گەنجێكی كورد لەمیانی گەڕانە هاوبەشەكەی توركیاو روسیادا شەهید كرا
  2019-11-08       790       

مستەفا بالی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ هەینی هێزەكانی توركیا لەمیانی گەڕانە هاوبەشەكەیاندا لەگەڵ هێزە روسییەكاندا لەناوچەی دێریك هاوڵاتییەكی كوردیان شەهید كردوەو 10ی دیكەشیان بریندار كردوە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ هەینی، سێیەم گەڕانی هاوبەشی هێزەكانی توركیاو روسیا لە ناوچەی نێوان قامیشلۆ و دێریك لە رۆژئاوای كوردستان دەستی پێكرد ئەوەش لەچوارچێوەی رێككەوتنەكەی نێوان مۆسكۆ و ئەنكەرەدا.

گەڕانە هاوبەشەكە لە "گوندی دێرنە ئاخێ"ی سەر بە ناوچەی "گرکێ لەیگێ" لەسنوری قامیشلۆ لەلایەن هاوڵاتیانی ناڕازییەوە بەردباران كرا.

مستەفا بالی لە تویتێكدا رایگەیاندوە، هێزەكانی توركیا بە گازی فرمێسكڕێژ لە دێریك هێرشیان كردۆتە سەر هاوڵاتیانی ناڕازی 10 كەسیان بریندار كردون.

وتوشیەتی، هەواڵمان هەیە كە زرێپۆشێكی توركیا هاوڵاتییەكی مەدەنی شێلاوە، دەستدرێژییەكانی توركیا بەبەرچاوی هێزەكانی روسیاوە بەردەوامن.

دواتر مستەفا بالی لە تویتێكدا دیكەدا ئاشكرایكردوە كە ئەو گەنجەی لەلایەن زرێپۆشە توركییەوە شێلراوە، ناوی سەرخۆبون عەلی-ەو گەنجێكی خەڵكی گوندی "تەل جەمال"ە و لەكاتی بەڕێوەچونی گەڕانە هاوبەشەكەی توركیاو روسیادا لەو كردەوەیەدا شەهید بوە.

وتوشیەتی"ئێمە روسیا بە بەرپرسیاری شەهیدبونی ئەو گەنجە دەزانین، كە بانگەشەی ئەوە دەكات ناوچەكە بەبێ هەسەدە و بە گەڕانە هاوبەشەكانەوە زیاتر ئارام دەبێت."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×