی بتکوین بەردەوام لەبەرزبوونەوەدا بووەو کەمتر خەڵکی زیانیان لێکردووە، ئەو وتی "کڕیارانی دراوە دیجیتاڵییەکان لەهەرێمی کوردستان بەرەو زیادبوون دەچن، خەڵکی دەتوانن بەڕێژەی سەدیش بیکڕن، واتە لەسەد بەش بەشێکیش بکڕێت کە بەنرخی ئێستای بتکۆینێ لەسەدا یەکی دەکاتە ١٠٠٠ دۆلار".
وتیشی "بازاڕی دراوە دیجیتالییەكان، بازاڕێكی راستەقینەی مامەڵەكردنە بەدراوەوە وەكو هەموو بازاڕەكانی دیكە قازانجو زیانی خۆی هەیە، سەرباری ئەوەی زۆرجار باس لەوە دەكرێت كە مامەڵە كردن بەمجۆرە دراوانە جۆرێكە لەریسك كردن، بەڵام پێویستە لەم سەردەمی پێشكەوتنی تەكنەلۆجیایەدا كوردیش هەوڵبدات پشكی بەربكەوێو هاندانێك هەبێت بۆ ئەوەی خەڵك بەشارەزاییەوە لەم بازاڕەدا كار بكەن".
ئاماژە بەوەش دەکات کە بڕیاری حکومەتەکانی عێراقو کوردستان سەبارەت بەقەدەغەکردنی مامەمەڵە کردن بەدراوە دیجیتاڵییەکان، بڕیاڕێکی نادروستو بێسوودە، ئەو وتی "مامەڵەکردن بەم جۆرە دراوانە، پێویستی بەڕەزامەندی حکومەت نییە، چونکە دوکانو ئۆفیسیک نیە تا قفڵێکی لێبدرێتو دایبخەن، نەدراوێکی کاشو کاغەزییە دەستی بەسەردا بگرن، قەدەغەکردنی مەحاڵەو پێویستە حکومەت بەیاسا ئەم مامڵە کردنە رێکیبخات بۆ ئەوەی هەموو کەسێک مافی پارێزراو بێتو کەس گزیو فێڵی لێنەکرێت".
پسپۆڕانی بواری داراییو ئابوری رای جیاوازییان هەیە سەبارەت بەدراوی ئەلکترۆنی کە تەواو پێچەوانەی دراوی ئاساییە.
کاروان بەکر، ئابوریناس ئاماژە بەوە دەکات کە بەشێک لەپسپۆڕانی بواری دارایی پێیانوایە داهاتوو بۆ دراوی ئەلیکترۆنی دەبێتو دراوی ئەلیکترۆنی جێگە بەدراوی ئاسایی لەق دەکات، ئەو وتی "رۆژ لەدوای ڕۆژ بەکارهێنەرانی ئەم دراوانە زیاتر دەبن، بەتایبەتی کە ئێستا بەشێک لەکۆمپانیا گەورەکانی جیهان مامەڵە بەمجۆرە دراوانە دەکەنو زۆربەی وڵاتانی جیهانیش هەوڵدەدەن دراوی ئەلکترۆنی تایبەت بەخۆیان هەبێت، ئەم بەشە لەپسپۆڕانی بواری دارایی پێیانوایە لەسیستەمی ئابوری نوێی جیهانیدا، دراوی کاغەز باوی نامێنیتو دراوە دیجیتالییەکان شوێنیان دەگرنەوە".
وتیشی "لەبەرمبەریشدا، بەشێکی دیکە لەپسپۆڕانی بواری دارایی هۆشداریی دەدەن لەکڕینو فرۆشتنی دراوە دیجیتاڵییەکان کە لەلایەن بانکی ناوەندی وڵاتانەوە پاڵپشتی ناکرێنو ئەم دراوە دیجیتاڵیانە کە ئێستا مامەڵەیان پێوەدەکرێت، هیچ وڵاتێک خۆی بەخاوەنیان دانانێتو هەموو کاتێک ئەگەری داڕمانی نرخەکانیان لەئارادایەو هیچ گەرەنتییەک نیە کە بەمجۆرە بمێننەوە، ئەمە جگە لەوەی کە مەترسی ئەوەیە ئەم جۆرە دراوانە بۆ کاری نایاساییو قاچاغچێتی بەکاربهێنرێن".
ئەم ئابوریناسە ئاماژە بەوە دەكات كە لەهەرێمی کوردستان بەچەند شێوازێک مامەڵە بەدراوی دیجیتاڵی دەکرێت، لەڕێگەی کۆمپانیای تایبەتەوە یاخود لەڕێگەی کارتی بانکییەوە، ئەو وتی "پێشتر دەیان كۆمپانیا هاتونەتە كوردستانو پارەی خەڵكیان كۆكردوەتەوەو رۆشتونو خواردویانە، لەبەرئەوە ئەركی حکومەتو دامەزراوە بازرگانیەكانە كە خەڵك هوشیار بكەنەوە لەلایەنە باشو خراپەكانی دراوی دیجیتاڵیو چۆنیەتی مامەڵە پێوە كردنیان بەشێوەیەكی زانستیو دراوی راستی لەدراوو کۆمپانیای وەهمی جیابكەنەوە".
ساڵی ٢٠٠٨، كەسێك بەناوی "ساتوشی ناکامۆتۆ" یەکەم دراوی دیجیتاڵی دروستکرد كە بیتکۆین بوو، ئەوكات 10 هەزار بیتکۆین بەهەشت دۆلار بوو، بەڵام ئێستا بەهای یەك بیتكۆین زیاتر لە ١٠٠ هەزار دۆلارە. بیتكۆین وەك دراوێكی دیجیتالی، تەنیا كۆدو زانیاری ئەلكترۆنییەو هۆكاری سەركەوتنەكەشی دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئەوەی تاوەكو ئێستا كەس نەیتوانیوە سیستەمەكە هاك بكاتو بەئامێرێکی تایبەت پرۆسەی ماینینگ دەکرێت بۆ كڕینی دراوە دیجیتالییەكان.
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات