سیستانی: تا ئەمڕۆ هیچ داخوازییەكی خۆپیشاندەران جێبەجێ نەكراوە
  2019-11-15       1010       

ئایەتوڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق داوا دەكات پەلەبكرێت لەدانانی یاساو كۆمسیۆنێكی نوێی هەڵبژاردندا كە بە جۆرێك بێت دەرفەت بدات بە گۆڕینی لایەنە حوكمڕانەكان. دەشڵێت، تا ئەمڕۆ هیچ داخوازییەكی خۆپیشاندەران جێبەجێ نەكراوە. جەختیش دەكاتەوە كە خۆپیشاندانەكانی ئەمجارەی عێراق كە شەڕی چاكسازین بێ پێشینەن و پاش خۆپیشاندانەكان وەك بەر لە خۆپیشاندانەكان نابێت. هۆشداریش دەدات سەبارەت بە دەستوەردانی دەرەكی.

ئاوێنە: ئەو وتانەی سیستانی ئەمڕۆ هەینی لەبەیاننامەیەكدا هاتن كە لەلایەن ئەحمەد سافی نوێنەرییەوە لە وتاری نوێژی هەینیدا لە كەربەلا خوێندرایەوە.

سیستانی لە پێنج خاڵدا، هەڵوێستی نوێی خۆی سەبارەت بە خۆپیشاندانەكان و دۆخی عێراق خستۆتەڕو كە لە خاڵی یەكەمدا جەختی لەسەر پشتیوانی لە خۆپیشاندانی ئاشتیانەو خاڵی لە هەر جۆرە توندوتیژییەك و ئیدانەی دەستدرێژیكردنە سەر خۆپیشاندەران و هەروەها دەستدرێژیركردنە سەر هێزە ئەمنییەكان و دامەزراوە حكومی و تایبەتەكان كردۆتەوە.

جەختیشی كردۆتەوە كە دەبێت ئەوانەی ئەو جۆرە توندوتیژیانەیان بەكارهێناوە بگیرێن و لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێـ بەپێی یاسا.

لە خاڵی دوەمدا، باسی لەوە كردوە كە حكومەت دەبێت شەرعیەت لەگەلەوە وەربگرێت نەك لەڕێی ستەمكارییەوەو ئیرادەی گەلیش لەدەنگدانی نهێنی و گشتیدا دەردەكەوێت ئەگەر بەشێوەیەكی دادپەروەرانەو بێگەرد بەڕێوەبچێت.

سیستانی پەلەكردنی لە دانانی یاسایەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنەكان بە پێویست زانیوە بەجۆرێك كە دەرفەتی راستەقینە بۆ گۆڕینی ئەو هێزانە بڕەخسێنێت كە لەماوەی ساڵانی رابردودا حوكمڕانی وڵاتیان كردوە ئەگەر گەل گۆڕینیانی بوێت.

وتوشیەتی"پەسەندكردنی یاسایەك كە ئەم دەرفەتە نەداتە دەنگدەران قبوڵكراو نییە."

جەختیشی كردۆتەوە كە دەبێت پەسەندكردنی یاساكە كۆمسیۆنێكی لێ بەرهەم بێت كە بەشێوەیەكی بێلایەنانەو پڕۆفیشناڵانە كە لای خەڵك قبوڵكراو بێت، سەرپەرشتی هەڵبژاردن بكات.

لە خاڵێكی دیكەدا مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق باسی لەوە كردوە كە وێڕای بەردەوامی ناڕەزایەتییەكان و داخوازییەكانی چاكسازی و رژانی خوێنی سەدان كەس و برینداربونی هەزارانی دیكە لەو رێگە بەشكۆیەدا، بەڵام تا ئێستا هیچ یەك لە داخوازییەكانی خۆپیشاندەران لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ نەكراون بەتایبەت لێپێچینەوە لە گەورە گەندەڵكان و گەڕاندنەوەی پارەی دزراو و هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازانی گەورەی توێژێكی دیاریكراو لەسەر حسابی تەواوی گەل و دوركەوتنەوە لە پشكپشكێنەو خزمخزمێنە لەوەگرتنی پلە تایبەتەكاندا، ئەوەش گومان لەسەر توانای یاخود جدییەتی هێزە سیاسییە فەرمانڕەواكان دروست دەكەن لە پەیوەست بە جێبەجێكردنی بچوكترین داخوازییەكانی خۆپیشاندەرانەوە.

لە خاڵی چوارەمدا سیستانی خۆپیشاندانەكانی عێراقی بە بێ پێشینە ناوبردوە لەڕوی داخوازییەكان و بەردەوامی و قوربانییەكانەوە و وتوشیەتی، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە خۆپیشاندەران هیچ رێگەیەكی دیكەیان شك نەبردوە بۆ دەربازبون لە گەندەڵی كەڵەكەبو.

جەختیشی كردۆتەوە كە هێزە فەرمانڕەواكان لە هەمو پێكهاتەكان رێكن لەسەر ئەوەی نیشتمان وەك دەستكەوتێك بۆ دابەشكردنی لەنێوان خۆیاندا سەیربكەن.

ئەوەشی خستۆتەڕ"ئەگەر ئەوانەی دەسەڵاتیان لەدەستە پێیانوایە كە دەتوانن خۆیان لە شایستەییەكانی چاكسازی راستەقینە بدزنەوە لەڕێگەی رێگریكردن و دەستی دەستی پێكردنەوە، ئەوا لە وەهمدا دەژین، هەرچۆنێك بێت قۆناغی دوای ئەم خۆپیشاندانانە وەك بەر لە خۆپیشاندانەكان نابێت. دەبێت ئاگایان لەمە بێت."

لە خاڵی پێنجەم و كۆتاییدا، سیستانی جەختی كردۆتەوە كە ئەو شەڕی چاكسازییەی گەلی عێراق دەستی پێكردوە، شەڕێكی نیشتمانییەو تەنها پەیوەندی بەخۆیەوە هەیەو رێگە نادرێت هیچ لایەنێكی دەرەكی دەستی تێوەربدات و بەرەو هیچ لایەكی دیكە ئاڕاستەی بكات و وتوشیەتی"دەستوەردانی دەرەكی لەبەرامبەردا نیشانەی مەترسی گەورەیەو وڵات دەكاتە گۆڕەپانی شەڕو تەسفیەی حساباتی نێوان هێزە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەكان و گەورەترین زەرەرمەندی ئەوەش گەلی عێراق دەبێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×