ئەردۆغان: تاوەکو سەربازی هەر وڵاتێک لە سووریا بمێنێت، ئێمەش چۆڵی ناکەین
  2019-11-09       1333       

سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵێت، تاوەکو سوپای وڵاتانی دیکە لە سووریادا هەبن، سوپای تورکیاش لەو وڵاتە ناکشێتەوە و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ش دەکات یەکپارچەیی سووریایان بەلاوە مەبەستە.

ئاوێنه‌: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک كۆماری تورکیا لەبارەی کشانەوەی تورکیا لە سووریا بە رۆژنامەڤانانی ڕاگەیاند، "ئێمە چۆڵی ناکەین پێش ئەوەی دوایین تیرۆریست ناوچەکە بەجێنەهێڵێت، دووەم شت، ئێمە ئەوێ چۆڵ ناکەین پێش ئەوەی وڵاتانی دیکە چۆڵی نەکەن، ئێمە یەکپارچەیی و سەروەری سووریامان بەلاوە مەبەستە و هیچکات نامانەوێت ئەو وڵاتە دابەش بێت".

سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر وڵاتانی دیکە دەڵێن پارێزگاری لە یەکپارچەیی سووریا دەکەن، ئەوا دەبێت بە کردار ئەوە بسەلمێنن.

سەرۆک کۆماری تورکیا، بانگه‌شه‌ی ئەوەشی کرد کە هەسەدە پابەندی رێککەوتنەکەی نێوان تورکیا و ئەمریکا و تورکیا و ڕووسیا نەبوون و وتیشی ئەوان  هێرش دەکەن "ئەگەر بچووکترین دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت".

بڕیارە لە 13ـی تشرینی دووەم سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی واشنتن بکات و ئاماژەی بەوە کرد، تەواوی ئەو پرسانە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێ دەکات.

ئەم وتانەی ئەردۆغان لەکاتێکدایە مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە توویتێکدا نووسیویەتی تورکیا بەردەوامە لە هێرش کردن و لە کاتی ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە 120 شەڕڤان گیانیان لە دەست داوە بەڵام لە بەرانبەردا هەسەدە پابەندی رێککەوتنەکە بووە، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی "خەڵکی خۆمان لە کوژران و ئاوارەبوون.

پرۆگرامە سەرکەوتووەکانی دژی تیرۆریستان و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانمان بۆ دڵنیابوونەوە لە تێکشکاندنی داعش دەستیان پێکردەوە و ئێستاش لەگەڵ هێزە ئەمریکییەکان بیرە نەوتەکان دەپارێزین".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×