بومەلەرزەیەك لەئێران گیان لەدەستدانی شەش كەسی لێ كەوتەوە
  2019-11-08       512       

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بومەلەرزەیەك بەگوڕی 5.9 پلە بە پێوەری رێختەر پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵاتی لە ئێران هەژاندو بەو هۆیەشەوە شەش كەس گیانیان لەدەست داو زیاتر لە 300 كەسیش بریندار بون.

ئاوێنە: بەپێی میدیا ئێرانییەكان ناوەندی بومەلەرزەكە شارۆچكەی "تەرك"ی سەر لە شاری "میانە" بوە لە پارێزگاكەو سەعات 1:47 خولەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ رویداوەو گوڕەكەی 5.9 پلە بوە بە پێوەری رێختەر.

لەئاكامی بومەلەرزەكەدا پێنح كەس لە گوندی "وەرنەكش" و كەسێكیش لەگوندی "وەرزەقان" گیانیان لەدەستداوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی قەیرانەكان لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات رایگەیاندوە كە ئەگەری بەرزبوەنەوەی ژمارەی قوربانییەكان هەیە.

هەروەها میدیا ئێرانییەكان ئاماژەیان بەوەداوە كە لە ئاكامی بومەلەرزەكە 345 كەس بریندار بون بەڵام تەنها 13 كەسیان لەنەخۆشخانە داخڵ كراون و ئەوانی دیكە سەرپێیی چارەسەركراون.

بەگوێرەی خەمڵاندنەكان تاوەكو ئێستا نزیكەی 30 یەكەی نیشتەجێبون لە گوندەكانی ناوچەكە بەهۆی بومەلەرزەكەوە روخاون.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×