بابه‌كر زێباری: حكومه‌تی عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان
  2019-02-07       1116       

بابه‌كر زێباری، سوپاسالاری پێشوی عێراق رایگه‌یاند؛ هاوپه‌یمانان و حكومه‌تی عێراقی له‌و باوه‌ڕه‌دان پێویسته‌ پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان. جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان ناتوانن پارێزگاری له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان بكه‌ن.

ئاوێنه‌: بابه‌كر زێباری، كه‌ له‌ پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان سوپاسالاری عێراق بو، به‌ ماڵپه‌ڕی ره‌سمی حزبه‌كه‌ی راگه‌یاندوه‌ له‌ئێستادا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق له‌هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ رێككه‌وتنێك بۆئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ پێشمه‌رگه‌و هێزه‌ عێراقییه‌كان پێكه‌وه‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بپارێزن.

به‌پێی قسه‌ی زێباری جموجوڵه‌كانی داعش له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عێراق به‌هێز بون و چالاكیه‌كانیان به‌ئاشكرا ئه‌نجام ده‌ده‌ن و حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ عێراقییه‌كان ناتوانن پارێزگاری له‌ ناوچه‌كانی خۆیان بكه‌ن، ئیدی چۆن ده‌توانن پارێزگاری له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان بكه‌ن.

ئاشكراشیكردوه‌"هاوپه‌یمانان و حكومه‌تی عێراقی و هه‌موان له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌ پێویسته‌ پێشمه‌گه‌ر بگه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم چونكه‌ هه‌تا پێشمه‌رگه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌، ئاواره‌كانیش ناگه‌ڕێنه‌وه‌."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×