سەدر دەڵێت: حكومەت هەوڵدەدات حەشدی شەعبی روبەڕوی خۆپیشاندەران ببێتەوە
  2019-10-27       1064       

موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر حكومەتی عێراق تۆمەتبار دەكات بەوەی كە هەوڵی تێوەگلانی حەشدی شەعبی دەدات لە پێكدادان لەگەڵ خۆپیشاندەراندا و داواش لە حەشدی شەعبی دەكات پشتیوانی لە گەندەڵكاران نەكەن و خەڵك سەركوت نەكەن.

ئاوێنە: موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە پەیامێكدا رایگەیاند، ئەمڕۆ وردە وردە یەكخستنی هەوڵەكان بۆ لەناوبردنی ئەو گەندەڵییەی هەیە دەستی پێكردوە لە خۆپیشاندانەوە بیگرە تا گردبونەوەو دواتر مانگرتنی كەسی و گشتی و... سەركەوتنیش نزیكە.

سەدر هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە وێڕای هەندێك پێشێلكاری كە ئێمە خوازیاری نەبوین. بەڵام جوڵەی خەڵك "گەندەڵكارانی ترساندوە. بۆیە حكومەت هەوڵدەدات حەشدی شەعبی لە پێكدادان لەگەڵ گەلدا تێوەبگلێنێت."

لەگەڵ ئەوەش جەختی كردۆتەوە كە "چەكی حەشدی شەعبی هێشتا روی لە داعشەو روی ناكرێتە گەل و سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەكان تاكە لایەنی پەیوەندیدارن كە جڵەوی دۆخەكەیان لەدەستە بۆ بەرگریكردن لە گەل نەك لە گەندەڵەكار."

هەروەها وتوشیەتی"ئەی جەنگاوەرانی حەشدی شەعبی، سومعەتان لای من لە بونتان گرنگترە... پشتیوانی لەگەندەڵكاران نەكەن و گەل سەركوت نەكەن. دەبێت ئێوە بەرگری لە گەل بكەن."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×